تاریخ: ۱۳۹۹/۱۰/۲۲
لە خەرمانی فەرهەنگی زارەکیی موکریان، بەرگی ٩ و ۱۰ی بڵاوکرایەوە

بە پێی هەواڵیی هاژە، لە خەرمانی فەرهەنگی زارەکیی موکریان، بەرگی ٩ و ۱۰ی بڵاوکرایەوە.

بەرگی نۆی فەرهەنگی زارەکیی موکریان لە پیتی «سین» بە قەبارەی ۷۹۵ لاپەڕە و بەرگی دەیی لە پیتی «شین، عین، غین، ف»ێ بە قەبارەی ۹۵۶ پێک هاتووە کە بۆ ئەم دوو بەرگە دوکتور حەمید حەسەنی، فەرهەنگ‌نووس و تۆژەری باڵای فەرهەنگ‌ستانی زمان و وێژەی فارسی و دوکتور محەممەد خرزی‌ئەقدەم توێژەر و وەرگێڕ پێشەکیان بۆ نووسیون.

دوکتور محەممەد خزری‌ئەقدەم لە پێشەکی ڕووبەرگی نۆدا بە سەردێڕی «گەڕان بە شوێن ڕەسەنایەتی‌دا، پڕۆژەی سەلاح پایانیانی بۆ میراتی بن‌زاری موکری لە ڕێ‌ڕەوی تێ کۆشانی فۆلکلۆری کوردی‌دا» باسێک لە سەر «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» دێنێتە ئاراوە کە بە چەند سەردێڕی «سەرەتا، بەرکوتێکی خەرمانی لێ کۆڵینەوەی فۆلکلۆریک، گورگاوڕێک لە تێ کۆشانی فۆلکلۆری کوردی، لەنگەرێک لەسەر پڕۆژەی میراتی بن‌زاری موکری، ئێستا و داهاتووی پڕۆژەی میراتی بن‌زاری موکری و دواوتە» دەست پێدەکات و بۆ هەر یەک لەم سەردێڕانە شرۆڤەیەکی کورت و پووخت دەنووسێت.

خزری‌ئەقدەم توێژەر و وەرگێڕ لەسەر ئەو بڕوایەیە کە «فەرهەنگی زارەکیی موکریان»، پڕۆژەیەکی چەند ڕەهەندی و ڕەسەن و دەگمەنە کە «دەکرێ لە لایەک وەک میرات‌گری بەرەی پێشوو سەیر بکرێ» و لەلایەکی دیکەش ڕا لە «خانەی ئافراندن لە لێ کۆڵینەوەی فۆلکلۆری کوردی‌دا» سەیر بکرێ کە لە مێژووی کاری کوردی‌دا دوو ڕەهەندی جیاوازی «دابەزاندن» و «داهێنان» لە خۆ دەگرێت.

ناوبراو وێڕای باس کردنی تایبەتمەندی‌یەکانی «فەرهەنگی زارەکیی موکریان»، کارکردەکانی ئەم پڕۆژەیە بە چوار بەشی «کارکردی ئەدەبی(وەک خەزێنەیەکی سەربەمۆری وشە و وتە و واتا)، «کارکردی زمانی (وەک لێ کۆڵینەوە لەسەر زمانی کوردی و ئەو ئاڵ‌وگۆڕانەی کە هەنووکە لەو زمانەدا هاتووەتە ئاراوە)»، «کارکردی فێرکاری (وەک قوتاب‌خانەیەک پەروەردەکردنی زەینی ئەدەبی کوردی)» و «کارکردی ئەنترۆپۆلۆژیک (وەک ئەم فەرهەنگە دەتوانێ ژێ‌دەرێکی باش بێ بۆ ئەوانەی وا بە مێتۆدی زانستی دەیانهەوێ لەسەر ئێتنووسی کوردیی کەندوکۆژان بکەن و لایەنە جۆراوجۆرەکانی لێک‌دەنەوە)» دابەش دەکات و لێکدانەوەیان بۆ ئەنجام دەدات.

دوکتور محەممەد خزری‌ئەقدەم بۆ «ئێستا و داهاتووی پڕۆژەی میراتی بن‌زاری موکری» لە سەر ئەم بڕوایەیە کە ئەم پڕۆژەیە «جگە لە ڕەهەندی دابەزاندنی میراتی زارەکی بۆ سەر ڕووپەڕان، کە لە ئاستی داهێنانیش‌دا خۆی لە دانانی فەرهەنگێکی زارەکیی ناوازەدا دیوەتەوە، پشت‌بەستوو بە ڕابردووە بووەتە کارێکی نرت‌ونوێ لە مێژووی لێ کۆڵینەوەی کوردی‌دا»، هەر بۆیە ئەگەر سێ ئەرکی «پێداچوونەوەی بەردەوام»، «پەرەپێ‌دان» و «خۆ گونجاندن دەگەڵ تەکنەلۆژییای سەردەم» بۆ ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت، بێ‌گومان زیاتر لەوەی کە هەیە هەرمان‌تر دەمێنێتەوە.

دوکتور حەمید حەسەنی لە پێشەکی ڕووبەرگی دەدا دەڵێت کە «فەرهەنگی زارەکی موکریان سەرتۆپی فەرهەنگەکانی مێژووی ٣٤٠ ساڵەی فەرهەنگ‌نووسی کوردی‌یە» کە توانیوێتی «زۆربەی وشە، دەستەواژە، لێکدراو، مەتەڵ، مەسەل، کایە، فڕ، جنێو، کینایە و... کە لەسەر زاران ماونەوە» لە فەوتان ڕزگاریان بکات و شرۆڤە و لێکدانەوەیان بۆ ئەنجام دات.

حەسەنی، فەرهەنگ‌نووس و تۆژەری باڵای فەرهەنگ‌ستانی زمان و وێژەی فارسی ڕای وایە کە «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» بەپێچەوانەی زۆربەوی ئەو فەرهەنگانەی کە تا ئێستا نووسراون «بۆ هەر کام لە وشە و سەروشەکان (سەروشە: Entry)، ئەوەندەی گونجاوە، مانا و عیبارەتی فێعلی نووسیوە» کە بە بەراوەرد دەگەڵ فەرهەنگە فارسی و کوردی‌یەکان پێش و پاش خۆی بە ئێستاشەوە «بەرچاوترین جیاوزی ئەوەیە کە لەگەڵ ئەوەی خەسڵەتەکانی فەرهەنگ‌بوونی پاراستووە، هاوکات سنوورەکانی فەرهەنگی وشەی پەڕاندووە و هەرێمەکەی هەراوتر کردۆتەوە، لەو ڕوانگەیەوە فەرهەنگێکی مەیلەو ئینسکلۆپێدیایە لە بواری زمان‌دا» سەیر دەکرێ.

دوکتور حەمید حەسەنی لەسەر ئەو بڕوایەیە کە داڕشتەی«فەرهەنگی زارەکیی موکریان» لە «فەرهەنگ‌نووسی کوردی‌»دا تاقانەیە کە «هەم سەرەتایە و هەمیش ڕەنگە بنەتا بێ»، چون وشەی ئەم فەرهەنگە لە زایەڵەی «حەیران‌بێژ، بەیت‌بێژ و حەقایەت‌خوانەوە» سەرچاوە دەگرێ «بەستێنێکی بۆ هەڵکشانی عومری وشە دابین کردووە کە پێش‌تر نموونەی نەبووە.»

دوو تۆیی ڕووبەرگی پیتی «سین » و «شین، عین، غین و ف»ێ «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» لە لایان عەزیز ئالی کاری پێداچوونەوەی زانستی بۆ کراوە و عەلی سەمیمی کاری نەخشەسازی ناوەوە و بەرگی بۆ کردووە کە لە سەر ئەرکی «خانەی موکریانی» چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

شایانی ئاماژەیە کە فەرهەنگی زارەکیی موکریان لە سێ به‌ش پێکهاتووە کە بریتین لە:  فەرهەنگی ئەلف‌وبێیی کە تا ئێستا ۱۰ بەرگ تا پیتی «ف»  لێ چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
هەر وەها لە هەمان کات‌دا ئەدەبیاتی زارەکیی ژنان و منداڵانی موکریان لە ۳ بەرگ‌دا چاپ و بڵاو کراونەتەوە. ئەم فەرهەنگە چەندین کتێبی سەربەخۆی‌تری سەر بە پیشەکان، هونەرە دەستییەکان، کشت و کاڵ و ئاژەڵداری و... لەخۆ دەگرێ کە وا بڕیارە لە ماوەی ٤ ساڵاندا کۆتایی پێ بێت. بەشی یەکەمی ئەم پڕۆژەیە کە ١٩ بەرگ لە خۆ دەگرێ تا ۲ ساڵیی داهاتوو تەواو دەبێ کە لەم خەرمانە بەرەکەتەدا تا ئێستا ۱۶ بەرگ بڵاو کراوەتەوە.