تاریخ: ۱۴۰۰/۱/۳
چوار بەرگی «گەنجی سەر بەمۆر» بڵاو کرایەوە

بە پێی هەواڵی هاژە چوار بەرگی «گەنجی سەر بەمۆر» لە لایان «سەرای هێمن» لە مەهاباد بڵاو کرایەوە.

ئەحمەد بەحری، نووسەر و لێکۆڵەری ناسراوی بواری وێژە و کەلتووری موکریان، تاکوو ئێستا ٩٤ بەیتی کۆ کردووه‌تەوە کە دوای قرت کردنی دەقە ناتەواوەکان، کۆی دەقەکانی لە دووتوێی ١٢ بەرگ‌دا گونجاندووە.

لە یەکەم‌ هەنگاوی بڵاوکردنەوەی بەرگەکانی یەکەم تا چوارەم‌دا، سەرجەم ١٤ بەیت بە ٨١ دەقی جیاواز لە ٢٦١٨ لاپەڕەدا لەلایان بڵاوکەرەوەی «سەرای هێمن»وە لەگەڵ CD چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ئەرکی بڵاوکردنەوە ئەم چوار بەرگە لە ئەستۆی «بڵاوکەرەوی ماد» لە شاری سنە بووە.

نووسەر ئەم چوار بەرگەی پێشکەش بە چوار کەسایەتی ناسراو کردووە کە لە سەر فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی‌دا جێ دەستیان دیارە. بەرگی یەکەمی پێشکێش بە «ئۆسکار مان»ی ئاڵمانی، بەرگی دووهەم بە مامۆستا «هێمن»، بەرگی سێهەم بە «قادر فەتتاحی قازی» و بەرگی چوارەم پێشکێش بە «سەلاح پایانیانی» کردووە. بڕیاره‌ ٨ به‌رگی دیکه‌ی گه‌نجی سه‌ر به‌مۆر تا کۆتایی ئه‌و ساڵ ڕووی چاپ به‌ خۆیه‌وه‌ ببینن.

شایانی ئاماژەیە بەرگی یەکەمی «گەنجی سەر بەمۆر» ساڵی ٢٠١٣ لە لایان دەزگای ئاراس لە هەولێر بڵاو کراوەتەوە.

ئەحمەد بەحری لە ساڵی ١٣٧٣ کتێبی «پاییزە» و لە ساڵی ٢٠٠١ «فەرهەنگی باڵندە»ی چاپ کردووە.

ناوبراو بێجگە لەم بەرهەمانە، کتێبێکی بە نێوی «ئەو پیاوەی نابێ فەرامۆش بکرێ» ئامادەیە کە لە داهاتوودا چاپ دەکرێت.

ئەحمەد بەحری ساڵی ١٣٣٦ لە گوندی تەپەڕەش لە ناوچەی مەحاڵی شازاده‌ لە دایک بووە، مامۆستای خانەنشینی ئیدارەی فێرکاری و بارهێنانی مەهابادە.

ناوبراو ماوه‌یه‌ک ئەندامی دەستەی نووسه‌رانی «گۆڤاری سروە» بووە، ساڵی ١٣٦٧ لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری «ئەنجومەنی ئەدەبی مەهاباد» بووە و ماوەی ١٠ ساڵان بەڕێوەبەری ئەنجومەنی لە ئەستۆ بووە. لە ساڵی ١٣٨٠ «گۆڤاری مەهاباد»ی دامەزراندووە. ئه‌و گۆڤاره‌ تا ئێستا ٢١٦ ژماره‌ی لێ ده‌رچووه‌.