تاریخ: ۱۳۹۹/۶/۲۵
کۆڕی شرۆڤە و لێکدانەوەی هاوارەبەرە و میرزا لە مەهاباد بەڕێوە چوو
به پێی هه‌واڵی هاژه، "ئەنجومەن ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد" لە دڕێژەی حەوڵ و چالاکیەکانی خۆی شازدەهەمین کۆڕی ڕخنە و هەڵسەنگاندنی لە سەر کتێبی"هاوارەبەرە و میرزا" نووسینی مامۆستا (فەتاح ئەمیری) لە فەزای مەجازی"ژووری دیالۆگ" بە شێوەی ئانلاین و نووسراوە بە بەڕێوبەرایەتی خاتوو "چرۆ پەرویزنیا"بەڕێوە برد. لەو کۆڕەدا خاتوونان دوایی مانگێک خوێندنەوە ماڵاواییان لە بژاردەی ئەم جارە کردو،  وەک دەسپێک، بەشێک لە ئەندامان بە نووسراوە و فایلی دەنگ، بابەت و وتارەکانیان پێش‌کێش کرد، ئەو خاتوونە بەڕێزانەی بابەتیان پێش‌کێش کرد بریتی بوون لە: 
۱. "عیشرەت موشفێق"وتاریک لە ژێر ناوی" دوو ڕۆمان بۆ گەشەی زمان"
۲. "سوغرا ڕەزگەیی" یادداشتێک لە سەر زاڵ بوونی بیروڕای ئینسانی بەسەر جیاوازی چینایەتی لە ڕۆمانی هاوارەبەرە و میرزا.
۳. "گەلاوێژ بەیگ نیا" لێکۆڵینەوەیەک بۆ جێگای دیاریکراو لە کەسایەتیکانی ناو ڕۆمان لە گۆشەنیگای تایبەتەوە.
٤. "سنەوبەر فەتتاحی"خوێندنەوەیەکی ناوەڕۆکییانە لە سەر کتێبی هاوارەبەرە و میرزا.
٥. "چرۆ پەرویزنیا" وتاریک بە سەردێری ڕۆڵی زمان لە ڕۆمانی کوردی. 
زمان و ناسنامە کۆڵەکەی ژیانی هەر نەتەوەیەکە و هەر نەتەوەییک زمانەکەی لێ بستێندرێتەوە خۆشی لەناو دەچێت، بەڵام بە پاراستنی زمان بوونێک بۆ خۆی   دەستەبەر دەکا کە لە نەتەوەکانی دیتر جیاواز بێت، لە حالێک دا کە هەر لەو زمانە کەڵک وەردەگرێ بۆ پێوەندی گرتن دەگەڵ نەتەوە جۆربەجۆرەکان.  
مرۆڤ بە درێژایی مێژوو هەوڵی داوە لە ڕێی ئاخافتن، نووسین و خوێندنەوە زمانی خۆی بپارێزێت، گەشەی پێبدا، و شۆناس و هووییەت بۆ خۆی ساز بکا. دیارە لەم بوارەشەدا نووسین بەگشتی و ڕۆمان بەتایبەت ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە بۆ پاراستن و گەشەی زمان. هاوارەبەرە و میرزا یەک لەو بەرهەمانایە کە داڵغەی سەرەکی نووسەر، زمان و کلتوور و داب و نەریتی کۆمەڵگای کوردەوارییە، هەۆڵێکی بێوچان بۆ پاراستن و زیندوو ڕاگرتنی ئەو زمانە ڕەسنەیە، نەکا بکەوێتە ژێر سێبەری مۆدێرنیتە و لە بیر بچێتەوە.
 ئاوازی وشەی کوردییە کە لە گوێتا دەزرینگێتەوە و مرۆڤ بۆ چەند چرکە سات دەکەویتە دونیای بیر و هزر و ئەندێشە. هاوارەبەرە هاوار دەکا بە دەنگی شمشاڵ، بە بەکارهینانی بەجێ و ڕێ و گونجاوی زمانێکی مووسیقاری به پێی بار و دۆخ و حاڵ و هەوای کاراکتێرانی ناو ڕۆمانەکە، وەک مێلۆدیکی ئاشنا، کە لە ناخی دڵ و هەستی تاکی کورد ڕۆدەنیشێ. هاواری ژیانە کە بە ناخی بلوێردا تێدەتووڕێنێ و سرنج و مێهرەبانی گوند بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و بەردەنگ دەباتە ناخی ڕۆمان، دیارە کە نووسەر بە ئەنقەست وشەی وادەخاتە ناو دیالۆگەکانەوە کە ڕەنگبی زۆر خوێنەر نەیبستووە. ڕۆمانی دووبەرگی ناوبراو دارماڵ کراوە بە پەندی پێشینیان و مەسەل و مەتەڵ و قسەی نەستەق زۆر بەکار دێنێ و پڕە لە مێتافۆڕ، بە دەنگی بلوێر و شمشاڵ دەیهەوی چ پەیامێک بگەیێنێ، باس لە خەباتی نەتەوایەتی دەکا یا نوینەری سەردەمانێکی دیاریکراوی لە مێژووی کۆمەڵگایە،  یا دراماییکە، یا فۆرمێک لە ژانر ئەدبیەکان کە باسی زۆڵم و زۆرداریە، ئایا داواکانی ڕۆمانەکە بە کوێ دەگات؟
ئەوەی کە زۆر لە خوێنەران لە سەری سووربوون: زمان وەک سازدەرێکی شۆناس لەم ڕۆمانەدا ڕۆڵێکی گرینگ و بەرچاوی هەیە و لە هەر هەڵفرین و دواکەوتندا تەنیا بەشێک کە لە بیر ناچێتەوە زمانە کوردییەکەیە.
شایانی باسە لە کۆتایی ئەم کۆڕە ئانلاینە هاوڕێیانی ترمان لە "ژووری دیالۆگ" بە ئاڵ و گۆڕی بیر و بۆچوونی جیاواز پێشوازیکی گەرموو گۆڕیان کرد لە کۆبوونەوەو بژاردەی‌‌ ئەو جارەمان و بۆ کۆڕی داهاتووی ئەنجومەن، خاتوونان پشک دەخەنە سەر کتێبی (مادر لە ماکسیم گورکی) بۆ شرۆڤەو لێکدانەوە. 
سه‌رچاوه: "ئەنجومەن ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد"