تاریخ: ۱۴۰۰/۱/۷
ئەم نووسەرەی کە بە وشەی پێنووسی باڵا دەکەم
ڕێبوار عەجەمی


مرۆڤ هەر کات لەدایک دەبێت و خزمەت بە نیشتمان وەک سەردێڕی چالاکییەکانی خۆی پێناسە دەکات هەمیشە شانتاژی ئینسانی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بە دەغدەغەی خۆی دەزانێت و حەول دەدات بە بیر و ئەندێشەی تەقەلایی بێ‌چاوەڕوانی بۆ ئەوان تێبکۆشێت و ئەرکەکان ڕاپەڕێنت.

کلیلی پێوەندی گەلان زمان و فەرهەنگە، زمان و فەرهەنگ پێناسەی گەلن و هەرچی زیاتر خزمەتیان پێ بکردرێت پتر ڕیشە دادەکوتن، زانیاری جەماوەر دەچتە سەر و ڕووناکبیریی گەشە دەکا. گەلێک سەرکەوتوویە کە بتوانێ پلەی زانست و فەرهەنگی خۆی بەرێتە سەر و بە چەکی قەڵەم تەیار بێ. گەلی بێ فەرهەنگ و زمان هەمیشە دوور لە ژیارییە و بێ پێناسەیە.

چواربەرگی «گەنجینەی سەر بەمۆر»، گەنجینەیەک کە ئەحمەد بەحری ساڵیانێک لە تەمەنی زێڕینی خەریکی خڕ کردنەوەی ئەم بەیتانە بووە بە هیمەتی سەرای هێمن لە مەهاباد، خەرمانی ئەم بەرهەمە زێڕینەش سوور هەڵگەڕا و تیشکی وشەی ئەم بەرهەمە فۆلکلۆریکییە کتێبخانەی کوردی ڕووناک کرد.

ئەم بەرهەمە شەن‌وکەوی ڕاوێژی پیرەپیاو و بەساڵاچووانێکە کە لە ڕابردووەکان سینگ بە سینگ بە ئەوان گەیشتووە و ئەحمەد بەحریی بە شێوەی کتێب نووسیوێتەوە و لە فەوتانی سەرزارەکیی ڕزگاری کردووە و ئەوەی وێژراوە، نووسراوەتەوە.

بەیتبێژانی کورد لە گوێن مێژوویەکی گیاندارن. گەلی کورد لە زەمانی زۆر کۆنەوە کە خوێندن و نووسین نەبووە، باسی سەرۆکەکان و ئازایانی خۆی بەو جۆرە سینگ بە سینگ گێڕاوەتەوە تا بە گوێی نووسەرانی مێژووی گەیاندووە و نەیهێشتووە کە فەراموش بکرێن، کە دەتواندرێ کاک ئەحمەد لەم خانەیە قەرار بگرێت و حەول و دەورەکانی ناوبراو بنەرخێندێت هەر چەندە تێپەڕ بوونی دەوران لەو چیرۆکانەدا ئاڵوگۆڕ و کورت کردنەوەیەکی گەورەی پێک هێناوە و ناوی مرۆڤان و جێگەی ڕووداوەکانی هێندێک گۆڕیون، بەڵام بناغەی کارەساتەکان و بەسەرهاتەکانی بە گەشتی لە نێو نەبردووە. بۆ نمونە بەیتی «سەیدەوان» یەکێک لە شاکارەکانی ئەدەبیی زارەکیی کوردییە کە تا ئێستا لە لایەن هه‌ژده‌ بەیتبێژی ڕه‌سه‌ن و بە هه‌ژده‌ ڕیوایەتی جۆراوجۆر گووتراوە. بەڵام كۆی هه‌ر هه‌ژده‌ ڕیواته‌كه‌ ناوەڕۆکی یەک چیرۆکە کە لە ناوچەیەکی ئێزیدی نشین لە باشووری کوردستان ڕوویداوە.

چوار بەرگی «گەنجینەی سەر بەمۆر»، سەرجەم ١٤ بەیت بە ٨١ دەقی جیاواز لەخۆ دەگرێت کە لە ٢٦١٨ لاپەڕەدا پێک‌هاتووە کە لەلایان بڵاوکەرەوەی «سەرای هێمن»وە لەگەڵ CD چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەرکی بڵاوکردنەوە ئەم چوار بەرگە لە ئەستۆی «بڵاوکەرەوی ماد» لە شاری سنە بووە. لەم چوار بەرگەدا بەیتەکانی «دمدم»،«باپیرئاغای مەنگووڕ»، «عەبدوڵڵاخانی موکری»، «هەمزەئاغای مەنگووڕ»، «سام‌سام»، «برایمۆک»، «مەحمەڵ و برایمی دەشتیان»، «سەیدەوان»، «خەلیل پاشا»، «کاکە میر و کاکە شێخ»، «خەج و سیامەند»، «ئەحمەد شەنگ»، «گەنج خەلیل»، « لاس و خەزاڵ» بە ڕەوایەت‌گەلی جۆراوجۆر کە گوتراونەتەوە، تێخزێندراون.

کاکڵی «گەنجینەی سەر بەمۆر»، لە ناخی چینەکانی کۆمەڵگای کوردستان سەرچاوە دەگرێ، ڕووداوگەلێک کە لە خۆشەویستی کچ و کوڕ، شینگێڕی، یوتوپیا (ئەفسانە) و... دەدوێن کە دەکرێ وەک ڕەهەندێکی کوردۆلۆژی و کوردناسی بۆ کورد و غەیرەکورد چاوی لێ بکرێت، هەر بۆیە کوڕی دەوێ بێت لەسەر ئەم کارانە بە شێوەی زانستی لێکۆڵینەوەی ئاکادێمیکی و مەیدانی بکات و ئەوانە بناسێنێت. کاتێک محەممەد قازی باسی «بەیتی سەیدەوان» بۆ جەلال ئالی‌ئەحمەد دەکات وەک ئەوەی کە سەیدەوان لەسەر پشتی شێری گووراوەتەوە، ئالی‌ئەحمەد پیی دەڵێت: ئێوە ئەو ئەدەبیاتە جوان و پڕەتان هەیە، چت بە ئەدەبیاتی فەڕانسە داوە بۆ زیاتر لەسەر ئەو شتانە کار ناکەی. واقعی ئەم وتەیە ئەمە دەگەیەنێت کە پێویستە لەسەر زمان و فەرهەنگ و کەلتوور و فۆلکلۆری کوردی کاری چڕتر و باشتر بە شێوەی ئاکادێمیکی بکرێت.

«بەیت» بەشێکی گرینگ لە فۆلکلۆر و ئەدەبیاتی کوردی پێک دێنێت کە نووسەر یان دانەریان نەناسراون و سینگ بە سینگ تا ئیرە هاتوون کە بەشێکی بە شێوەی هۆنراوە و شێعری کلاسیک بەیتی «دمدم»، یان بە شێوەی شێعری نوێ بەیتی «گوڵێ»، پەخشان وەک بەیتی «مەرزینگان»، تێکەڵاوێک لە شێعر و پەخشان وەک بەیتی «حسێن چاوپان» هۆندراونەتەوە. کاکڵی بەیتەکان جیاوازە، بۆ نمونە لە بەیتی حیماسی و ئازایەتی دەتوانین بە بەیتی «سەیدەوان»، وەسفی «گوڵێ»، مێژوویی «دمدم»، ئەوینداری «خەج و سیامەند» و بەیتی پێکەنینی وەک بەیتی «مشک و ئاشەوان» ئەماژەیان پێ بکردرێت.

«گەنجینەی سەر بەمۆر»، گەنجینەیەکە کە «لە پێناو زمانی کوردی‌دا» کاتی بۆ داندراوە و بەرهەم هاتووە تا زمان بپارێزرێت، هەر ئەو ئامانجەی کە «گۆڤاری سروە» بۆ نووسەران و ئاخێوەرانی زمانی کوردی دیاری کردبوو. ئەگەر فەتاح‌خانی ئەمیری بە ڕۆمانی «هاوارەبەرە و میرزا» و ئەحمەد قازی بە «ڕێزمانی کوردی» و... خۆیان بە پارێزەری ئەم ڕساڵەتە دەزانی، ئەحمەد بەحری بە «پاییزە»، «فەرهەنگی باڵندە» و «گەنجینەی سەر بەمۆر» میراتگری ئەم چینە بوو کە بە ئێستاشەوە حەولی بۆ دەدات و لێی شل نەبووە.