تاریخ: ۱۳۹۵/۹/۲۷
مەکتەبی شەختان: لە زامەکانی مام ڕێوییەوە تا خەونەکانی مامەندئاغا

ساکار ناسری

 

زۆر پتر لە ڕۆژێک لە بڵاو بوونەوەی کلیپێک لە سەر تۆڕ و کامیۆنێتە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە ئازار دانی ڕێوییەک لە ئاوایی شەختانی ناوچەی مەنگوڕایەتی ڕانەبواردووە. هەروەک چۆن بەینێکە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ئاژەڵان توانیویانە لە ڕاکێشانی سەرنجی هەستی مرۆڤایەتی دا خۆ و پێش کارەساتە ئینسانییەکان بدەن، وەکی لە دەستاودەست بوونی ئەو کلیپەش ڕا دەردەکەوێ، هیچ سەیر نییە ئەو ڕێوییە بتوانێ لە ناساندنی ناوچەی مەنگوڕایەتی و بەتایبەت گوندی شەختان، پێشاوبڕکەی مامەندئاغا بداتەوە! ڕەنگە ئەو کەسانەی بەڵەدی ناوچەی مەنگوڕایەتی یان لانی کەم موکریان نین هیچ نێوێکیان لە مامەندئاغا نەبیستبێ! بە کورتی، مامەندئاغا کاراکتێری تیپیکاڵ و باڵا نوێنی ئەقڵانییەتی عەینییە لە بەرامبەر لایەنە جوراوجۆرەکانی ئەقڵی ئینتزاعی و کەرەسەیی، هەمان عەقڵانییەت کە مژارە کۆمەڵایەتییەکان لە تەرکی ڕوودانی خۆیان هەڵدەبڕێ و بە کەرتاندنیان بەسەر بەشە جۆراوجۆرەکان دا لە کەڵکەڵی "کوللییەت"یان دەشواتەوە! ڕەنگە ئەگەر ئەو کارە ناشیرینە لە سەردەمی مامەندئاغا دا ڕووی دابایە بە تووندی بەرپەرچی داباوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر مامەندئاغا "ئێستا" زیندوو بوایە ئەنگوستی سەرسوڕمانی لە گرمە گرم و پڕمە پڕمی ڕقەبەرایەتی چالاکانی مەدەنی بۆ هەڵوێست گرتن و ڕسوا کردنی ئەم ئاکارە دزێوە بە دەمیەوە قەتیس دەما! بەڵام بۆچی ئەمن ئەوەندە دڵنیام؟! ئەگەر ئیزنم هەبێ، بە فلاشبەکێک لە مامەندئاغاوە بۆ ئەڕەستوو ڕەنهەندێک بۆ ئەسڵی پرسەکە لێدەدەم! ئەڕەستوو لە کۆی بەرهەمەکانی خۆی دا دوو پێناسە لە مرۆڤ بە دەستەوە دەدات کە ئێستاشی لەگەڵ بێت سەرەکیترین پێناسەگەلێکن کە لە مرۆڤ بە دەستەوە دراون: یەکەم، مرۆڤ ئاژەڵێکی "ناتق"ە. دووهەم، مرۆڤ ئاژەڵێکی "سیاسی"یە. دیارە ئەمن نە ئەڕەستوو ناسم و نە بە تەواوی بەرهەمەکانی ئەڕەستووم خوێندۆتەوە! بەڵام لەوە دڵنیام کە ئەڕەستوو لە هیچ جێیەک پێناسەیەک لەو چەشنە بە دەستەوە نادا کە مرۆڤ ئاژەڵێک بێت کە پیرەدایکی خۆی، یان هاو نەوعی خۆی بە سەرمای پاییز و بە نیوەشەو وە دیوی دەرێ بنێ و پیرێژن ناچار، بێ جێ و بان و لێفە و سەرین لەسەر ڕەقی پیادەڕەو لێی بنوێ! ئەوە خاڵی هاوبەشی مامندئاغایە و ئەڕەستوو کە هیچیان مرۆڤ بەو شێوەیە پێناسە ناکەن! دیارە ئەڕەستوو لە ململانێی چەمکە جۆراوجۆرەکانی "نەوع" و"جنس" و "فەسڵ" دا ئاژەڵ و مرۆڤی لەوەدا بە هاوبەش زانیوە کە "میسداقی نەوع"ی خۆیان (واتە هاونەعی خۆیان) لە پیری و پەک کەوتەیی دا بەڕەڵڵا ناکەن و هەر نەبێ کەچە دەستێکی بەزەیی یان بە سەر دادێنن. دیارە ئەوە پێویستی بە سەلماندن نییە کە مامندئاغاش بە قووڵی لەسەر ئەو باوەڕە بووە، چون لەو جیهانە نەریتییە دا کە ئەو تێیدا ژیاوە هەرکەسێکی بەم جۆرەی بیر نەکردباوە دەبوو بە گالتەجاڕی گەورە و بچووک و پێش هەموو کەس دەکەوتە بەر شاڵاوی قسە نەستەقەکانی خودی مامەندئاغا! بەڵام لە کۆستی کەوتووی مامەندئاغا و ئەڕەستوو، لە چاری ڕەشی پیرێژن و بۆ پەندی دنیا و بە مەنتیقی "هەتا سەر بژی قوون عەلامەتان دەبینێ"، زۆری تێ وەرنەسووڕا کە ماوەیەک لەوەپێش لە شارێکی نزیک بە گوندەکەی مامەندئاغا و لە شەوێکی ئەنگوستە چاوی پاییزی دا پیرێژنێکی بێ دەرەتان لە ڕاستە شەقامێک تاک و تەریک لەسەر بەردە سەرینێک خەو بردبوویەوە؛ نە ڕۆڵەیەک لە ژوور و نە میچێک لەسەر سەر! دەبێ چ ڕووی دابێت کە لە کۆمەڵگایەکی ئینسانی دا مرۆڤێک ئاوا بێ درەتان و لە رواڵەتێکی ناشیرین دا و بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە بێ هانا ماوەتەوە؟! بەڕاستی ئەگەر ئەو بوونەوەرە ئاژەڵێک بوایە لە سوچێکی ئەم جیهانە بڵێی هەر بەم جۆرە لێی قەومابایە؟! بڵێی چ قەومابێ کە ویژدانی مرۆڤایەتی وەها لە خەو گەوزیوە کە تەنانەت بە سیخورمەی خەوی پیرێژنێک لەسەر ڕاستە ڕێیەک وەخەبەر نایات؟! ئەو ڕووداوە بچووکە لە ناخی خۆی دا هەڵگری ڕاستییەکی گەورەیە: ئێمە چی دیکە لە کۆمەڵگایەکی ئینسانی دا ناژین! ئەوەی کە ئێمە تێیدا دەژین کۆمەڵگایەکی حەیوانییە! هەڵبەت نەک کۆمەڵگایەکی حەیوانی کە هەموو لە نەوعێک بین! چوون پێشتر باسمان کرد کە تەنانەت ئاژەڵیش بەرامبەر بە هاونەوعی خۆی هەست بە بەرپرسایەتی دەکات! ئێمە هەر یەکەو ئاژەڵێکین! دانە دانە لە چەشنی خۆمان! کە نەتەنیا لەنێوچوونی تاکێکی ترمان بۆ گرینگ نییە، بەڵکوو وەک پڕ بە پانتای ئەوڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیارە هەوڵی لە ناو بردنی یەکتریمان لە زەین دایە! دەی لەو بار و دۆخە دا کوێی جێی سەرسووڕمانە کە مام ڕێوییەکی داماو ئەو پەندەی بەسەر بێت؟! لەگەڵ ئەوەشدا چۆن جێی سەرسووڕمان نییە ئەو کێبەرکێیەی لە نێوان و تاک و چالاک و پیاو چاک و هەموو لایەک لەسەر هاوخەمی دەربڕین لەگەڵ مام ڕێوی هاتووەتە کایەوە؟! مامەندئاغا کە رووداوەکان لە بەستێنی پێکهاتنەکەیان دا دەخوێنێتەوە و نەمامی ڕووداوەکان لە ڕەگەکانی هەڵنابڕێ، پرسەکان لە "کوللییەت"ی خۆی دا سەیر دەکا! تمەز مامەندئاغا و تۆ بگرە ئەڕەستووشی لەگەڵ بێ، لە شڵەژاوێتی ئەو کۆمەڵگا شڵەژاوە بۆ مام ڕێوی دەشڵەژێن!

تەنانەت لە تێئۆری تەکامولیی داروینیش دا ئەو بەشەی کە باسی تەنازوعی بەقا دەکات مەبەستی ئەوە نییە کە ئاژەڵە هاوچەشنەکان هەوڵی لەناو بردنی یەکتریانە؛ بەڵکوو باس لەوەیە کە ئەو چەشنە جۆراوجۆرانەی لە یەک شت دەخۆن بۆ مانەوەی خۆیان ناچارن ڕەقیبەکانیان لە مەیدان بەدەر کەن. بەڵام ئەو شتەی ئێستا لە کۆمەڵگای ئێمە و وڵاتانی دەورووبەر بە ڕوونی بە دی دەکردرێ ئەوەیە کە مرۆڤ لە هیچ هەوڵێک بۆ سەر بە گۆم داکردنی هاونەوعەکانی خۆ نابوێرێ! ئەوە لە ئاستی گشتی سیاسەتی نێو دەوڵەتی ڕا بگرە تا سەنگ و سووکی پێوەندییەکانی نێو بازاڕ و تەنانەت نێو بنەماڵە و هاوپێوەندی ژن و مێردایەتی بە ئاکارەکانمانەوە دیارە. ڕەنگە جێی سەرنجێکی قووڵ بێت کە لەو قۆڵەشەوە هەر گەیشتینە هەمان ئەنجام کە کۆمەڵگای ئێمە چیتر ناتوانێت کۆمەڵگایەکی ئینسانی و تۆ بگرە حەیوانیش بێت! ئێمە هەر هەموومان هەر کەسە و بۆخۆی جۆرە بوونەوەرێکە! ڕەنگە گەورە فیلسووفی زانست و خاوەنی تێئۆری پاڕادایمە زانستییەکان، تامس کۆهێن، بە خەونی شەوانیشی دا نەهاتبێت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە گۆشەیەکی ئەم دنیا پان و بەرینە دوو پاڕادایمی دژبەر دەتوانن بۆ لێکدانەوەی واقعییەتێکی کۆمەڵایەتی دەرەنجامێکی ئەوەندە نزیک و هاوتەریبیان بێت کە پاڕادایمی ئەڕەستوویی و پاڕادایمی داروینی لە شی کردنەوەی ئەو واقعەی کۆمەڵگای ئێمە دا هەیانە!

ئەگەر شەوانە هەر بۆ سەیریش بێت، بە چاوێکی ئاوەڵاوە سووکە دەورێک لە نێو شار دا لێ بدەین و سووکە چاوێک بە وڵات دا بخشێنین کۆی ئەوهەمووە بێ ئەنوا و بێ سەرپەنایانەمان دێنە بەرچاو کە لە گۆشە و کەناری ئەو شارە وەیلان و سەرگەردانن. ناکرێ هەروا بە سادەیی بڵێین ئەوانە ژیانێکی داڕووخاون کە لە هەڵبژاردنێکی ئازاد لە نێوان ئاوەڵدوانەی بەدبەختی و سەعادەت کەوتوونەوە! زۆر چاکە، با وا بێت و بڵێین زۆر بە ئاسایی دەکرێ ئەو قوربانیانە وەک بەرپرسی ئەوەی بەسەریان هاتووە سەرکۆنە بکرێن! بەڵام ئەوە هیچ لەو واقعە ناگۆڕێ کە ئەوانە تەنیا ژیانێکی دۆڕاو لەو هەل و مەرجە دا نین، بەڵکوو ئاماژەیەکی ئاشکران بۆ جورم و جینایەت و فەسادی چینەکانی داهاتوو کە هەر لە ئێستاوە لە کەلێن و پەسیوی ئەم شارە نەویون! کەس نییە لەمەڕ سۆربی دووکەڵی ئەوهەموە ماشێنە تەک سەرنشینەی خیابانی شاپوور و سێڕای وەفایی کە دەستیان ناوەتە بینەقاقەی ژیانی هەموومان پرسیارێک بخاتە بەردەم کۆمەڵگا و ویژدانی مرۆڤایەتی! کەس نییە لەمەڕ  ئەوهەمۆ داوێن پیسی و لەشفرۆشییەی کەوتوەتە لەشی کرمەڕێزی کۆمەڵگای ئێمە پرسێک بکا و دەنگێک هەڵبڕێ! لەو شارە پان و بەرینە دا تاقە دوو منداڵی کاری تێدایە -بە سەرمای زستان تا درەنگانی شەو لە سەر پردی حیکمەت دەسماڵکاغەزی دەفرۆشن- کە هیچمان سووکە ئاوڕێکمان وێ نەداون! تا مانای ڕاستەقینەی ئینسان لە جەستەکەی دا نەگەشێتەوە کوا ساڕێژی زامەکانی مام ڕێوی؟! ئەدی باشە کوان ئەوانەی یەک بەو ئینتێڕنێتە هاواری زامەکانی مام ڕێوی دەکەن؟! بۆ زۆربەی هەرە زۆریان لە بەرامبەر ئەم دزێوی و نەهامەت و نەگبەتییەی ژیانی هەموومانی داگرتووە بێدەنگن و تەنیا چاویان بڕیوەتە شەختان و بەسەرهاتی مام ڕێوی؟! ئەدی ئاواتە وە دی نەهاتووکانی مامەندئاغا؟! ئەدی کەڵکەڵەی "کوللییەت" و ڕوانین بۆ ناخی گرفت و گرێ و گۆڵەکان لە بەستێنی ڕوودانیان دا؟!