تاریخ: ۱۳۹۹/۸/۲۵
مامۆستا محەممەدسەدیق مەحموودی باشتر بناسین
محەممەدسەدیق محمودی( ١٣١۶_١٣۶٣) شاعیر و نووسەری پایەبەرزی کورد لە ساڵی ١٣١٦ی هەتاوی لە پاشبڵاغ لە ناوچەی موکریان چاوی بە دنیا کراوەتەوە.

ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی لە لایەن مامۆستایانی گەورەی ئایینی سابڵاغ(مامۆستا مەلا حوسێن مەجدی، مامۆستا مەلا عەبدوڵای مودەڕسی و ...)، ئیجازەی وەرگرتووە.

لە زانستی ئایینی دا شارەزایی تەواوی بووە و بە سەر وردەکاریەکانی زمان و ئەدەبی کوردی و فارسی و عەرەبی، زاڵ بووە و بە هەر سێ زمان شێعری کوتووە.

لە زانکۆی تاران هەم لە کۆلێژی زمان و ئەدەب، و هەم لە کۆلێژی حقووق، دەرسی خوێندووە.

بەرهەمەکانی بریتین لە :
دیوانی وەنەوشە: شێعر
خەوێکی هەتا سەر: پەخشان
زریانی دڕ: پەخشان
مشکی نەترس: شێعر

لە پێشەنگانی شێعری نوێ لە کوردستانی ئێران بووە. ئاڵاهەڵگری تازەگەری لە شێعر و پەخشانی کوردی لە ساڵانی ٣٧ تا ٥٨ی هەتاوی بووە.

لە پەخشان نووسانی هەڵکەوتووی کورد بووە.

لە مامۆستایانی گەورەی بواری وەرگێران بووە.

یەکێک لە خۆشنووسانی دیاری ناوچەی موکریان بووە.

شەجەرەنامەی مامۆستا بەم چەشنەیە:
محەممەدسەدیق مەحموودی، مەلابرایمی قاڕنجە، مەلا ساڵحی سەرا، مەلا عەبدوڵای شەمۆڵە، مەلا سەعدی شەمۆڵە، مەلا مووسای دووهەمی شەمۆڵە، مەلا مووسای یەکەمی شەمۆڵە، مەلا برایمی قازی، مەلا جامی، مەلاعەبدولکەریم، مەلامەحموود ناسراو بە مەولانای شەمۆڵە، مەلا ئەبووبەکری موسەنیف.

 لەگەڵ زۆربەی زانایانی ئایینی و ئەدەبی سەردەمی خۆی، پەیوەندی بووە. لەبواری ئایینی دا لەگەڵ مامۆستایانی گەورەی ناوچە، وەکوو مەلا محەممەد وەڵزی، مەلا عەلی ڕەببانی بوغدەکەندی و مەلا هادی ئەفخەم زادە، و لە بواری ئەدەبیش دا دەگەڵ مامۆستایانی پایەبەرزی وەکوو سەیدکامیل ئیمامی، هێمن و سوارە ئیلخانی زادە پەیوەندی بووە.

مامۆستایەکی نیشتمان پەروەر بووە و لەم ڕێیەدا  تووشی کڵۆڵی زۆر بووە.

بەداخەوە گوڵی ژینی ئەو مامۆستا پایەبەرزە لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا هەڵوەریوە و لە ساڵی ١٣٦٣ کۆچی دوایی کردووە.

پاش کۆچی دوایی مامۆستا مەحموودی، مامۆستا هێمن دەگەڕێتەوە ورمێ و ئاشنایێکی نزیک ڕادەسپێرێ کە  شێعرەکانی مامۆستا مەحموودیم بۆ بنێرن تا پێشەکی لە سەر بنووسێ و ئینتشاراتی سەلاحەدینی ئەییوبی چاپی بکا، بە داخەوە ئەجەل، مۆڵەتی ئەو کارە بە مامۆستا هێمن نادا و پاش کۆچی دوایی مامۆستا هێمن، کتێبەکە بە کەم و کورتی و هەڵەیێکی زۆرەوە، لە لایەن سروە لە ساڵی ١٣٦٧ چاپ دەکرێ. دواتر لە ساڵی ١٣٨٨،سەرجەمی بەرهەمەکانی مامۆستا مەحموودی لە لایەن نەشری ئیحسان لە تاران، بە شێوەیێکی ڕێک و پێکتر، چاپ و بڵاو کراوەتەوە.