تاریخ: ۱۳۹۹/۱۲/۷
مەدهۆش‌ی شاعیر باشتر بناسین
"محەممەد عەلی محەممەدی حاجی مستەفای قوربانی" ناسراو بە مەدهۆش ساڵی ١٩١٩ی زایینی / ٢٦١٨ی کوردی لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەم شارە تەواو کردووە.
مەدهۆش لەتەمەنی منداڵیدا شاگرد خەیات بووە، لەساڵی ۱۹۳۹ دەستی بەهۆنراوەنووسین کردووە و یەکەم هۆنراوەی لەساڵی ۱۹٤۰ لە رۆژنامەی "ژین"دا بە ناوی "بەعەشقی تۆ بریندارم" بڵاوکردۆتەوە کە لەوێدا پیرەمێردی نەمر کەمێک دەستکاری ئەم هۆنراوەی بۆ ئەنجام داوە.

 

ئەم شاعیرانەی لەسەر "مەدهۆش" کاریگەریان هەبووە، دەتوانین ئاماژە بە مامۆستایان "نالی، گۆران، پیرەمێرد، عەلی کەمال باپیر" بکەین. کێشەی ئەوین و بابەتی سۆزداری بەشێکی زۆری لە هۆنراوەکانی "مەدهۆش"یان داگیر کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە دیمەنی شاخ و سروشتی کوردستان کاریگەریان لەسەر نووسینی هۆنراوەکانی‌دا هەبووە.
ناوبراو لە سەرەتادا ویستویەتی دانانی هۆنراوە بەشێوەی کێشی عەرز و بابەتی کلاسیکی وەک شێعرەکانی "نالی" بێنێتە نێو گۆڕپانی ئەدەبەوە و لەم ڕێ‌یەدا چەند هەنگاوێکی سەرکەوتوانەی ناوه‌تەوە.
"مەدهۆش" توانیوێتی لە ڕێگەی شێعردا سامانێکی باش بۆ سەر هۆنراوەی کوردی خڕ بکاتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە لە زمانی کچان توانیوێتی زۆر شت لەسەر خۆشەویستی و جوانی و گیر و گرفتەکانی کۆمەڵایەتی ئەوان بەدەست کۆمەڵ و نەریتی دواکەوتوی کۆمەڵایەتییەوە بە زمانی شێعر بێنێتە کایەوە.
مەدهۆشی شاعیر لەژیانی خۆیدا چەندین بەرهەمی بە چاپ گەیاندووه، کە بریتین لە:
۱. هەمیشەبەهار "چیرۆکی هۆنراوە" ساڵی ۱۹٤۱ تا ۱۹٨۲.
۲. دڵ و گوڵ "کورتە چیرۆک" لەساڵی ۱۹٥۹ چاپ کراوە.
۳. سەرگوڵ "کورتە چیرۆک" ساڵی ۱۹٦۱ چاپ کراوه.
٤. شیرین "کۆمەڵە هۆنراوە" ساڵی ۱۹٦۲ چاپ کراوه.
٥. دڵی کچان "کۆمەڵە هۆنراوە" ساڵی ۱۹٦۷ چاپ کراوه.
٦. نەریمان چی لێهات "کورتە چیرۆک" ساڵی ۱۹٦٨ چاپ کراوه.
۷. دڵی کوڕان "کۆمەڵە هۆنراوە" ساڵی ۱۹۷۲ چاپ کراوه
٨. دیوانی یانەی دڵان "بەرگی یەکەم" ساڵی ۱۹٨۲ چاپ کراوه.
۹. دیوانی یانەی دڵان "بەرگی دووەم" ساڵی ۲۰۰٤ چاپ کراوه.
۱۰. بەرەو پایزەبەهارێکی تر "کورتە چیرۆک" ۱۹٨٨ چاپ کراوە.
۱۱.دڵی پێشمەرگە (یان دڵداری و نیشتیمان پەروەری) چیرۆکە هۆنراوە.
ئەم شاعیرە لە ۲٥ی فێورییەی ساڵی ۱۹۹٤ / ۷ی ڕەشەممەی ٢٦٩٣ی کوردی لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.