تاریخ: ۱۴۰۰/۹/۲۲
چاپی سێهەمی «کارەساتێکی مێژوویی» هاتە نێو بازاڕ

بە پێی هەواڵی هاژه، چاپی سێهەمی پەڕتووکی «کارەساتێکی مێژوویی» به ئامادەکردنی عەزیز وەلیانی هاتە نێو بازاڕەوە.

پەڕتووکی «کارەساتێکی مێژوویی» لەلایەن نووسەر و لێکۆلەری کورد، «عەزیز وەلیانی» ئامادەکاری بۆ کراوە که باس له کوشتاری خەڵکی کورد بە دەست سپای ڕووسی تێزاری لە ساڵی ١٩١٦ دەکات.

ئەم پەڕتووکه لە چەند بەشی: پێشەکی، وتار و بیرەوەری چەندین کەسایەتی کورد لەبارەی هێرشی ڕووسەکان و کوشتاری خەڵکی کورد پێکهاتووه کە بۆ جاری سێهەم به تێهەڵکێش و پێداچوونەوەی نوێ لە لایەن بڵاوگە و چاپەمەنی «بیر» هاتووەتە وەشاندن.

هۆگرانی مێژووی کوردستان، دەتوانن ئەم پەڕتووکه له کتێب‌فرۆشییەکانی گزینگ، مێهرەگان و ئاگۆڕا لە شاری مەهاباد وەدەست بێنن.

«عەزیز وەلیانی» لەدایک‌بووی شاری مەهاباده که جگه له نووسین بۆ چەندین گۆڤاری وەک «سروە» و «مەهاباد»، خاوەنی چەند پەڕتووکی وەک «تاسەی قەڵەم»، «ژیلەمۆ» و وتارگەلێکی بەپێزە که قووتابخانەی کوردییان زەنگین‌تر کردووە.