تاریخ: ۱۳۹۹/۴/۱۷
لە مەهاباد به دڵ گریام...

هونەرمەند عەدنان کەریم لە ڕێکەوتی 1963/7/1 لە شاری کەرکووک لە دایک بووە و و له‌بنچینه‌دا خه‌ڵكی دێی ژاژڵه‌ی سه‌ر به‌ناوچه‌ی شارباژێڕه‌.

له‌شاری سلێمانی ژیانی منداڵی و سه‌ره‌تای ژیانی هونه‌ری گه‌شه‌ی سه‌ندووه‌.

بێجگە لە هونەری گۆرانیبێژی، دەستێکی باڵای لە نیگارکێشی و ژەنینی سازی "عوود"دا هەیە.

لە ساڵی ١٩٨٠ لە کۆلێژی "هونەرەجوانەکان" لە شاری سلێمانی "نیگارکێشی" خوێندووە.

تا ئێستا چەندین پێشانگای نیگارکێشی هاوبەش و تاکەکەسی لە کوردستان و دەرەوە کردوەتەوە.

لە ساڵی ١٩٩١ی زایینی بۆ ماوەیەک لە شاری مەهاباد نیشتەجێ بووە و لەگەڵ هونەرمەند مامۆستا "محەممەد ماملێ" بووە.

له‌ساڵی 1992 ده‌گاته‌ وڵاتی سوید و درێژه‌ده‌دا به‌كاری هونه‌ری و یه‌كه‌م به‌رهه‌می له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به ناوی "بیرتان ده‌كه‌م" بڵاو کردەوە.

ئێستا لە زانکۆی سلێمانی وەک مامۆستا، خەریکی وانە گووتنەوەیە.

لە گۆرانییەکانی‌دا لە شێعری شاعیرانی کلاسیک و هاوچەرخ کەڵکی وەرگرتووە.

عەدنان کەریم یەکێک لەو هونەرمەندانەیە کە توانیوتی مەقامی کوردی بپارێزێ.

ئەلبۆمەکانی ئه‌و هونەرمه‌نده بریتین له: بیرتان ئەکەم (١٩٩٣)، ڕاز (١٩٩٥)، شەوی یەڵدا (١٩٩٦)، ئەڕۆی ئۆغر (١٩٩٩)، کۆنسێرتی سوید (٢٠٠٢) - گرووپی موسیکی ئاگری زیندوو، شنەی با (٢٠٠٢)، ئەمشەو (٢٠٠٦) - لەگەڵ کامکاران، تاڤگەیەک لە عیشق، وەفایی (٢٠١٠)، خاتوون (٢٠١١)، بادەی گوڵڕەنگ (٢٠١٢)- دەروازەیەک بۆ ناسینی مەقامی کوردی، گوڵی نازدار (٢٠١٣)، بادەی گوڵڕەنگ ٢ (٢٠١٥)، حەبیبە (٢٠١٧)، شەوبا (٢٠١٩)

23ی خاکەلێوەی 98ی هه‌تاوی وێڕای ڕیزگرتن له هه‌وڵ و تێکۆشانی هونه‌رمه‌ند عەدنان کەریم نازناوی شارۆمەندی فەخری مەهابادی پێ بەخشرا.

دوای بیست‌وحەوت ساڵ گەڕایەوە مەهاباد و ڕۆژانی 21 تا 23ی خاکەلێوەی 98ی هەتاوی کۆنسێرتێکی سێ ڕۆژەی بە هاوکاری گرووپی "سەمفۆنیک فیلارمۆنیکی مەهاباد" لە تالاری وەحدەت ساز کرد.
 به‌شێکی بەرچاو له داهاتی کۆنسێترەکه‌ی عەدنان کەریم له مەهاباد پێشکه‌شی خەڵکی لێقەوماوی لافاو لێدراوی ئێران کرد.  

 

هاژه: با سەرەتا لێرەوە دەست پێبکه‌ین، پێشوازی خەڵکی مەهاباد و بەشداری کردنیان له کۆنسێرته‌که‌تان چۆن بینی؟

بە پێی فراوان بوونی شار و جەمعیەتی شار کە گەورە و فراوان دەبێت، هەمیشە سۆز و عاتیفە کەم دەبێتەوە. بەڵام لە شاری مەهاباد ڕێک بە پێچەوانەیە، ئەوەی لە شاری مەهاباد دیتم ئەو خۆشەویستی و موحیبەتەی بیست‌وحەوت ساڵ لەوە پێش کە بۆ ئینسان و بۆ مرۆڤایەتی هەیان بووە، بۆ هونەرمەند و ئەدیب و نووسەری خۆیان و کەسانی زەحمەت‌کێشی وڵاتەکەیان هەیان بووە، هەمان ئەو ڕێز و خۆشەویسته‌یه که لە‌و سێ ڕۆژەدا هاتمەوە مەهاباد و لە تالاری وەحدەت لە خزمەتیان دابووم.

هاژه: وەکی بزانین ژیانی هونەری ئێوە بە چەند بەس دابەش دەبێ، لە لایەک نیگارکێشیتان لە بەشی هونەرەجوانەکانی زانکۆ خوێندووە، لە بەشی ئامێری "عوود"یش‌دا مامۆستایەکی نێو بەدەرەوەن هەر وەها کە لە بەشی هونەری ئاواز و گۆرانی‌شدا جێگەتان دیارە. چۆن بوو بیر و زەینتان بۆ لای "نیگارکێشی"دا ڕاکێشرا؟

من هەر لەسەرەتای دەورەی خویندنی سەرەتاییەوە (قۆناغی پێنج و شەشەم) حەزم لە نیگارکێشان بوو. لە بیرم دێ لە کلاسی حەوت بووم، کتێبی جوغرافیا یان مێژوو لاپەڕەکانیان بڕێک سپی بایە وێنەی مامۆستاکانم دەکێشایەوە. جا ئەوە خولیایەک بوو و حەزم لە وێنە‌کێشان بوو، بەڵام لە تەنیشت ویشەوە حەزم لە گۆرانی‌ش بوو و جار و بار گۆرانیشم دەگوت. جا ئیدی کە لە ساڵی ١٩٨٠ کە کۆلێژی "هونەرەجوانەکان" لە شاری سلێمانی کرایەوە، بەشی مۆسیقای تێدا نەبوو کە من بچمە بەشی مۆسیقا و لەوێ درێژە بە خوێندن بدەم. چونکە ساڵی ١٩٧٩ گۆرانی "دەسماڵێ"م له بەغدا تۆمار کردووە. واتا من وەک گۆرانیبێژێک لە نێو شاری سلێمانی ناوبانگم هەبوو و ناسراو بووم. دوای ئەوەی کە بەشی "هونەرەجوانەکان" کرایەوە، دەمهەویست بچمە بەشی مۆسیقا، بەڵام بە هۆی نەبوونی بەشی مۆسیقا ئەو هەلە نەڕەخسا، تەقریبەن دوای دوو ساڵ بەشی مۆسیقایان کردەوە. ئەگەر ویستبایەم بەشی مۆسیقا بخوێنم، دەبا بۆ بەغدا چووبایەم، لە بەغداش خەرجیم زۆر دەبوو، چون بابم پۆلیس بوو لە بواری ماڵیدا دەست‌کورت بوو، خەرجی منی بۆ دابین نەدەکرا. چون تەنیا بەشی "مۆسیقا" و "شانۆ" لەوێ هەبوو و من تەنیا دوو بژاردەم لەدەست دابوو، لەبەر ئەوە من بەشی "نیگارکێشی"م هەڵبژاد، بەڵام لە تەنیشت ئەویشەوە کاری مۆسیقا و گۆرانیم کردووە و بە جۆرێک هەر دووکیانم یەکڕا کار دەکرد و ئێستاش حەز دەکەم بچمە سرووشت و کاری نیگارکێشان بکەم، ئێستاشی لەگەڵ دابێ هەر دوو هونەرەکە گەشەیان ستاندووە و حەز و خولیای خۆمن و لێکیان هەڵ نابڕم. ئێستاش لە زانکۆی سلێمانی لە سێ پۆلدا وانەی "ئاوڕەنگیان" پێ دەڵیم.

 

هاژه: کە واتا لە تەنیشت کاری مۆسیقا و گۆرانی‌دا لە کاری نیگارکێشیش‌دا هەر بەردەوامن، پێشانگاشتان بۆ کارەکانی خۆتان بەرێوە بردووە؟

بەڵێ، من تا ئێستا چەندین پێشانگای هاوبەشم لە کوردستان و ئەوروپا کردۆتەوە. هەر وەها پێشانگایەک تایبەتیشم لەسەر سرووشتی کوردستان لەگەڵ هونەرمەند "ئاکۆ غەریب" کردۆتەوە، دوای ئەوەش سێ پێشانگام لەگەڵ هونه‌رمه‌ند ڕێبوار سەعید کردووەتەوە.

هاژه: یەکەم جار ڕووبەڕوو بوونتان لەگەڵ سازی "عوود" چۆن بوو خولیای ئەو سازە بوون؟

یەکەم جار ساڵی 1987 که خێزانم پێک هێنا، ئیدی "عوود"ێکی خراپم دەسکەوت، چوونکە نەمبوو، ئەدی کەم‌کەم عوودەم چاک کردوو و سیمم بۆ کڕی ئەدی هەموو ڕۆژێ خۆم لەگەڵ مەشغووڵ دەکرد، پرسیارم دەکرد کە پەنجەکانی کوێن و ئەوە چ تۆنێکە و ئەدی بە دەم پرسیارکردنەوە خۆم ڕا هێنا و توانیم بە ئامیری "عوود"ەوە چەند ئاهەنگێک بژەنم. وردەوردە پەرەم پێدا. چون هەموو ڕۆژێ تەمرینم دەکرد کە چاکتر فێری "عوود" بووم.

هاژه: لەسەر فێرکاری سازی "عوود"، ئایا کەسێک بووە کە هاندەرتان بێ یان لەسەرتان شوێنی دانا بێ یان هەر خولیای خۆتان بووە؟

لەسەر فێرکارێکە، برادەرێک بوو نێوی "عەزیز" بوو، لە سلێمانی "مام‌عەزیزیان" پێدەگوت، ئەسڵی "عوود" ئەو پێی گووتم چ بکەم، سەرەتا پەنجەکان چۆن دانێم و چۆن دانەنێم، ئیتر خۆم بەرە بە بەرە پەرەم پێدا. 

هاژه: مامۆستا وەک هونەرمەندێک کە دەرد و ئازاری میلەتەکەتان دیوە و دەرکتان کردووە و لەگەڵیشی هەستاون، چوون، بەتایبەت لە کۆرەوە گەورەکەی ساڵی ١٩٩١ کە لە باشوورەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی دا، ئیستا وەک هونەرمەندێک کە لە بەشی هونەری‌دا ئێش دەکەن، چ وێنەیەکتان لەو ڕۆژەدا لە زەین دایە؟ ئەگەر بیر لەو ڕۆژە دەکەنەوە، چ شتێکتان وەبیر دێنێتەوە؟

ئەوە هەموو کاریگەرییەکانی ئەو ئێش و زامانەن کە بەسەر مرۆڤی کورددا هاتووە، لە کیمیابارانی هەڵەبجەوە بگرە تا ئەنفال و کۆڕەو و...، ئەمانە بابەتێکی گرینگن کە دەبنە خەمێکی گەورە بۆ من، ئەوانە بۆ من دەبنە بەرهەمێکی جوان، بەرهەمێک کە بە زیندوویی دەمێننەوە. هەر بۆیە ئەو کارەساتانە کاریگەری تایبەتی خۆی هەیە، بۆیەش توانیومە کە ئاهەنگ و گۆرانی بۆ ئەو یادانە دانێم. من کەسێکم کە توانیومە خۆم ئاهەنگ دانێم. ئاهەنگ وهۆندراوە و گۆرانییەکانی خۆم دانێم، کەمترین ئاهەنگی کەسی دیکەم بەکار هێناوە، لەبەر ئەوە من بۆخۆم باشتر لە ئازارەکانی خۆم تێگەیشتووم کە چۆن بتوانم دەری ببڕم.

 

هاژه: نێوانتان لەگەڵ شێعر چۆنە، بەڕێزتان شێعری شاعیرانی کلاسیک و نوێ‌تان کردووەتە گۆرانی، شێعر چەندە ژیانی ئێوەی لە خۆ گرتووە؟

شێعر بۆ من بەشێکی گەورەی ژیانە، چون من لە بەشی شێعری شاعیرانی کلاسیک و هاوچەرخەوە کارم بۆ کردوون. هەرگیز من ئاهەنگێکم دانەناوە بەبێ شێعر بێ، بۆیە هەموو کات لە شێعر کەڵکم وەرگرتووە. پێش ئەوە ئاهەنگ بۆ شتێک دانێم، شێعرەکەم هەڵبژاردووە و دەبێ بزانم قووڵایی شێعرەکه له کوێ دایه. لە شێعری شاعیرانی هاوچەرخیشدا لە چەندین شێعری ڕێزداران "کاک عەبدووڵڵا پەشێو، کاک شێرکۆ بێکەس، جەماڵ خەمبار، دلاوەر قەرەداغی، بەختیار عەلی، سوارە ئێلخانی‌زادە" و زۆر یەک لەو شاعیرە هاوچەرخانەی‌تر کە من ئاوازم بۆ شێعری وان داناوە. لە شێعری شاعیرانی کلاسیک‌یش‌دا لە شێعری "نالی، وەفایی، سالم، حەمدی، مەحوی، کوردی، گۆران، پیرەمێرد، تاهیربەگی جاف" و زۆر لە شێعری شاعیرانی ترم گووتووەتەوە.

هاژه: مامۆستا بەڕێزتان کاتێک کە لە مەهاباد بوون، لەگەڵ کاک محەممەد ماملێ و کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی دی کارتان کردووە، چ ماوەیەک لە شاری مەهاباد نیشتەجێ بوون؟

لە ئەوەڵی بەهاری ساڵی ١٩٩١ هەتا کۆتایی پاییزی ئەو ساڵە من لە مەهاباد مامەوە و دوای ویش بەرە سنوور ڕۆیشتم و پەڕیوەی هەندەران بووم.

هاژه: ئەو ماوەیە کە لە مەهاباد نیشتەجێ بوون، کارکردنتان لەگەڵ کەسێکی وەک کاک "محەممەد ماملێ" چ ئەزموونێکی‌ دا بە ئێوە؟

بۆ من ئەزموونێکی زۆر گەورە بوو، کاک محەممەد ماملێ هونەرمەندێکی گەورە و بەشەخسییەتە و من لە خزمەت جەنابیان فێری هونەری باڵا و ئەخلاقیاتی هونەرمەند بووم. بە گشتی هونەرمەندانی ئەو شارە کەسانی زۆر بەڕێز و خۆشەویستن، منیش بەپێی توانا، ئەو ماوەیە کە لێرە بووم توانیومە یارمەتی ئەوان بدەم و لەوانیشەوە فێری زۆر شت بم و بۆ من ئەزموونێکی زۆر باش بووە.

هاژه: سەبارەت بە "تابڵۆ موزیکاڵی هەڵەبجە" کە لە مەهاباد بەڕێوەچووە، بۆمان بدوێن.

ئەم کۆنسێرتە لە ساڵی ١٩٩١ لە لایەن "ڕەشید فەیزی‌نیژاد" بەڕێوە چوو و لەوێدا "سەرتیپ ئەحمەد" بەڕێوەبەری دووهەم بوو، چونکە کارەکان زیاتر کاک "سەرتیپ ئەحمەد" دەینووسێوە. موزیک‌ژەنەکان، هی ئەو دیو (باشوور) بوون و زۆر یەک لە هونەرمەندانی ئێرەش (ڕۆژهەڵات) بەشداری بوون. کۆنسێرتەکە جێبەبێ کرا، گۆرانیبێژەکانیش کاک ئەحمەد ئیسلامی، کاک محەممەد دانیش و ڕەشید فەیزینیژاد بوون. من ئەو کاتیش تابڵۆیەکی گەورەم بۆ یادی کۆڕەوەکە کێشاوە و لە شوێن سینەمای ئەو کات پێشان درا و هەر لەوێش داندرا کە درێژی ٥ میتر و بەرزیشی ٢ میتر بوو، ئەدی نازانم دوایە کە من لە مەهاباد نەمام ئەو تابڵۆیە چی لێهات و پێم خۆشه ئێوە بەدواداچوونی بۆ بکه‌م بزانن تابلۆکه ماوە یان نا.

هاژه: دوای ساڵانێک کە بۆ مەهاباد گەڕاونەوە و ئێستا کە لەگەڵ گرووپی سەمفۆنیکی فیلارمۆنیکی مەهاباد کۆنسێرتان بەڕێوەبردووە، پێتان وایە مەهاباد لە بواری موزیکەوە تا چەند توانیوێتی پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێ؟

لە ڕاستیدا بیست‌وحەوت ساڵ بەر لە ئێستا موزیک‌زان لەو شارەدا زۆر کەم بوو، بەڵام ئێستا کە ئەو هونەرە بەرزە دەبینم، دەبینم گرووپێکی ڕێک‌وپێک بە ڕێبەرایەتی و ئازایەتی ڕێزدار "کاوە فەقێ‌زادە" پێک هاتووە زۆری پێ دڵخۆشم و ئەوەی کە ئەو مۆسیقایەی ئەو ئامادەی دەکات، دەتوانم بڵیم تا سەر ئێسقان کوردییە، چون دەتوانم بڵێم موسیقی‌زانێکە کە لە بەند و باوی کۆن‌ و فۆلکلۆری کوردی‌دا شارەزایە و بە گشتی ئەو بەشە فۆلکلۆرانەی کە لە مۆسیقای کوردی‌دا هەیە، ئەگەر بێت و ئاهەنگ‌سازێکی گەورە بتوانێ شارەزایەکی باشی لە فۆلکلۆری کوردی‌دا هەبێت دەتوانێ ڕێنجی گۆرانییەکان و مۆسیقاکان مۆرکی کوردی بپارێزێ. لەبەر ئەوە بوونی ئۆرکێسترای موکریان بۆ من مایەی خۆشحاڵییە، چون ئەوەی من پێشکەشم کرد، مۆسیقاکەی تا سەر ئێسقان کوردی بوو، هیوادارم هەمیشە بەردەوام بن. خێزانی مەهاباد زیاتر حەول و تەقەلا بدەن منداڵەکانیان فێری موسیقا بکەن، پارێزگاری لەم ئۆرکێستە بکەن، چونکە ئەم ئۆرکێستە وەک منداڵێک خۆشەویستی شارە، هەر شارێک کە گرووپێکی ئۆرکێستی تێدا بێ، مەعنای ئەوەیە ئەو شارە، شارێکی موتەمەدین و پێشکەوتووە.

 

هاژه: مامۆستا، دەڵێن دوای مامۆستایان "تاهیر تۆفیق، عەلی مەردان و ماملێ" ئێوەن کە توانیوتانه مەقامی کوردی بپارێزن، ئێوە بۆ ئەوەی کە ئەو ڕساڵەتە بۆ نەوەی نوێ ڕاگوێزن، تا چەند حەول و تەقەلاتان داوە؟

لە ڕاستیدا ئەوە شانازییەکە کە خەڵک بە منی بەخشیوە، بۆخۆم ئێستاش بەدوای ئەوەم کە وەدوای زانین و فێربوون کەوم، ئەوە حوب و خۆشەویستی خەڵکە کە ئەو شانازییەیان بە من بەخشیوە، لە حاڵێک‌دا من ئەوە هەر لە حاڵی فێر بوون دام. گرینگە کە نەوەی نوێ ئەو هونەرمەندانە بناسێ. وەک هەوێنێک، چۆن ماست هەوێنی نه‌بوو نابێتە ماست، هونەری کوردیش ئەگەر بێتوو ئەو هونەرمەندانەی تێدا نەبێ، نابێ بە هونەری کوردی، دەبێ هەمیشە گوێ بدرێنێ، نەسلی تازە دەبێ لەوانه بگرن لەوانە‌وە فێر بن.

هاژه: سەردەمی پێشوو کە ئیمکانات کەم بوو هونەرمەندان هەمیشە چەندین کاریان دەدا دەرێ و بە باشی کاریان دەکرد، بەڵام لە دۆخی ئێستادا کە دۆخەکە بە نیسبەت ڕابردوو باشترە و ئیمکانات زۆرترە، کاری هونەری کەمترە. بە بڕوای ئێوە هۆکاری کەم کار کردنی هونەرمەندان کە بە چەند ساڵ جارێک ئاڵبۆمێک دەدەنە دەرێ لە چیدا دەبینن و هۆیەکەی بۆچی دەگەڕێننەوە؟

من ناتوانم وڵامی ئەوە بدەمەوە، چون هونەرمەندێک کە لە کوردستان‌دا کار دەکات یان ناکات دەلیل و بەڵگەی خۆی هەیە، جا بۆیە ناتوانم بڵێم کە هۆیەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە و ئەوەی کە بەو کارە کارێکی خراب دەکەن یان کارێکی باش دەکەن. چون من مامۆستای کەس نیم، چون هەر هونەرمەندەی دەلیل و خەمی خۆی هەیە، منیش ڕێز لە خەم و ئازار و دەلیلەکانی ئەوان دەگرم. 

هاژه: زۆر سپاس مامۆستا که ئه‌و دەرفەتەتان بۆ ئێمه و خوێنەرانی هاژه ڕەخساند. له کۆتاییدا ئه‌گه‌ر وتەیەکتان هه‌یه فەرموون.

من هەر ئەوەندە دەڵیم کە لەو ماوەیەدا ئەو سێ کۆنسێرتەم لە شاری مەهاباد بەڕێوە برد، لەو پەڕی خۆشێ‌دا بووم، زۆرم پێ خۆش بوو، هێندێک جار کە سەیری سرووشتم خەکرد و سەیری خۆشەویستی ئەو خەڵکە ئەکرد، چاوم پر دەبوو لە ئاو. که دەچوومه لای هێندێک برادەر و کەسانی خۆشەویست، لە مەهاباد بەدڵ گریاوم، ئەوە بۆ من هەموو جوانییەکە، سپاس بۆ هەموو لایەکتان. سپاس بۆ جەنابیشتان.