تاریخ: ۱۳۹۵/۳/۳۰
ماناکاوی چەمکی خەڵات و ئینسانی کورد
دکتور خالەق جەلیل نەژاد

دکتور خالەق جەلیل نەژاد

ماناکاوی چه‌مکی خه‌ڵات و ئینسانی کورد

چەمکە جۆراوجۆرەکان لە پانتایی زانستە مرۆیی‌یەکان‌دا هەڵگری جۆرێک ناسنامەی مانایی تایبەت بە خۆیانن. هەر چەمکێک خاوەنی مانا یان هێمایەک بێ، هەوێنی جورێک کرداری کلتووری و کۆمەڵایەتییە کە لە زەمەنێکی پێویست‌دا لە دایک دەبێ؛ بەڵام هیچ‌کات تووشی ڕاوەستانی مانایی نابێ و به‌پێی گۆڕان و گوورانی پێوەندیی‌یە کۆمەڵایەتییەکان و باڕستایی چالاکی لە چەشنی فرە ڕەهەندیی پێکهاتەی کلتووری و خواست و خوازی مرۆڤە وریا و بەئاگایی‌ گەییشتووەکان، ڕووبەڕووی ڕەخنەی هزرمەند و پرسیارگەلی جۆراوجۆر لە ڕوانگە و نیگای فرەچەشن دەبێتەوە. جگە لەوانەی باس کرا چەمکەکان هێندێک جار لە یەک زەمەنی مێژوویی ـ کلتووری و کۆمەڵایەتی‌دا بە چەند مانای جیاواز و بگرە دژ بە یەکیش دەکار کراون و بەردەوام جێی مشت‌ومڕی فام‌کردن بوون.

که‌وابوو چەمکەکان ژیانێکی ڕاوەسته‌ و داخراویان نییە؛ نە لە ڕووی مانایی و جۆری فام‌کردنیان، نە لە ڕووی کارکرد و هێما بەخشینیان و تەنانەت ڕێفرێنسە کلتووری و کۆمەڵایەتییەکانیش. بەم پێیە دەکرێبڵێین چەمکەکان خاوەنی هەستی‌مەندییەکی تایبەت بە خۆیانن. ئەوە لە لایەک بەرهەمی هاوپێوەندی و هاونشینیی بەربەرینی کانسێپتە هاوشێوە وکانسێپتە دژبەر و تەواوکەرەکانە. لە لایەکی تریش دەرئه‌نجامی ڕادەی ئەکتیویتەی بەستێنە کلتووری ـ کۆمەڵایەتییەکانن. هەڵبەت هەر دووی ئەوانە لە کانتێکستی زمان‌دا ڕوو دەدەن. پێویستە ئەوەش بڵێین ئاست و چوارچێوەکانی ئەم گۆڕان و گوورانە مانایانەی کە بۆ چەمکەکان دێنە پێش، بەپێی کۆمەڵگای سووننەتی و مۆدێڕنیش‌ جیاوازیان هەیە. هەر ئەندازە خوو و خسڵەتەکانی زەینی و هزری مۆدێرنیتە لە هەناو و ناخی کلتووری ـ کۆمەڵایەتی‌دا جێگیر بن، بوێری دەست‌بردن و دەربازبوون لە ماناکان هەم چێترە و هەمیش بەرهەمی پێداویستییەکی ڕەخنەگرانەی مەعریفییە لە لایەن مرۆڤی خاوەن ڕەهایی.

بەپێی ئەم پێشەکییە کورتە دەکرێ سووکەئاوڕێک لە چەمکی " خەڵات" لە ئەزموون و " تەجرووبەی زیستەی" کلتووری و کۆمەڵایەتی ئینسانی کورد بدەینەوە. بەم پێیە تەبارناسی(ڕەچەڵەک‌ناسی) چەمکی "خەڵات" لە دوو زەمەن‌دا، شڕۆڤە دەکەین؛ زەمەنێک کە وەک" سووننەت "نێودێر دەکەین و زەمەنێکیش کە وەک سەرهەڵدانی خسڵەتەکانی مودێڕنیتەیە، باسی لێدەکەین.

خەڵات لە پێشامۆدێرنیسمی مرۆڤی کورد

ناخی جیهانی "سووننەت" ئاخندراو بە واتا پیرۆزەکانە. بنەماکانی ئیپیستمۆلۆژیکی جیهانی سووننەت هەڵگری دەسەڵاتێکی بێ‌سنورە لە مانا بۆ هەموو بەشەکانی ژیانی مرۆڤ؛ بێ‌ئەوەی تاک یان کۆی مرۆڤەکان مافی پرسیارکردن یان ڕەخنەگرتنیان هەبێ، مانەوە لە وەها کانتێکسێک‌دا بەر لە هەموو شتێک پێویستی بە ئه‌وه‌ هەیە کە هەر جۆرە مافی پرسیارکردن لە خۆت وەک "ئینسان" یان چەندایەتی و چۆنایەتی "ئەمری ئینسانی" بە شێوەی ئازاد بسڕییه‌وە. بەواتایەکی تر هەستی‌مەندی جیهانی سووننەت، خۆسپاردنێکی پاسیڤە بە حەقیقەتێکی سانتراڵ و گشت‌گیر کە لە بێ‌زەمەنییەکی پیرۆزڕا داڕێژراوە. مرۆڤ لە وەها بەستێنێکی ئەندێشەیی‌دا، سووژەیەکی خاوەن بوونی(شوناسی) سەربەخۆ نییە، بەڵکوو ئۆبژەیەکە چاوەڕانی شوناس‌بەخشین و بە ڕەسمی ناسینە. بە واتایەکی تر، بوون بە تەنیا لە ملکەچی و پەیڕەوی‌کردن‌دا، خۆی دەردەخا. مرۆڤی وەها چاخێک بە شوێن جۆرێک لە ڕەستگاری دایە تا ڕەهایی. هەر بۆیە قه‌بووڵی ئۆبژەگی، هەڵگری چەشنێک چێژ و واتایە. بەکورتی لە بەستێنی سووننەت‌دا، مرۆڤ خاوەن ئیرادەی بوونیادنەرانە نییە. لە چوارچێوەی کلتووری سووننەتی‌دا چەمکەکان خاوەنی تایبەتمەندیی مانایی فرەڕەهەند نین، بەڵکوو لە جەغزی ئەو دەسەڵاتە مێتافیزیکەی باسمان کرد خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە. بە واتایەکی‌تر لە بەستێنی سووننەت‌دا، زمان بەشێکە لە پڕۆسەی لێ‌ئه‌ستاندنەوەی پێگەی سووژەیی مرۆڤ یان بونیات‌نانی دەسەڵاتێکی خاوەن حه‌قیقه‌تی گشت‌گیر و پیرۆزه‌.وەک زۆر جار بیسەری ڕەوایەتی خەڵات و خەڵات‌کردن بووین. چەمکی خەڵات لە دنیای سووننەت‌دا لە درێژەی نۆڕم و نەریتی پاوان‌خوازی و هەستی‌مەندی خودایه‌گانیدەسەڵاتە سەرپێیەکان خولی خواردۆتەوە؛ چونکە لە لایەن شا، خان ، دیوەخان و .... گەیشتۆتە قۆناغی کارکردی. لە وەها دیسکۆرسێک‌دا خەڵات و خەڵات کردن بەرهەمی ملکەچی و په‌یڕەوکردنێکی پاسیڤ‌مەندانەیە. بە هۆی بەخشین و دانی "خەڵات"، نیشانە کلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئۆبژه‌یی بەرجەستە دەبنەوە. ئیرادەی پڕاگماتیستی دەسەڵاتێکی بەرین لە دڵی پڕۆسەی بەخشینی خەڵات‌دا مەجالی بوون و خۆنواندنی بۆ دەستەبەر دەبێ. بە واتایەکی تر "خەڵات" لە بەستێنی سووننەت‌دا لە درێژەی دەسەڵات دایە، نەک نموودی هزری مرۆڤی خاوەن بیر، پرسیار و خوازیاری دەربازبوون لە چەق‌بەستوویی‌دا. دەکرێ بڵێین "خەڵاتی سووننەتی" هێمای شکۆمەندی مرۆڤی ملکەچی پاسیڤە تا لەم ڕێگایەوە جەمسەرەکانی کۆیلەتی و بێدەنگی لە ئاست دەسەڵات یان دەسەڵاتە خاوەن شکۆ بێ‌سنورەکان، پارێزراو و جێگیر بێ.

مەبەستی کارگێڕی " خەڵاتی سووننەتی"، جێگیرکردنی "پێداهەڵگووتن" لە جێی "بیرکردنەوە"، "بێ‌پرسیاری" لە جێی "پرسیار"، "تەسلیم بوون" لە جێی "سەرهەڵدان"ە. سەرئه‌نجام دەکرێ بڵێین "خەڵاتی سووننەتی" ئاستەنگ و لەمپەری ئەندێشە و مرۆڤی بیرمەندە. مرۆڤی کوردیش، ئەزموونی "خەڵاتی سووننەتی" هەبووە. دیوەخان وەک بەشی خاوەن دەسەڵات و نەزم و نۆڕمی کلتووری و کۆمەڵایەتی، دەکرێ نموودی دەکارهێنانی "خەڵاتی سووننەتی" لە ئەژمار بێ. هەڵبەت بە هۆی چەشنێک لە دووئالیسم لە نێوان کۆمەڵگای کوردی و "ناوەندی زاڵ" بە سەر کۆمەڵگای کوردی‌دا؛ بە ڕواڵەت هێندێک جار کارکرد یان شێوە ئافراندنی "خەڵات" لە ژیانی ئینسانی کورد بۆتە هەوێنی چەشنێک بەرەنگاربوونەوە دەگەڵ " ناوەندی زاڵ ". زۆر جاران دە ڕاوێژی ڕۆژانه‌دا ده‌بیسین که‌ ده‌ڵێن: " خۆ خەڵاتی برایم ئاغا نییە". هەر لە ڕێگای ئەم مه‌سئه‌له‌وه‌ دەکرێ بڵێین "خەڵات" هێمای مەیلی دەسەڵاتێکە کە بە تاکێک دەبەخشرێت کە ملکەچ‌ترینە. هەڵبەت ئەم بەخشەندەیی‌یە هەتاهەتایی نییە، بەڵکوو هەتا ئەو کاتەیە کە ملکەچی بەردەوامە. یانی ئەگەر بە هەر هۆیەک خوو و خسڵەتەکانی کرداری ملکەچ‌بوون، پڕەکتیزە نەکرێ "خەڵات" نە تەنیا وەردەگیرێتەوە، تەنانەت بۆی هەیە سزاشی بە دوادا بێ. هەڵبەت دەکرێ بڵێین لە سەردەمی ئێستاش‌دا زۆر جار ئەم شیوە کەڵک‌وەرگرتنە لە "خەڵات" دەکار دەکرێ. بەڵام ئەم بارودۆخە بە هاتنی هەناسەی مۆدێڕنیسم، تووشی گۆڕانێکی جەوهەری دەبێ کە لە خوارەوە باسی دەکەین.

خەڵات و مۆدێڕنیسمی مرۆڤی کورد

مۆدێڕنیتە پڕۆسەیەکی فرەڕەهەندە کە بنچینەکانی کلتووری و کۆمەڵایەتی تووشی گۆرانکارییەکی بەردەوام و فرەچەشن دەکا. پاش سەرهەڵدانی بنەماکانی مۆدێڕنیسم ،کلتوورێکی مەیلە و ئۆتۆکڕات و خاوەن ناوەندی تاک ڕەهەند، لە بەهاکانی جێگیرکراو لە ژێر سێبەری حه‌قیقەتێکی بەرین و پیرۆز، دەگوازرێتەوە بۆ کلتوورێکی کراوە، فرەناوەند و سەیال کە هەموو شتێک دەکرێ لە ژێر سێبەری پرسیارگەلی مرۆڤی خاون ئیرادە و بیر، تووشی گۆڕانێکی سەر لە نوێ بێ. دەکرێ بڵێین مۆدێڕنیسم وەک بوودلێر دەڵێ: مرۆڤ دەکاتە خاوەنی بیری زەمەنی هه‌نووکه‌یی)اکنون(. بە واتایەکی تر مۆدێڕنیسم مرۆڤ لە حووکمی هێژمۆنیکی ڕابردوو دەرباز دەکا. ئەم دەربازبوونە "ماف" دەکا بە ئاڵتێرناتیوی "تەکلیف". کەوابوو ڕەوایە بڵێین، مۆدێڕنیسم شێوە بوونێک ڕێک دەخا لە بنچ و بەیسی "ڕەهایی" بە هەموو بەهاکانییه‌وە. مۆدێڕنیسم تۆڕی هاوپێوەندیی‌یە کۆمەڵایەتییەکان دەگوازێتەوە لە سیستمی چەق‌بەستوو و لە پیش‌دا داڕێژراویدنیایی کۆن‌ بۆ سیستمی پلۆڕال کە بەرهەمی هەڵبژاردنی بیرمەندانەی مرۆڤە. مۆدێڕنیسم بەم جۆرە باندۆڕێکی ئیپیستمۆڵۆژیک دەخاتە سەر کەلان‌ڕەوایەتی دنیای سووننەت و لە ڕێگای سێ کووچکەی بیر، پرسیار و ماف کۆتایی بە ئۆبژەیی مرۆڤ دێنێ. لە ناخ و هەناوی مۆدێڕنیسم‌دا بەپێی ئەم تایبه‌تمه‌ندیی‌یانه‌ی بە کورتی باس کران، چەمکەکانیش چالاک و خاوەنی توانایی زاوزێی مانایی دەبن.

گشت‌گیرتر لە ئه‌وانە، زمان لە بەستێنی مۆدێڕنیسم‌دا خاوەنی تایبەتمەندیی‌یەکی ئیپیستمۆلۆژیک دەبێ و توانستی گۆڕانەکانی نوێ‌بوونەوە لە ئەستۆ دەگرێ، بە جۆرێک کە مرۆڤ نیشتەجێی خۆی دەکا. لەو گۆشەنیگایەڕا ئەگەر بنواڕین دەبینین چەمکی خەڵاتیش گۆڕانێکی جەوهەری بە سەردا دێ. لە چوارچێوەی مۆدێڕنیسم‌دا، خەڵات لە دەرەوەی دەسەڵات قەرار دەگرێ. چیتر هێمای ملکەچی مرۆڤی لە سەر شان نییە. بەپێچەوانە ئەم جار خەڵات نوێنگەی هزرێکی داهێنەرە، لە چەشنێک خواست سەری هەڵداوە کە دەیهەوێ هەموو بازنە و جەغزەکانی سەلمێندراو تێک‌بشکێنێ. خەڵات لە چاخی مۆدێرنیسم‌دا هێمای تێک‌دانی تراویلکەی بەهاکانی گوتاری مەعریفیی دەسه‌ڵاتە. خەڵاتی مۆدێڕن دەکرێ وەک چەشنێک حەوزەی قودرەت ـ مقاومەت شرۆڤە کەین.(وەک فۆکۆ دەلێت)."خەڵاتی مۆدێرن " چەشنێک هەستی‌مەندیی کۆمەڵایەتی بەرهەم ده‌هێنێ کە سەرهەڵدان، پرسیار، ماف، جیاوازی و ڕەهایی لە هەر چەشنە نەریتێک کە خوڵقێنەری بەربەستە پێک‌دێنێ. زۆر جار "خەڵاتی مۆدێڕن" نوێنەری دەق و دەنگی نەبیستراوە. لە سەر ئەو ئەساسە دەکرێ قایل بە ئه‌وەش بین کە "خەڵاتی مۆدێڕن" بەرهەمی ئیرادەی مرۆڤی خاوەن هزری کۆمەڵایەتیی ئازادە، نەک دەسەڵات؛ بۆیە کارگێڕان لەو چاخەدا ناوەندە کلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە حەوزەی مەدەنی و سەر بەخۆ لە فیلدی دەسەڵاتن. ئەزموونی مرۆڤی کورد لەم بەستێنەدا دەست‌کورتە، و هۆکارەکانیش دەکرێ زۆر کورت، بەم شێوەیه دەست‌نیشان بکەین:

1 ـ چۆنییه‌تی سەرهەڵدانی بنەماکانی مۆدێڕنیسم لە کوردستان، کە بەرهەمی ناسەقامگیری و قەیران بووە.

‌۲ ـ شێواوی سەرچاوەکانی ئەندێشەیی و زەینی پێک‌هێنەری مۆدێڕنیسم لە کوردستان

۳ ـ نەبوونی پێداویستییەکان و توانستی عینی ـ ئۆبژێکتیو ـ بۆ دەربازبوونی ئینسانی کورد لە دەسەڵاتی سووننەتی و ڕێکخستنی دەسەڵاتی نوێ بە خاوەندارییه‌تی ئیرادەی خۆی

۴ ـ خاوی بنچینەی ئیپیستمۆڵۆژیکی کلتوری مودێڕن لە هەناوی کۆمەڵگای کوردی

۵ ـ شلی و ناسەقامگیری کۆمەڵگای مەدەنی کە بتوانێ بەستێنی حەوزەی گشتی (عمومی ) (بە واتای هابێڕماسی) وەها کردارێک بێ.

٦ ـ نەبوونی پێشینەی لێکۆڵینەوەی زانستی و مێتۆدیک لە کوردستان

ئەم کۆمەڵە خاڵە و هێندێک هۆکاری تر، بوونی "خەڵاتی مۆدێڕنی"یان لە نێو کوردستان کز کردووە. بەڵام بە خۆشییه‌وە لە دەیەی دوایی‌دا چڵەپۆپەی هێماکانی ئەم ڕووداوە خەریکە سەر هەڵدەدا. هەر لە ڕۆژانی دوازدە و سێزدەی جۆزەردانی ساڵی نەوەد و پێنجی هەتاوی لە شاری بانە، یەکەمین خەڵاتی کتێبی کوردی، لە ژیر ناوی" خەڵاتی ئیبڕاهیمی یوونسی" بەڕێوە چووە. بە نۆرەی خۆی دەکرێ وەک لە دایک‌بوونی شوناسی کلتوورێکی نوێ سەیر بکرێ.

ڕاڤەیەکی کورت بۆ " خەڵاتی ئیبڕاهیم یونسی"

پێش هەموو شتێک دەبێ پیرۆزبایی و ماندوونەبوونی بکەین له هەموو ئەو کەسانەی کە لە هەنگاوی یەکەمه‌وه‌ تا ساتەکانی کۆتایی ئەم ئەزموونە نوێیە لە پانتایی کلتووری کوردی‌دا دەوریان هەبووە. دیارە ئەم کارە گەورەیە وەک یەکەم ئەزموون ئەگەر هێندێک کەم‌وکۆڕی تکنیکی و چۆنییه‌تی بەڕێوەبردن، چنینی وتاربێژەکان، یان شێوەی پێشکەش‌کردنی پاژ و پانێلەکانی لێ‌دەربهاوێین، لە ڕووی ناوەرۆک دەکرێ بە کۆبوونەوەیەکی کلتووری سەرکەوتووی نێودێر بکەین. دیارە خاڵی جێی سرنجی ئەم چەشنە پڕۆگرامانە لێژنەی داوەرانە؛ دەکرێ زۆر ڕاشکاوانە بڵێین لێژنەی داوەران کەسانی شیاو بوون. هەر ئەم خاڵە دەتوانێ بە جۆرێک بەردەوام‌بوونی ئەم خەڵاتە مسۆگر بکا. بەڵام پێویستە لە داهاتوودا، دوو شت سرنجێکی باشتری پێبدرێ. یەکەم: پانتایی کلتووری کوردی کوردستانی ئێران لە بەشداری‌پێدان‌دا لە بەر چاو بگیرێ، بە واتایەکی تر لە داوی لۆکالیسم نەکەوێ. دووهەم: نیشانەکانی نێونەتەویی‌بوونی خەڵات بە شێوەیەکی جیددی ڕەنگ‌دانەوی هەبێ. جگە لە ئه‌وانە خەڵات وەک ئەزموونێکی کلتووری لە داهاتودا، دەتوانێ لە بواری جۆراوجۆردا گووڕوتین بدا بە بزاڤی کلتووری کوردی. نووسەرانی کورد لە ڕووی شێوەی نووسین بەرەو پاراستن و لە بەرچاوگرتنی مێتۆدەکان بەرێت. پڕەنسیپەکانی لێکۆڵێنەوە باشتر ڕەچاو بکەن، ئاستی توانستی و پاراوی زمانی وەرگێڕان زیاتر بباتە سەر، چۆنییه‌تی داڕشتن و دەکارکردنی تکنیک و زمانی چیرۆک، زانستی‌تر ببینێ، دیارە لە بەشی شێعر کە باڕستایی گەورەی کاری مەتنی ئینسانی کوردی لە خۆی گرتووە، گووڕوتین فراوانتر دەکا و ڕەنگبێ لە دووپاته‌یی‌بوونه‌وه‌ و هه‌روه‌ها خۆ دوورخستنەوە له‌" شوناسی بەتاڵ" دەستەبەر بکات.