تاریخ: ۱۴۰۰/۲/۷
کورد چۆن بەرگری له ئه‌رمه‌نەکان کرد

وەک دەزانرێت لە ساڵی ١٩١٥ بە فەرمانی سوڵتان ڕەشیدی عوسمانی و پشتگیری سوارەکانی حەمیدیە، گەلی ئەرمەنی باکووری کوردستان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیەکی گەورە بووەوە کە تا ئێستاش ئەو پرسە لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە ڕووبەڕووی دەوڵەتی تورکیا دەکرێتەوە.

هەندێک کەس و لایەن وای پیشان دەدەن کە کۆمەڵکوژیەکە لە لایەن کوردەوە ئەنجامدراوە. هەرچەندە بەشێک لە سوارەکانی حەمیدیەی بەکرێگیراوی عوسمانیەکان کورد بوون، بەڵام وەک نەتەوە کورد بەشداری لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا نەکرد و بگرە شەڕیشی بۆ کردن و لە پێناویاندا گیانیشیان لەدەستدا. نەک تەنها ئەرمەنەکان بەشێک لە کوردە موسوڵمانه‌کانی بەرهەڵستکاری عوسمانی و کوردە ئێزدیەکانیش کۆمەڵکوژ کران و ئاوارە و کۆچبەر بوون.

لەبارەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان و پەیوەندی نێوان کورد – ئەرمەن نووسەر و ڕۆماننووسی کوردی باکووری کوردستان حەسەن سەردی "هوشیار" لە کتێبی "بۆچوون و بیرەوەریەکانیدا" کە خۆی شایەدی هەندێک ڕووداوی ئەو کاتەیە باس لە بەرگریکردنی گەلی کورد لە برا ئەرمەنەکانیان دەکات.

بەشێک لە نووسینی حەسەن سەردی بەم شێوەیەیە"

"ڕێژەی ئەرمەنەکان لە باکووری کوردستان لەسەدا ١٠ بوو و زۆربەیان لە پارێزگای وان دەژیان. ئەرمەنەکان خاوەنی مێژوو و ڕێچکەیەکی کۆن بوون، بەڵام هەردەم لە خەیاڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی زۆر گەورەدا دەژیان و لە "دۆڵە بێ ئاوەکاندا مەلەیان دەکرد و لە سەر پارچە هەورەکان کۆشکیان دروست دەکرد".
سەردی دەڵێت "بەو ئامانجە حزب و بزوتنەوەی ئەرمەنەکان یەکیان گرت و بۆ ئەوەی دەست بە شەڕی چەکداری لە دژی عوسمانیەکان بکەن، گەنجەکانیان دەناردە چیاکان و هێزێکی چەکداریان بە ناوی "جانبێزار" دروست کرد. ئەوان بۆ ماوەیەک لەدژی عوسمانیەکان شەڕیان کرد، بەڵام بە هۆی بێدەرفەتی و برسییەتیەوە گەنجەکان بە برینداری یان بە شەکەتی ڕوویان دەکردە شاری ئامەد و لەوێش لە لایەن عوسمانیەکانەوە دەستگیر و دەکوژران.

 

ئەو سەربازانە نە تەنها ئەرمەن بوون، بەڵکو کورد، عەرەب و چەرکەزیشیان تێدابوو و شان بە شانی ئەرمەنەکان لەدژی دەوڵەت شەڕیان دەکرد. زۆربەیان لە دۆڵە قوڵ و دووردەستەکان کوژران و تەرمەکانیشیان نەدۆزرانەوە.

حەسەن سەردی هەروەها لە کتێبەکەیدا باس لەوەدەکات، کاتێک عوسمانیەکان بینیان ئەرمەنەکان بە تەواوی لەدژی دەسەڵاتەکەیانن، بە فەرمانی سوڵتان ڕەشیدی عوسمانی لە ساڵی ١٩١٥ دەستیان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان کرد. سوپای تورک ژن، منداڵ، پیر و پەککەوتەی وەک ڕانە مەڕ بەرەو ئەشکەوت و دۆڵە قوڵەکان دەبرد و بە حەربە و چەک دەیانکوشتن. ئەو کاتە کوردەکان ١٦٥ هەزار پیاو و ژن و منداڵی ئەرمەنیان لە کوشتن ڕزگار کرد.

ئەو کاتە شێخ سەعیدی پیران فتوایەکی بۆ گەلی کورد دەکرد و ڕایگەیاند، پێویستە ئەرمەنەکان بپارێزرێن و لە ئەرک زیاتر فەڕزە یارمەتی و هاوکاری ئەرمەنەکان بدرێت.

حەسەن سەردی لە کتێبەکەیدا باس لە یادەوەریەکی خۆی دەکاتەوە و دەڵێت، "گوندەکەمان لەنێوان ناوچەی حێنێ و لیجەی ئامەدە. پشت گوندەکەمان لە قەدپاڵی شاخێک ئەشکەوتێک هەیە. عوسمانیەکان ئەرمەنەکانی حێنێ و لیجەیان دەهێنایە ئەو ئەشکەوتە و دەیانکوشتن و دەیانهاوێشتنە ناو ئەشکەوتەکە. ئەشکەوتەکە ئەوەندە قوڵ بوو کە بۆنی مردووەکانی لێنەدەهات. شاخەکە پڕ بوو لە دار هەنجیری ڕەش. ئێمە منداڵ بووین و دەچووین هەنجیرمان کۆدەکردەوە. جارێکیان لە ئەشکەوتەکە نزیک بووینەوە. دەنگی پیاوێک لە ناو ئەشکەوتەکە دەهات.  هاواری دەکرد و داوای یارمەتی دەکرد. بە ئەرمەنی دەیوت، "ئاتواس" وایە ئەی خوایە. کە دەنگی ئێمەی بیست، وتی هەندێک نانم بۆ هەڵبدەنە خوارەوە. ئێمەش وتمان نانمان نییە، بەڵام هەنجیرمان هەیە. کە هەنجیرمان بۆ هەڵدایە خوارەوە. گوتی، 'بە تەنها یەک هەنجیرم گرتەوە، شوێنەکەم زۆر سەرەولێژە هەمووی دەچێتە خوارەوە. دواتر وتمان دەچین لە گوند داوای هاوکاری دەکەین بۆ ئەوەی ڕزگار بکرێیت. منیش چووم و بە مامم وت، مامم بە کوڕە گەورەکەی گوت، هەستە گوریسێک و هەندێک نان و ئاو بێنە و با بڕۆین. بەو شێوەیە چووین و ئەو کەسە ئەرمەنەمان لە ئەشکەوتەکە بە برینداری ڕزگار کرد. ئەرمەنەکە پێی وتین، ئێوە دەتانەوێت ببم بە موسوڵمان، ئێمەش پێمان وت، نا ئێمە داوایەکی بەم جورەمان نییە، هەوت نان و مەتارەیەک ئاومان بۆ هێناوی، بە ڕۆژ خۆت بشارەوە و بە شەو بڕۆ و خۆت ڕزگار بکە."

دوای چەند ڕۆژ، نزیکەی ٢٥٠ ژن و مندالێ ئەرمەنیان لە قەزای قوڵپی ئامەد هێنایە گوندەکەمان و بەرەو ئەشکەتەکە بران، مامم گوتی، بڕۆن بزانن عارف بەگ سەرپەرشتی کاروانەکە دەکات. ئێمەش چووین و گەڕاینەوە پێمان ڕاگەیاند، عارف بەگ لەوێ یە. مامم گوتی، بە ناوی منەوە پێی بڵێن با چەند منداڵمان بداتێ و نەیانکوژن ئێمە بەخێویان دەکەین. ئێمەش چووین و دوو منداڵمان بە ناوی "ئارتی و لووسێ" مان هێنا. پێشتریش مام هەوت ژن و مندالێ هێنابوو و لە لای خۆی بەخێویدەکردن. ئەو دوو منداڵە لە دایکەکانیان جیانەدەبوونەوە. بەڵام دایکی دانەیەکیان پێی گوت، "ئێوە بڕۆن خواردنمان بۆ ئامادە بکەن و ئێمەش ئێوارە دێین".

دوای ئەوەی منداڵەکانمان بردەوە بۆ گوند، گەڕاینەوە و لە پشت بەردیکەوە سەیری ئەو ئەرمەنانەمان دەکرد کە لە لایەن عوسمانیەکانەوە دەستگیرکرابوون. فەرماندەی عوسمانیەکان فەرمانی بە کوردێک کرد کە لە گوندەکەوە بانگکرابوو، کە منداڵە ئەرمەنەکان هەڵبداتە ناو ئەشکەوتەکەوە، بەڵام ئەو قبوڵینەکرد و ڕازی نەبوو ئەو کارە بکات. کوردەکەیان گرت و زۆریان ئەشکەنجە کرد و زۆیان دەستیان بە هەڵدانی منداڵی ساوا و بچووکی ئەرمەنەکان کرد و هەموویان کۆمەڵکوژ کران.

حەسەن سەردی دوای ئەو ڕووداوە باس لە رووداوێکی دیکەی نێوان ئەرمەنەکان و سەعید نورسی (بەدیعوززەمان) دەکات.

حەسەن سەردی دەڵێت "بەدیعوززەمان (سەعیدی کوردی) لە دەشتی بیلانخی وان فەرماندەی سوپای کورد بوو. ژەنەڕالیکی تورک فەرمانی پێکردبوو کە هەرچی ئەرمەنی دەستگیری بکات و بیانکوژێت. بەدیعوززەمانیش ١٥٠٠ ئەرمەنی کۆکردەوە و پەیامی بۆ سوپای ڕووسەکان نارد کە بێن و ئەوان ڕزگار بکەن. کاتێک ئەرمەنەکان دەچنە لای ڕووسەکان، پێیان دەڵێت، 'کێ بوو ئێوەی ڕزگار کرد، ئەوانیش دەڵێن کورد بوون. ژەنەڕالی گەورەی ڕووسیش دەڵێت، 'کورد جەنگاوەرێکی زۆر ئازایە، بەڵام هیچ کاتێک دیلەکان ناکوژن."

حەسەن سەردی لە نووسینەکەیدا باس لەوەدەکات کە هەندێک کەسی کورد بوونەتە هاوبەشی تورکەکان بۆ کوشتنی ئەرمەنەکان، بەڵام بە گشتی گەلی کورد نزیکەی ١٦٥ هەزات ئەرمەنی لە کوشتن ڕزگار کرد.

حەسەن سەردی (هوشیار) کێیە؟

حەسەن سەردی لە ساڵی ١٩٠٧ لە گوندی سەردیی ناوچەی حنێی سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە.

 

حەسەن سەردی لە ساڵەکانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٤٠ بەشداری لە زۆربەی ڕاپەڕین و هەوڵە ئازادیخوازەکانی کوردی داوە. بە دەیان کتێب و شیعر و بابەتی هەیە و بابەتەکانی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو کاتەی کورد دا بلاوبوونەتەوە.

 سەرچاوە: پەیسەرپرێس