تاریخ: ۱۴۰۰/۱/۷
چین سزای بەسەر ١٣ لایەن و کەسایەتیی بریتانیدا سەپاند

بە پێی هەواڵی هاژە، دوای ئەوەی بریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک کەسایەتیی چیندا سەپاند، لە وەڵامدا وەزارەتی دەرەوەی چین سزای بەسەر ژمارەیەک لایەن و کەسایەتیی بەریتانی سەپاند.

هووا چونینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، لە وەڵامی ئەو تۆمەتە ناڕاستانەی کە بریتانیا ئاراستەی چینی کردوون، پێکەن سزای بەسەر ٤ لایەن و ٩ کەسایەتیی بریتانی سەپاندووە.

چونینگ گوتیشی، ئەو سزایانەی کە حکومەتی بریتانیا بەسەر چەند کەسایەتی چینی سەپاند کە گوایە مافەکانی مرۆڤیان لە هەرێمی شیژییانگ پێشێل کردووە.

چونینگ راشیگەیاند، لە وەڵامی سزاکانی لەندەن، پێکەن بڕیاری داوە ٤ لایەن و ٩ کەسایەتی بریتانی سزا بدات کە لەمەولا ڕێگەیان پێ نادرێت کار و بازرگانی لەگەڵ چین بکەن و سەرجەم پشک و قەوارە داراییەکانیان لە چین بلۆک دەکرێن.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ٢ی خاکەلێوە ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا، بریتانیا و کانادا سزایان بەسەر چەند بەرپرسێکی چینی سەپاند، ئەوەش لە چوارچێوەی تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی ئەو وڵاتە دێت کە مافەکانی مرۆڤیان لە ئاست موسوڵمانانی ئیگۆری نیشتەجێی هەرێمی شیژییانگ پێشێل کردبوو.

لەو کاتەیەوە کە بایدن بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، ئەمە یەکەمین جارە وڵاتانی رۆژئاوا پێکەوە و بەهاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتر سزا بەسەر چین دەسەپێنن.