تاریخ: ۱۳۹۵/۸/۱۰
بەرەو گۆڕینی کلتوور یان گەشه پێدانی؟
محەممەد بەهرەوەر
نوژەن کردنەوەی گڵکۆی  شاعیران و نووسەران و هونەرمەندان له مەهاباد، که له لایەن شارەدار و شووڕای شار، هەروەها به یارمەتی فکریی هەیئەت ئۆمەنای مەقبەرەتوشوعەرای مەهاباد بەڕێوه چووه کارێکی شایسته و له جێی خۆیدایه، دەستیان خۆش بێ. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو پرسه گرینگ و نیشتمانیه ڕەسانەیی نەکراوه، ئاساییه که بیر و ڕای جیاواز به دوای خۆیدا بێنێ. هەر چەند بەر له دەسپێکردنی ئەوپرۆژه بیر و ڕای بنەماڵەی شاعیران و نووسەران و هونەرمەندان وهەرگیراوه و واژۆیان له سەر پرۆژەکه کردووه، بەڵام ئەوه بەس نییه چونکه ئەو کەسایەتیانه به تەنیا مڵکی بنەماڵەکانیان نین، بەڵکوو مڵکی هەموو کۆمهەڵگان و نابێ مافی کۆمەڵگا له پرسێکی وا گرینگدا زەوت بکرێ. له لایەکی تریشەوه دەبێ ئەوه له بەر چاو بگرین که ئەو شاعیر و نووسەر و هونەرمەندانه بەشێکی زۆری ژیانی خۆیان بۆ بەختەوەری و پێکەوه ژیانی کۆمەڵگا تەرخان کردووه، کەچی ئێستا به مردوویی به دانانی دیوارێکی 86 سانتی میتر پان و 3/30 گەز بڵیند له خەڵک جیا دەکرێنەوه. ئەگەرهەزینەی ئەو دیوار کێشانه بۆکتێبخانەیەکی تایبەت به شوێنەواری ئەو بەڕێزانه داندرابا، کەسایەتی ئەو کەسانه زیاتر لەوەی که هەن وبوون زیاتر دەناسران، هەروەها شوێنەوارەکانیشیان زیاتر بڵاو دەبۆوه. کێل و بەرد له نێو کۆمەڵگای ئێمه، به تایبەت کۆمەڵگای سوننەتی مێژوویەکی چەندین هەزار ساڵەی هەیه و بۆته کلتوور، هەروەها نووسراوەی سەر کێل و بەرد وەک پێناسه سەیری دەکرێ. نەبوونی کێل و بەرد، یانگڵەبانی سەر قەبر ئەوه دەگەیەنێ که مردووەکه له شوێنێکی دیکه نێژراوه و ئەوەی که دەیبینن یادبووده . بەرێز دکتور سەلاحەددین خەدیو له ژماره 186ی گۆڤاری مەهاباد لاپەڕەی 60 دا کورته وتارێکی نووسیوه به ناوی " مقبره الشعرای مهاباد و گواهی چشم و گوش." له ئاخری پاراگرافی دووهەمدا نوسیوێتی: "محوطه نسبتا وسیع و مرمرین آن به آسانی می تواند بکار اجرای مراسمات و یادبودها بیاید حتی با تمهیداتی می توان اختلاف سطح بین رواق ها و بقیه محوطه را  به سیاق آمفی تئاترها بهم آورد." دەپرسین ئایا له حاڵەتێکی ئەوتۆدا پێش بینی ئەوەی کراوه که خەڵک نەچنه سەر ئەو چیمەنەی که شوێنەواری قەبر بوونەکەی جگه له بەردێکی شەش پالوو (مکعبی) نەماوه، نەچنه سەری و پێشێلی نەکەن؟ ئەگەر هاتوو نەتوانرا پێش بەو کاره بگیرێ، نابێته بێحوڕمەتی به مردووەکان؟