تاریخ: ۱۳۹۸/۵/۱
کۆڕی پەردەلادان لەسەر دوو کتێبی نوێی نووسەرێکی مەهابادی

بە پێی هەواڵی هاژە، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی پووشپەڕی 98ی هەتاوی به هیممه‌تی ئه‌نجومه‌نی دانیش ئارای ئه‌دەب، لە تالاری وەحدەتی مەهاباد بە بەشداری کۆمه‌ڵیکی بەرچاو له ئەدیبان و نووسەران پەردە لەسەر دوو کتێبی نوێی کامبیز ئیبڕاهیم‌زادە "زەردەشت موکریانی" لادرا.

لە سەرەتای کۆڕەکه خەشایار سەنعەتی وەک جێگری فەرمانداری مەهاباد ڕایگه‌یاند: فەرمانداری مەهاباد بە تەواوی هێزەوە پشتیوانی لە ئەنجومەن و ناوەنده ناحکومییه‌کان دەکات و هەر کات ئەوان لە گۆڕەپانەکانی فەرهەنگی و هونەری، ژینگە و کۆمەلایەتیدا چالاکی بنوێنن، فەرمانداریش لەگەڵ ئەوان هاوهەنگاو دەبێ و یارمەتیان دەدات.

کامبیز ئیبڕاهیم‌زادە لەسەر ئەو کتێبانەی کە ڕوونوێنی کران بە هەواڵنێری هاژەی گوت: کتێبی "فەرهەنگی حقووقی دادپەروەر / ئینگلیسی _ کوردی" لە یەک هەزار و ٤٤ لاپەڕە پێک‌هاتووە کە بە گشتی ٢٠ هەزار واژە و دەستەواژە لە خۆ دەگرێ.

ئیبڕاهیم‌زادە لەسەر کتێبەکەی دیکە ڕایگەیاند: کتێبی "ئۆپڕاسیۆنی ئەنفالی کوردستانی عێراق لە تەرازووی حقووقی نێودەوڵەتی‌دا" لە نووسینی دوکتور شایان سەیدئەحمەدی، لە زمانی فارسییه‌وە وەرمگێڕاوەته سەر زمانی کوردی کە ٣٢٣ لاپەڕە لەخۆ دەگرێ.

ناوبراو لەسەر شوێنی چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبانە ڕایگەیاند چاپ و بڵاوکردنەوەی هەر دوو کتێبەکە لە ئەستۆی بڵاوکراوەی زانکۆ لە بۆکان بووە.

زەردەشت موکریانی لە درێژەدا لەسەر کارەکانی داهاتووی گوتی: دوو کتێبی (کتاب کوردها / وەرگێڕان) و "فەرهەنگی مافی مرۆڤ ئینگلیسی _ کوردی" لە ژێر چاپ دان کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکه‌ونه بەر دیدی خوێنەران.

سەبارەت به کتێبی "فەرهەنگی حقووقی دادپەروەر / ئینگلیسی _ کوردی" ڕایگه‌یاند: بۆ دەوڵەمەندبوونی ئەو فەرهەنگە لە وشەکانی گشت زاراوەکانی کوردی کەڵکم وەرگرتووە، بەڵام بۆ تاقمێک لە وشەکان کە مەعنایەکی تایبەتم بۆیان نەدیتۆتەوە بۆخۆم شەن‌وکەوم و شرۆڤەم کردوون.

کەریم سۆفی مەولوودی وەک پێشکه‌‌شکاری به‌رنامه به وردی له‌سەر مێژووی ڕژێمی دڕندەی به‌عس دوا و وێڕای ئاماژه به ئامارەکان، ئه‌نفال و کیمیاباران و کاولکاری وەک تایبه‌تمه‌ندییە سەرەکییەکانی ئه‌م ڕژیمه پێناسە کرد.

دوکتور ئەسعەد ئەردەڵان لەو ڕێ‌وڕەسمەدا ڕایگەیاند: زۆر یەک لە وشەکانی حقووقی ناتواندرێ بە زمانی دایکی وەرگێڕدرێتەوە. هەر بۆیە دەبێ لە پێشدا تەوسیف بکرێن، دوایە وشەی بۆ ببیندرێتەوە.

هەروەها وتی: کاتێک لە زمانی فارسیدا نەتواندراوە مەعنایەک بۆ وشەیەکی ئینگلیسی بدۆزنەوە ئەوە هاتوون لە زمانی عەرەبی کەڵکیان وەرگرتووە و (برابر نهاد)یان بۆ داناوە. بەڵام کامبیز ئیبڕاهیم‌زادە لە فەرهەنگەکەی خۆیدا بۆ ئەو وشانە شرۆڤە و لێکدانەوەی کردووە کە ئەوە کارێکی بەپێزه.

دوکتور شایان سەیدئەحمەدی یەکێک لە وتاربێژانی کۆڕەکە لەپێشدا کورتە‌مێژوویەکی لەسەر هێرشی دڕندانەی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کوردستانی عێراق هێنایە بەرباس، دواتر لەسەر یاسا نێونەتەوەییەکان چەند خولەکێک دوا.

پرۆفیسۆر قاسم زەمانی دوایین وتاربێژی کۆڕەکە گوتی: کوشتن و بڕینی گەلی کورد تایبه‌ت به سەدەی بیستەم نییه، بەڵکوو لەسەدەی بیست‌ویه‌کیشدا شەڕ لەگەڵ داعش ئەو ڕاستییە بۆ گەلی کورد دەسەلمێنێت کە "کورد هەر لەسەر پێیە و قەت ناکەوێ".

ئەو مامۆستای زانکۆیە لەسەر زمانی دایکی گوتی: زمانی دایکی یەکەمین زمانێکە کە مرۆڤەکان لە بنەماڵەدا فێری دەبن و ژێرخانی سەرەکی سازەی فەرهەنگی به ئەژمار دێت. حەقی فێربوونی زمانی دایکی لەگەڵ ئازادی بەیان جیاوازە و دەبێ سەرنجی پێ بدرێت.

زەمانی لە کۆتاییدا وێڕای جەخت کردن لەسەر ڕێزدانان بۆ زمانی کەمینە نەتەوەکان گوتی: هەر وڵاتێک کە ڕێز لە زمانی کەمینە‌کان بگرێ، بە ئەرخەیانییەوە ئەمنییەتی زۆرتری دەبێت.

لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا پەردە له سەر دوو به‌رهه‌می "فەرهەنگی حقووقی دادپەروەر" و "ئۆپڕاسیۆنی ئەنفالی کوردستانی عێراق لە تەرازووی حقووقی نێودەوڵەتی‌دا" هەڵدرایه‌وە و لە لایان کامبیز ئیبڕاهیم‌زادە لە گشت ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک بۆ نووسین، پێداهاتنەوە و چاپی کتێبەکانییەوە ئه‌رکیان له ئه‌ستۆ بوو، ڕێز گیرا.