تاریخ: ۱۴۰۰/۲/۴
كێلەشین، بەردەنووسێکی مێژوویی

بەردەنووسی کێلەشین لەسەر سنووری ڕواندز لە باشووری کوردستان و شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێران لە باشووری کوردستانەوە بۆ ناو مۆزەخانەی شاری ورمێ گوازرایەوە، تا لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا زیانی بەرنەکەوێت، هەرچەندە کەسانێک لەو کاتەدا ئەو شوێنەوارە گرینگەیان بەر فیشەک داوە و زیانیان بە بەشێک لە نووسینەکانی سەر بەردەنووسەکە گەیاندووە.

ئەم بەردەنووسە ١٦٧ سانتیمەتر بەرزە و ٤٠ سانتیمەتریش پانە و کێشی نزیکەی ١٦٠٠ کیلۆگرام دەبێت. بەردەنووسی کێلەشین ناسراوترین شوێنەواری باشووری کوردستانە لەناو مۆزەخانەی شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناسراوترین بەڵگەی مێژووییە لەسەر ئۆرارتۆکان، کە لە کوردستانی کەونارا، خاوەن حکوومەت و شارستانییەتێکی بەهێز بوون. لە هەر چوارلای بەردەنووسەکە، بە دوو زمانی ئورارتۆی بە خەتی بزماری نووسین هەڵکەندراوە.

ئورارتۆ، یان خالدی (هالدی) حکوومەتێک بوون، کە لە سەدەی نۆیەمی بەر لە زایین لەپاڵ دەریاچەی وان لە باکووری کوردستان دامەزرا و شارستانییەتێکی گەورەیان دروست کرد، کە تا کوێستانەکانی قەفقاز، ئەرمینیا و کەناراوەکانی پنتوس لە دەریای ڕەش درێژ دەبووەوە. 

یەکەم‌جار شوێنەوارناسێکی ئەڵمانی بەناوی ئیدوارد شوڵتز، لە ساڵی ١٨٢٩ ئەم بەردەنووسەی دۆزییەوە و بە جیهانی ناساند، بەڵام ئەم شوێنەوارناسە لە ساڵی ١٨٣٨ کوژراو و سەرجەم توێژینەوەکانی لەسەر کێلەشین، لەدوای مەرگی، کەس نەیزانی چییان لێ هات. پاشان شوێنەوارناسی بریتانی، ڕاولنسین، کە بێستوونیشی بە جیهان ناساند، هەوڵی وەرگێڕانی دەقی سەر کێلەشین و ناساندنی بە جیهان دا.

دواتر کەسانی وەکوو خانیکۆف، بڵاو و سایکە، هەوڵی خوێندنەوە و وەرگێڕانی بەردەنووسەکەیان دا، بەڵام لە ساڵی ١٨٩٠ دومورگانی فەرەنسی هاتە کوردستان و توانی بە یارمەتیی شوێنەوارناس و مێژووزانەکان، دەقی سەر ئەم بەردەنووسە ئاشکرا بکەن.

دەقەکە ٤٢ دێڕی لەخۆ گرتووە، کە سێ لە پاشاکانی وڵاتی تووشپا، واتا میهرکپووسی، ئیشیوینی و منووئا، ئەم بەردەیان پێشکەش بە خالدی پاشای شاری موساسیر کردووە. خالدی پاشای موساسیر ئەم بەردەنووسەی هەڵکەندووە و تێیدا هاتووە:

هاتنە لای خواوەندی خالدی لە شاری موساسیر بۆ کرنۆش، رانەمەڕێکیان پێشکەش بە خواوەندی خالدی کرد و گوتیان؛ ئەو کەسەی ئەم رانەمەڕە لەبەردەم دەروازەی پەرستگەی خالدی ببا، ئەو کەسەی، کە دەبینێ ئەو ڕانەمەڕە دەدزن و خۆی لە تاریکیدا بشارێتەوە و ئەو کەسەی لە ناوەندی شاری موساسیر دەژی و هەواڵی لەو جۆرە دەبیستێ، خواوەندی خالدی بەو کەسانە بەزەیی نایەتەوە و رەگەزیان لەسەر زەوی قڕ دەکات.

هەرکەس ئەم بەردەنووسە لەم شوێنە هەڵکەنێ، هەرکەس بیشکێنێ، هەرکەس بە کەسی دیکە بڵێ؛ ئەم بەردەنووسە بشکێنە، سەرجەم خواوەندەکانی شاری موساسیر، خوای خالدی، خوای هەوا، خوای خۆر، لەسەر زەوی رەگەزیان قڕ دەکات.

 

سەرچاوە: باس‌نیوز