تاریخ: ۱۴۰۰/۱/۲۱
دیتنەوەی شارێكی مێژوویی ٣ هەزار ساڵە له‌ میسر

بە پێی هەواڵی هاژە، ئیدارەی شوێنەوارە مێژووییەكانی میسر شارێكی مێژوویی له‌م وڵاتەدا دۆزیوەتەوە كە مێژووەكەی بۆ سێ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.

ژمارەیەک لە شوێنەوارناسان کە کارەکانیان لەژێر چاودێریی زاهی حەواس، شوێنەوارناسی بەنێوبانگ ڕاپەڕاندووە، شارەکەیان دۆزیوەتەوە کە ئەوان بە "شارە زێڕینە ونبووەکە" ناوی دەبەن.

ئیدارەی شوێنەوارە مێژووییەكانی میسر لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوەی خستۆتە ڕوو كە ئەو شارە مێژووییە سێ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا و لە قۆناغی ئیمپڕاتۆریەتی میسر، لە لایەن ئامێنهۆتەپی سێهەم، لە شاری ئەقسەڕ دروست كراوە کە لەو سەردەمەدا گەورەترین ناوەندی ئیداری و پیشەسازی بووە و تاوەکو سەردەمی دەسەڵاتی تووت ئانێخ ئاموون و ئای ئاوەدان بووە.

ئامینهۆتەپی سێهەم لە ساڵی ١٣٤٩ تاوەکو ١٣٨٦ی پێش زایین دەسەڵاتدار بووە. تووت ئانێخ ئاموون لە ساڵی ١٣٢٥ تاوەکو ١٣٣٤ی پێش زایین و ئای لە ساڵی ١٣١٩ تاوەکو ١٣٢٣ی پێش زایین حوکمڕانیان بەدەستەوە بووە.

ئەم گرووپەی شارە دێرینەكەیان دۆزیوەتەوە، باس لەوە دەكەن كە دیوارەكانی شارەكە نەڕوخاون و لە ناو ژوورەكانیشدا ئەو كەل و پەلانەی لێن كە دانیشتووانی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەکاریان هێناون. بێجگە لەوانەش هەندێک جۆری خشڵ، گوڵدانی رەنگاوڕەنگ، ژمارەیەک خشت کە چەندین هێمایان لەسەرە لەم شوێنەوارەدا دۆزراونەتەوە.

لەناو شارە دێرینەكەدا لەپاڵ ناوەندی ئیداری و پیشەسازی ئیمپراتۆریەتی میسر، سێ كۆشكی پاشایەتی ئامێنهۆتەپی سێهەم هەن، واش چاوەڕوان دەكرێت  گۆڕستانێكی مێژوویش بدۆزرێتەوە.

بە پێی گووتەی گرووپە شوێنەوارناسییەکە ئەوەی دۆزراوەتەوە وەک دووەمین شاری دێرین ئەژمار دەکرێت کە تاوەکو ئێستا لە میسر دۆزرابێتەوە.

شایانی ئاماژەیە گرووپەکە لە سێپتامبەری ٢٠٢٠دا و لەنێوان پەرستگەکانی ڕامسیسی سێهەم و ئامینهۆتەپی سێهەم بە دووری ٥٠٠ کیلۆمیتر لە باشووری قاهیرەی پایتەختەوە دەستیان بە هەڵکۆڵین کرد و دوای چەند هەفتەیەک دۆزینەوەی شارەکەیان دەست پێکرد.