تاریخ: ۱۴۰۰/۲/۱
دوازدەیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن بە شێوەی ئانڵاین لەحاڵی بەڕێوەچوون دایە

بەپێی هەواڵیی هاژە، دوازدەیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەویی فیلمی کوردیی لەندەن لە ٢۶ـی خاکەلێوەوە دەستی بەکار کردووە و تا حەوتی مانگی گوڵان بەردەوام دەبێ.

فیلمەکانی ئەم خولەی فێستیڤاڵ، بە شێوەی ئانڵاین و بێ‌بەرانبەر لە ڕێگەی لاپەڕەی فەرمیی فێستیڤاڵ بەژێرنووسی ئینگلیسی نمایش دەدرێن

جگە لە بەڕێوەبردنی خولی دوازدەهەمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن، بەڕێوەبەڕانی ئەم فێستیڤاڵە، لە خولی ئەمساڵ بەشێکیان تەخان کردووە بۆ باشترین فیلمەکانی ٢٠ ساڵی ڕابردووی سینەمای کوردی، لە ژێر ناوی "سینەمای کلاسیکی کوردی".

هەر لەم فێستیڤاڵەدا، سینەماکاری ناسراوی مەهابادی، ئیبڕاهیم سەعیدی بە دوو بەرهەمی ماندوو و دێکۆمێنتاریی دایکانی من کە بەرهەمی هاوبەشی ناوبراو و زەهاوی سەنجاوییە، بەشداره.

فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن وەک یەکەمین فێستیڤاڵ بۆ فیلمی کوردی ناسراوە کە لە ٢٠٠١ەوە دەستی بەکار کردووە و لە شاری لەندەنی پێتەختی بریتانیا بەڕێوە دەچێ.