تاریخ: ۱۴۰۰/۷/۲۷
سێهەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی هونەرمەند سمکۆ پاکزاد بەرز ڕاگیرا


ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٧ی ڕەزبەری ١۴٠٠ی هەتاوی بە بەشداریی کۆمەڵێک لە ئەدیبان و شاعیران و خەڵکی شاری مەهاباد و دەوربەر و بنەماڵەی خودالێخۆشبوو، ڕێوڕەسمی سێهەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی شێوەکار و وێژەوانی کورد سمکۆ پاکزاد لە گڵکۆی ناوداران بەڕێوە چوو.


لەم ڕێوڕەسمەدا هونەرمەندی ناودار سەروان محەممەد ناهید گوتی: سمکۆ پاکزاد کەسێکی وشەزان و وشەناس و شارەزای بواری وێژە بوو، سەرەڕای ئەوانەش کەسێکی ئەخلاق‌خۆش و لەبەردڵان بوو.


عەلی ئازیز نووسەر و لە هاوڕێیانی سمکۆ پاکزاد لەبارەی کەسایەتیی هونەری و شارەزایی ناوبراو لە وشەدا، گوتی: وەک مامۆستا هێمن کە لە کۆڕێکدا پێی گوت دنیای شێعر، بەڵام کاک سمکۆی پاکزاد تەنیا دنیای شێعر نەبوو، بەڵکوو دنیای وشەی ڕەسەنی کوردی بوو، دنیای دڵسۆزی بۆ ئەدبیات و فۆلکلۆری کورد بوو. هەتا ئەو ڕۆژەش کە دڵی لە لێدان کەوت، هەمیشە لە خەمی ژیانەوەی وشە ڕەسەنەکانی کوردی بوو. بەڵام بەداخەوە دەرفەتی ئەوەی پەیدا نەکرد ئەو وشانە کۆ بکاتەوە.


کەریم سۆفی‌مەولوودی "تینووی مەهابادی"، شاعیر و نووسەر، گوتی: لەباری هونەرییەوە کاک سمکۆ پاکزاد کەسێکی شارەزا و شیاو بوو. ناوبراو کەسێکی وێژەر، شێعرناس، وێنەگر و شێوەکارێکی بەتوانا بوو.


لە درێژەدا کامبیز ئیبڕاهیم‌زادە، نووسەر، لە ڕێوڕەسمی سێهەم ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی سمکۆ پاکزاد گوتی: کاک سمکۆ پاکزاد کەسێکی وشەناس، وشەزان و وێژەوانێکی بەتوانا بوو. کەسێک بوو کە بە شێوازێکی ئەخلاقی و دروست ژیانی کرد. لەو دەست کەسانە بوو کە کۆچیان بۆ کۆمەڵگای فەرهەنگی و هونەریی مەهاباد و کوردستان زامێکی قووڵ بوو.


ئیسماعیل پاکزاد ناسراو بە سمکۆ، ساڵی ١٣٣٩ی کۆچی هەتاوی لە ئاوایی نۆباری سەر بە شارستان بۆکان لەدایک بوو. لە ساڵی ١٣۴٧ـەوە نیشتەجێی شاری مەهاباد بوو. ساڵی ١٣۵۵ لەلای مامۆستا حوسێن قەڵاجۆغەیی فێری نیگارکێشی و شێوەکاری بووە. ناوبراو تا کۆتایی ژیانی بە نیگارکێشی و شێوەکاری سەرقاڵ بوو توانی لەم ماوەیەدا وێنەی پتر لە ٢٠٠ کەسایەتی ناوداری کورد بکێشێتەوە.


ناوبراو لە بواری وێژەوانیشەوە کەسێکی بەتوانا بوو و به فەرهەنگی زیندووی وشەی کوردی ناسرابوو.


سمکۆ پاکزاد، ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٧ بەهۆی ڕاوەستانی دڵ لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.