تاریخ: ۱۳۹۵/۸/۶
شاعیرێکی گه‌ورەی کورد کۆچی دوایی کرد
به پێی هه‌واڵی هاژه، ڕۆژی پێنج شەممه 6ی خەزەڵوەر شاعیری گه‌ورە و نه‌ته‌وەیی کورد خالید ئاغا حیسامی ناسراو به مامۆستا هێدی له شاری هه‌ولێری پایته‌ختی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کۆچی دوایی کرد.


خالید ئاغا حیسامی "هێدی" کوڕی حاجی محه‌ممه‌د ئاغا له ئێلی دێبۆکری ساڵی 1306ی هەتاوی له ئاوایی شێخاڵیی ناوچه‌ی موکریان و له نێوان مەهاباد و بۆکان، له دایک بووه و خوێندنی سەرەتایی هه‌ر له‌و ئاواییه ته‌واو کردووە. پاشان دوای هەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلوول ڕوو له باشووری کوردستان دەکات و دەبێته پیشمەرگەی ئه‌م شۆرشه، له سەر شێوازی کلاسیک شێعری هۆنیوەته‌وە و زۆربه‌ی شێعرەکانی له قالبی دیوانێکدا به ناوی کاروانی خەیاڵ له چاپ داوە.
ساڵی 1387ی هەتاوی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کۆنگرەیه‌کی گه‌ورەی به ناوی ئه‌م کەسایه‌تییه مه‌زنه به‌ڕێوە برد. به‌شێک له بیرەوەرییه‌کانی مامۆستا هێدی له توێی کتێبێکدا به ناوی "ئاوێنه شکاو" بڵاو بۆته‌وە.
مامۆستا هێدی وەک دوایین شاعیری سە‌ردەمی کۆمار پێناسە دەکرێ و گه‌ڕانه‌وەی ته‌رمی پیرۆزی بۆ شاری مەهاباد و ناشتنی له ته‌نیشت دوو یاری باوەفا و خۆشەویستی مامۆستایان هێمن و هەژار دەتوانێ سوکنایی دڵ و هێورکەرەوەی خەم و پەژارەی هۆگران و شەیدایانی ڕێگه‌ی ئه‌م مەزنه پیاوانه‌ بێت.