تاریخ: ۱۳۹۵/۸/۱۴
ئەندازیار سمایل ڕۆستەمی: لە پلانەکەم‌دا نەمویست بەردێک لەسەر مەزاری نەمرانمان دانێم!


ئەندازیار سمایل ڕۆستەمی (ئارشیتێکتی گردی شاعیران)

"کاری نیوەچڵ بە کار ناشێ". ئەمە قسەی سمایل ڕۆستەمی‌یە. ئارشیتێکت و ئەندازیاری سازکردنی بینای مەزارگەی شاعیران لە شاری مەهاباد. کارەکە هێشتا تەواو نەبووە و نیوەچڵە. کاری سازکردنی بینا بۆ گڵکۆی هونەرمەندان کە بە هەڵە ناوی نۆژەن‌کردنەوەی لێ نراوە؛ بەڵام لە ڕاستی‌دا چ نۆژەن‌کردنەوەیەک لە ئارادا نییە. چونکە ئەو شوێنە پێشتر تەنیا  بریتی بوو لە گڵکۆی چەند شاعیر و نووسەر و هونەرمەندێکی بەرز و هیچ سازەیەکی  لێ نەبوو. ئەوەی دەکرێ لە ڕاستی‌دا درێژەی کاری گەڵاڵەکەی پێشووی بەندەیە کە وەک نۆژەن‌کردنەوەی گردی شاعیران ناوی دەرکردووە. 
ئەگەرچی سازکردنەکە هێشتا لە فازی یەکەمی خۆی‌دایە، بەڵام بابەتی "کار کردن لەسەر گردی شاعیران لە مەهاباد" ئەم‌ڕۆژانە بۆتە بابەتی گەرمی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەگشتی تۆڕی ئینترنێت. کارەکە هێشتا نیوەچڵە، بەڵام ئەوەی سەرنجی خەڵکی راکێشاوە و ناڕەزایەتیی لێ کەوتۆتەوە نەمانی کێل‌وبەردەکانی پێشووی سەر گڵکۆکانە. تەنیا بەردێک لەسەر گڵکۆکان چەقێندراوە کە ناوی سجیلیی ئەو کەسایەتییە مەزنانەیان بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی لەسەر نووسراوە.  شکڵی بەردەکە، ئەو خەتەی ناوەکانی پێ نووسراوە و چۆنیەتیی نووسینەکەش بەشێکن لە نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک. 
ئەندازیار سمایل ڕۆستەمی وەک ئارشیتێکتێکی کورد و خەڵکی مەهاباد نەیویستووە خزمەت بە شارەکەی و بە گڵکۆی ئەو گەورەپیاوانەی شارەکەی لە بیر بکا و "بەردێک لەسەر ئەم بابەتە دانێ". ئەو دەسپێکی بیرکردنەوە لەو پرۆژەیە دەباتەوە بۆ پتر لە دوو دەیە بۆ لەمەوبەر ، تەنانەت بۆ سەردەمی دانیشجوویی... . " بەپێی ئۆگری و بواری خوێندنم و لەسەر پێشنیار و پەیگیریی دۆستێکم  بە پێویستم زانی تەرحێک ئامادە بکەم کە شیاوی ئەو کەسایەتییە بەرزانەمان بێ". 
لە کۆتایی‌یەکانی دەیەی حەفتای هەتاوی‌دا پلانەکەی ئامادە کردووە و پێشکەش بە  شارەداری سەردەمی کردووە و پەسند کراوە، بەڵام لە جێ‌بەجێ‌ کردن‌دا تەنیا چوارچێوەی کارەکەی  داڕێژراوە و بە بەردی ڕەش داڕێژراوە. دوای دەست بەکاربوونی یەکەم دەورەی شوورای؛ وێڕای هەیئەت‌ئومەنا کەوتۆتە شوێن درێژەی کار، بەڵام 
هەر چوار ساڵ جارێک شوورای شار گۆڕدراوە و پلانەکەی نەکەوتۆتە بواری جێ‌بەجێ کردنەوە. بەپێی گەڵاڵەکەی پازدە ساڵێک لەوەپێش،  دەست بە کاری گۆڕستانەکە کرابوو، بەڵام وەک رۆستەمی دەڵێ "شایانی ئەو شوینە نەبوو". دەڵێ "ئەمن بۆم گرینگ بوو کە بەرهەمەکە ڕەنگدانەوەی ڕوانگە و جیهانبینیی ئەو نەمرانە بێ". لەگەڵ هەر خولێکی شووراکان وێڕای هەیئەت‌ئومەنا لە هەوڵی خۆی بەردەوام بووە تا سەرەنجام  خولی ئێستای شوورا درێژەی کاری قبووڵ کردووە. بودجەی بۆ تەرخان کراوە و بەڕێوەبردنی پلانەکەش بە شارەداری و بە خۆی و بە "هەیئەتی ئومەنای گۆڕستانی شاعیران" سپێردراوە و شووڕاش وەک خاوەن کار چاوەدێریی ڕاستەوخۆی بە سەر‌دا کردووە. ڕۆستەمی بیری لەوەش کردۆتەوە و بۆی گرینگە کە کۆی کارەکە چ وەک هونەر، چ وەک کەرەسە و چ وەک کار و کرێکار بە شێوەی تەواو خۆماڵی بێ. 
ئەندازیار سمایل ڕۆستەمی سەبارەت بە فکری پشت سازەکەی دەڵێ: فەلسەفەی کارەکەمان لەسەر بنەمای دەربڕینی سادە و ساکاری مەفهوومەکان بوو. لە ڕوانگەی هونەرییەوە هەوڵمان دا کارەکەمان شتی زیادەی تێدا نەبێ و سادەترین فۆرممان هەڵبژارد یانی سادەیی و بێ‌گرێی‌یەک  کە لە شێعر و بەرهەمی ئەو نەمرانەمان‌دا بەروونی دیارە. هەروەها ویستمان سازەکە بە شکڵی کراوە بێ. بەردەوام هەوای تازەی تێ‌گەڕێ و ژیان نە مەرگ لەوێ رەنگ بداتەوە. شوێنێک کە مرۆڤ دڵی لێی بکرێتەوە و هەست نەکا چۆتە سەر قەبران. هاوکات ویستمان بەرهەمەکە لە ئاستی نێوخۆیی و جیهانیش‌دا بێ. کەرەسەی بنەڕەتیمان بەرد بوو. بەرد لە ناوچەکەدا بنەمای میعمارییە؛ وەک چۆن شوێنە کۆن و لەمێژینەکانی دەوروبەریش وەک فەقرەقا و بەردەکونتێ‌ هەر لە بەردن."
ئەوەی زیاتر لە هەر شت سەرنجی خەڵک و ڕەخنەگرانی ڕاکێشاوە نەبوونی کێل‌وبەردی باوە لەسەر گڵکۆکان. ئەندازیار ڕۆستەمی لەم بارەوە دەڵێ: "وەک باسم کرد پلانەکە لەسەر بنەمای ژیان بوو نەک مردن. ڕاستییەکەی پلانەکە جۆرێک خۆ دوور خستنەوەیە لەو سوننەتەی کە بۆ گڵکۆ لە ناوچەکە‌دا باوە؛ بۆیەش هەوڵمان دا دوور بێ لە دابی کێل ماچ کردن و دەست لە کێل وەرێنان. ویستمان خەڵک بێ و شێعر و ژیان بخوێنێتەوە."
سەبارەت بە نەبوونی بەردیش دەڵێ: لە نێو کوردان‌دا بۆ ئەوەی شتێک لە بیر بەرامبەرەکەت بچێتەوە دەڵێین بەردێکی لە سەر دانێ یان کەسێ کە شتێک لە بیر خۆی دەباتەوە دەڵێن بەردێکی لەسەر دانا. ڕەنگە بنەمای ئەو قسەیە لە دانانی بەرد لەسەر گڵکۆوە هاتبێ. بەڕاستی ئامانجی کارەکەی من ژیانە نەک مردن و فەرامۆش کردن. بۆیەش نەمویست بەردێک لەسەر گڵکۆی نەمرانمان دانێین. خەڵک کە چوونە ئەو شوێنە، بۆ شێعر خوێندنەوە سەریان دانەخەن و چۆک دانەدەن بەڵکوو سەریان بەرز بکەنەوە و شێعر و ئەندیشەی ئەوان بخوێننەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لە پلانەکەی من‌دا شێعرەکان، وێنە و پەیکەری ئەوان لەسەر کەتیبەیەک بێ کە لە دیواری بەرەوڕوویان لە پلانەکەدا جێی بۆ تەرخان کراوە. ئەوە ئەرکێکی بەڵێندراوە کە لەسەر ئەو کەتیبەیە چ وەک هەڵکەندراو یان بەرجەستە سەرجەم شێعر و تێکستی سەر بەردەکان بگوازرێنەوە سەر ئەو کەتیبەیە". 
لە نووسراوەی بەرقەدی بەردەیاد(سنگ یادبود)ی سەر گڵکۆکان ئەوەی زەقترە و زیاتر لە چاو دەدا،  ناوی سجیلیی ئەم کەسایەتییانەیە کە بە زمانی فارسی نووسراوە، بەڵام لەسەر بەردەیادەکان ناو و ناسناوەکان بە کوردی نووسراون. رۆستەمی لەم بارەوە دەڵێ: ئەم بەردەیادانە نیشانەی هەستانەوەن. لەو هەستانەوەیەش‌دا ئەوەم لەبەر چاو بووە کە بەشە کوردییەکەی بکەوێتە لای سەرەوە و روو بە ئاسمان هەڵکەوێ. بەڵام سەبارەت بە خەت و چۆنیەتیی نووسینەکە، ئەوە هەیئەتی ئومەنا بڕیاری لەسەر داوە و پتر خەتخۆشی دەور دەگێڕێ نەک شتی دیکە. تەنانەت سەبارەت بە تێکستی سەر کەتیبەکە، ئەو شێعرانەی کە لە گۆی سەردەرانەی چوونە ژوورەوە دەنووسرێن و هەروەها بەردەنووسی بەخێرهێنانیش قەرار وایە شووڕای شار و هەیئەت‌ئومەنا بڕیاریان لەسەر بدەن. 
وەک دوا پرسیار لە ڕۆستەمی دەپرسم کە ئاخۆ دەرفەتی ئەوە هەیە کە کێل‌وبەردەکان دابنێنەوە؟ دەڵێ: دەکرێ بەڵام دڵنیام کە زیان بە کۆی کارەکە دەگەیەنێ. تەنیا کێشەی من ئەوەیە کە لەگەڵ کۆی کار و ئامانجی کارەکە ناتەبا دەبێ. ئێستا کارەکە نیوەچڵە و کاری نیوەچڵیش، کار نییە و سروشتییه زۆر کەس ڕەخنەی لێ بگرن و بە دڵیان نەبێ. بەو حاڵەشەوە ئەوانەی دێن دەیبینن و تەوزیحی  ئێمە دەبیستن، بە ڕەزایەتەوە دەگەڕێنەوە. چونکە دەتوانن پێوەندی لەگەڵ کارەکە بگرن. ئامانجمە لە سەردانی خەڵک بۆ ئەو مەزارگەیە، مەفهوومەکان پێوەندی لە گەڵ خەڵک بگرن نەک بەرد و کێل و گڵکۆ. واتە بەیانی مفاهیم بە شێوەی سیمبولیک لە بەرهەمێکی هونەری‌دا. نەمویستووە بە هۆی کێل‌وبەرد خەلک بزانن کە ئەوانە بەرز و بەرجەستەن، چونکە ئەوان بەرز و بەرجەستەن و پێویستیان بەوە نییە. ئەگەر بشیانهەوێ بیگۆڕن، هەرچەند موافق نیم و لەگەڵ پلانەکەم ناتەبایە، بەڵام دژایەتیش ناکەم.
تا ئێرە وا بڕیار دراوە یەکی بەردێک لەسەر سینگیان دابندرێ و شێعرەکانیش لەباتی وەی بچنە نێو کەتیبە لەو سەرسینانەیە بنووسرێنەوە.