تاریخ: ۱۳۹۹/۲/۲۱
ژمارەی 211ی گۆڤاری مەهاباد چاپ و بڵاو کرایەوە
بە پێی هەواڵی هاژە، ژمارەی 211ی گۆڤاری مەهاباد چاپ و بڵاو کرایەوە.
نووسەر وێڕای وەبیرهێنانەوەی بیستەمین بەهاری دامەزراندنی گۆڤاری مەهاباد بۆ بەردەنگەکانی، بەڵام وشەی پێنووسی لە هەمبەر ئەو پەتایەی کە کۆمەڵگای جیهانی داگرتووە بە چەشنێک ئەو خۆشییەی لەدایک بوونی گۆڤار پەراوێز دەخات و دەقی نووسراوەکەی بە "ڕێبازی عاشقان" ناودێر دەکات، و ئەویش وەک سەرجەم خەڵکی کوردستان ڕای وایە کە "ئەم ساڵ ئاگردانی نەورۆز بێ ئاگر مایەوە و بەهارمان بووە بە خەزان و وەیشوومە و دەرەتانێک نەما بۆ لۆغان..."
عەزیز وەلیانی وێڕای ئاماژەدان بە دەرەنجامەکانی ئەم پەتا ماڵ‌وێران کەرەی کە جیهان و بە تایبەت وڵات و ناوچەکەی داتەنیوە، دەڵێت: "گشت وڵات بووەتە پاوانی شەڕانخێوی پەتای ترس لە مردن، شەقام و کۆڵان، تەنانەت ماڵی خواش چۆل و هۆل! شار بێ‌هەست‌وخوست، وەک ئەوەی دڵیان لە لێدان کەوتبێ."
وەلیانی لە درێژەدا تیشک دەخاتە سەر ئەم باسە کە ئەگەر گەڵاڵە و داڕێژەرێکی تۆکمەی بۆ خزمەت بە خەڵک بە تایبەتی چینی کەم‌داهات و دەست‌کورت نەبێ ئەوە خەم و ماتەم بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان هیچ ناهێڵێتەوە.
هەر بۆیە نووسەر لەم بڕوایە دایە لەم هەل‌ومەرجە بەرزخەدا دوو گرووپ لە "خێڵی عاشقان" بڕیار دەدەن کە یەکیان پەرەستارە سپی‌پۆشەکانن کە "بێ‌وچان و نەسرەواتووانە، بە کەم‌ترین کەرەسەی‌ سەرەتایی، ڕاستەوخۆ ئانگژای سپای پەتای نەناسراو و پڕ مەترسی بوونەتەوە" و ئەوی تریان ئەو کەسانە بوون کە "دڵیان لێوڕێژ لە هەستی مرۆڤ‌دۆستی" بوو کە "بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک، چاکی هیمەتیان بە لادا کرد" و لە پاکتاو کردنی شەقام و کۆڵانی شار هەتا وەڕێ خستنی نەخۆشخانەیەک بە هەموو ئامرازەکانی پێویستەوە و دابین کردنی بژیوی ژیانی کەسانی کەم‌داهات و خۆشی‌نەدیوانی بێبەش لە هیچ شتێک دەریغیان نەکرد کە گشت ئەو کار و چالاکیانە جێگای ڕێز و پێزانینە.
عەزیز وەلیانی لەسەر ئەو بڕوایەیە کە بە هۆی پەتای کڕۆنا "داڕمانی ئابووری زۆرتر لە جاران خۆ بنوێنێ و نەهامەتی زۆرتر پەرە بگرێ" هەر بۆیە "کۆمەڵگا لەبەردەم هەل‌ومەرجێکی بارناسک دایە" و ئەوە ئەرکی "نهادەکانی مەدەنی، ناوەندەکانی چاکەکاری، خێرخوازان و ڕووناکبیران" قورستر دەکات.
وەلیانی وێڕای بەرز نرخاندنی ئەرکی "نیهادەکانی خەڵکی و مەدەنی کە ساڵانێکی دور و درێژە خۆبەخشانە بوونەتە مەیدانداری بەرەکانی فیداکاری و لەخۆبوردەیی" ئێستاش ئەم دۆخە دەخوازێ کە هەموو لایەک "فریاڕەسی نووزە و هاواری دە‌ردەداران بین" و لەبەر تەنگ‌ و چەڵەمەی ژیان "ئیزن نەدەین کەڕامەت و گەورەیی مرۆڤ ببێتە پێخوستی غرووری ناچیزان" هەر بۆیە "با بە یەکەوە هەمیسان چەمکی ئینسانییه‌ت بە هوێنی خۆشەویستی مانا بکەینەوە تا ببێتە سەردێڕی مەشقی ژیان بۆ بەرەی ئێستا و داهاتوو".
وتارەکانی ئەم ژمارەیەی گۆڤاری مەهاباد لە 19 وتاری کوردی و 9 وتاری فارسی پێکهاتوون کە فایلی "شێعر"، "دەنگە ون‌بووەکانی شێعری موکریان / سەید نووح عینایەتی"، "وەرزشوانانی سەرکەوتوو / سەید محەممەدئەمین شێخ‌مەندی" و "کەونەنیشتیمان / مەهاباد" لە فایلی کوردییەکان‌دا تێخزێندراوە، وتارەکانی ئەم ژمارەیە وەک ژمارەکانی پێشوو لەسەر سەکۆی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەدەبی دەوەستنەوە.
وتارە کوردییەکان بریتین لە:
ڕێبازی عاشقان / عەزیز وەلیانی
نەورۆز لە ئایینی یارسان‌دا / نێعمەت زەحمەتکێش
ساغ‌کردنەوەی چەند وشەیەکی فارسیی دیوانی نالی / جەعفەر قارەمانی
بیرەوەرییەکی حاجی عەبدوڵڵا  قازی / مەهاباد
ژاکاو چ زوو... / کەریم سۆفی‌مەولوودی
لە پێناو زمانی کوردی‌دا / ئەحمەد بەحری
مانا و ماکەی هێندێک وشەی کوردی / عەبدوڵڵا عەبدوڵڵازادە
سەججادی خاوەن هەست و هەڵوێست / سوارە فتووحی
دوو کورتە چیرۆک / و: فتووحی
بەر لە حەمام / و: نەسرین جەعفەری
دیدار لەگەڵ تۆسنی ڕەشید / ئەحمەد بەحری
بە یادی جەعفەر ماملێ / بەهمەن مەحموودی‌ئازەر
مەمی ئالان لە مێژوودا / حەبیبوڵڵا سەلیمیان
نەریتی میوانداری لە شاری شنۆ / ە.س
با زمانەکەمان قووڵ‌تر بناسین / عەزیز ئالی
ئەمین‌قودسی و تێکۆسانەکانی / مەهاباد
یادێک لە ئیبڕاهیم ئەفخەمی / موحسین ئەفخەمی
ڕەسووڵی خاڵ‌ئەوڵاوی / شاهۆ مازووجی
سیامەند و پەلی دارەبەنێ! /
وتارە فارسییەکان بریتین لە:
جنگ "هەورازو" و تبعید کوردان گلواخی / کەرەمی هەڤال
از بلباس تا ایل پیران / کمال روحانی
...ساختمان‌های تاریخی میدان شهرداری مهاباد / عبداللە زاهدی
حاجی عبدالقادر ابراهیمیان / محمدطاهر ابراهیمیان
پراکندگی کردها بیرون از جغرافیای کردستان /
گذری کوتاە بر حوزە‌ی نمادپردازی بر ادبیات فولکلور کردی / عزیز ولیانی
آن سوی خاکستر و مە / وهاب فهمی
دولت اردوغان در ترکیە و... / شریف عظیمی
تاثیرات مخرب ابزارهای نوین ارتباطی / معاونت اجتماعی فرماندهی انتظامی شهرستان مهاباد
وێنەی ڕووبەرگی ئەم ژمارەیە لە وێنەی دوو پەرەستاری سپی‌پۆش پێک‌هاتووە.