تاریخ: ۱۴۰۰/۳/۱۰
تورکیا خەریکە هەرێمی کوردستان داگیر دەکات و سەرۆکەکان تەماشا دەکەن

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكات، قەوارەی هەرێم ‌و خاکەکەی وخەڵکەکەی لەژێر مەترسیی داگیرکاری تورکیایە و پەرلەمان‌ و حکومەت ‌و سەرۆکی هەرێمیش تەماشاکەرن.

ئاشنا عەبدوڵڵا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: "ناکرێت ببینین خەڵک بەبێ پاداشت ‌و تەنیا لەبەر ژینگەدۆستی‌ و مرۆڤبوونی خۆی بەکۆمەڵ ‌و تاک خەریکی دارچاندن ‌و ئاگاداری سروشتن، بەڵام بەڕۆژی ڕووناک ببینین تورکیا بەرهەمەکانیان تاڵان دەکات".

ئەو پەرلەمانتارە لە فەیسبوكی خۆی نووسیویەتی، "قەوارەی هەرێم‌ و خاکەکەیی‌ و خەڵکەکەشى لەژێر مەترسیی داگیرکاری تورکدایە و پەرلەمان ‌و حکومەت ‌و سەرۆکی هەرێمیش تەماشاکەرن، ئەگەر لە شکرکێشیی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم بەهانەکەی دوورخستنەوەی مەترسییە لەسنوورەکانی، تاڵانی داری دارستانەکانى هەرێم بەهانەکەی چییە؟".

ناوبراو جەخت دەكاتەوە، "بێدەنگی لە ئاست ئەم کارە نامرۆڤانەییە لای ئێمە قبووڵ نەکراوە.

بۆ بەرگریكردن لە تێكدانی سروشتی هەرێم لەلایەن سوپای توركیا و بڕینەوەی دارەكانی كوردستان، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "هەمومان دەبێت هەوڵەکانی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئاگادارکردنەوەی حکومەت ‌و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان".

سوپای توركیا دار و درەختەكانی ئەو ناوچانە دەبڕێت ‌و لە ناویان دەبات كە تێیدا جێگیر بووە و هەڵمەتێكی داربڕینی فراوانی دەست پێ كردووە و دارە بڕاوەكانیش دەبەنەوە بۆ توركیا، ئەمڕۆش چەندین وێنەی داری بڕاوە بڵاو كرایەوە كە لەلایەن سوپای توركیاوە بڕدراوە، له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ په‌رله‌مانتاران ‌و ڕۆشنبیران هاتەونه‌ته‌ ده‌نگ ‌و ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى هه‌رێم ده‌گرن. /مێهر