تاریخ: ۱۳۹۹/۱۲/۱
کۆڕی پەردەلادان لەسەر ڕۆمانەکانی "هاوارا بلوورێ" و "1975" له پیرانشار
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی کۆڕێک بۆ پەردەلادان لەسەر ڕۆمانەکانی "هاوارا بلوورێ" و "1975" لە نووسینی ئەندازیار "یووسف شوجاعی" لەلایەن "بنکەی ئەدەبیی ڕووناک" لە هۆڵی ئیدارەی فەرهەنگ و ئێڕشادی پیرانشار بەڕێوەچوو.
ئەو کۆڕە بە بەشداریی کۆمەڵێک ڕخنەگر و نووسەر لە شارەکانی ماکۆ، خۆی، کۆتۆل، سەڵماس، ورمێ، شنۆ و پیرانشار و هەروەها ئەندامانی بنکەی ئەدەبیی ڕووناک و ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەدیبان و لایەنگرانی ئەدەبی کوردی بەڕێوەچوو.
کۆڕەکە بە پێشاندانی دۆکیۆمێنتاریەک لەسەر ژیانی ئەندازیار یووسف شوجاعی دەستیپێکرد. لەدوای بەخێرهێنانی میوانان و خوێندنەوەی ڕیزبەندی بەرنامە لەلایەن کۆڕگێڕ، "تاهیر حوسێنی"، مامۆستا "کەماڵ حەسۆ" لە لایه ن بنکەی ئەدەبیی ڕووناک، پەیامی بنکەی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و تێیدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانان بەکورتی ئاماژەی بە مێژووی ئەنجومەنی ئەدەبیی پیرانشار و دەسکەوتەکانی لە ماوەی ٢٣ ساڵ تەمەنی و هەروەها کار و بەرهەمەکانی مهەندیس "یووسف شوجاعی" کرد.
دواتر وتەکانی بەڕێز "عەلی پاک‌سرشت" پێشکەش کرا کە لە ڕێگەی تۆمارکردنی پارچە ڤیدیۆیەک بۆ کۆڕەکەی ناردبوو و تێیدا هەردوو ڕۆمانی لە چەندین ڕەهەندەوە هەڵسەنگاندبوو.
پانێلێکی زانستیانە بە بەشداری دکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە و مامۆستایان عومەر موحەممەدی و بێهروز شوجاعی بەشێکی پڕبایەخ بوو لە کۆڕەکە کە تیشکی خستە سەر هەموو لایەنەکانی جوانی‌ناسانە، مێژویی و تەکنیکیی هەر دوو ڕۆمانەکە.
لە بڕگەی دواتردا پارچە مۆسیقایەک لەلایەن هونەرمەندان؛ ئازاد و سالار جەهانگیری خەڵکی شاری کۆتۆل بەزاراوەی کورمانجی پێشکەش به ئامادەبووان کرا.
لە پانێلی دووهەمدا کە لەلایەن بەڕێزان "تاهیر ئاگۆڕ" لە شاری ماکۆ، "سەتتار میلان" و "ئومید میلان" لە شاری کۆتۆل پێشکەش کرا، وێڕای پێداچوونەوەیێک بەسەر مێژووی ڕۆمانی کورمانجی، ڕەهەندەکانی جۆراوجۆری ڕۆمانەکان هاتنە بەرباس و ڕخنە و لێکۆڵینەوە، هەروەها بەشداربووانی پانێلەکە وڵامی چەند پرسیاری ئامادەبووانیان دایەوە.
دوا بڕگەی پێش پەردەلادان لە ڕۆمانەکان، لەلایەن نووسەری هێژا "یووسف شوجاعی" ناسراو بە "ئوسوفێ حەمید" بەڕێوەچوو.
نووسەر، وێڕای ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی ژیانی خۆی و گرێدانەوەی لە مێژووی گەلەکەی، کۆچ کردنی ٢٠ ساڵ پێشی بۆ پیرانشار بە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی خۆی لەقەڵەمدا و خۆی بە ڕۆڵەی پیرانشار و "بنکەی ئەدەبیی ڕووناک" پێناسەکرد.
لەدرێژەدا وێڕای ئاماژە بە سەرهەڵدانی بیرۆکەی نووسینی هەریەک لە ڕۆمانەکانی و ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای، چەند نوکتە و بیرەوری گێڕایەوە و ئەوجارە پڕژایە سەر شێواز و تکنیکی لە نووسینی ڕۆمانەکانی و ئەو ئامانجانەی بەدوایاندا گەڕاوە.
هەروەها باسی لە پڕۆژەکانی داهاتووی خۆی کرد لەبواری نووسیندا.
لەکۆتاییدا سوپاسی بێپایانی خۆی پێشکەش بە میوانان، ئامادەبووان، بەڕێوەبەرانی بنکەی ئەدەبیی ڕووناک و خەڵکی پیرانشار بەگشتی کرد و وڵامی چەندین پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.
لەکۆتایی کۆڕەکەدا لەلایەن بەڕێزان مامۆستا عومەر ئیمام، حەسەن حەسەنخانی، دکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە، سەعید حەسەنخانی و حامید ئەمین‌عەشایری پەردە لەسەر ڕۆمانەکانی "هاوارا بلوورێ" و "١٩٧٥" لادرا و پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کران.
بنکەی ئەدەبیی ڕووناک وێڕای پیرۆزبایی لە ئەندامی کارا و لەمێژینەی خۆی ئەندازیار "یووسف شوجاعی" بۆ چاپکردنی ڕۆمانەکانی، هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ بە ئاوات دەخوازیت.
سه‌رچاوه: بنکەی ئەدەبیی ڕووناک
٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی