تاریخ: ۱۴۰۰/۹/۲۴
منداڵ چۆن دەبێتە كەسێكی داهێنەر
هەموو خێزانەكان پێیان خۆشە ببنە خاوەن منداڵی زیرەك و هۆشیار و داهێنەر، شارەزایانی بواری پەروەردەی منداڵ پێیان وایە، ڕاستە ئاستی هۆشیاریی منداڵەكان جیاوازە و لە منداڵێكەوە بۆ منداڵێكی دیکە دەگۆردرێ و تا ڕادەیەكیش ئەم بابەتە بۆ موەیەکە، بەڵام بنەماڵەکان ئاگادار دەكەنەوە، شێوازی پەروەردەی منداڵیش كاریگەریی خۆی هەیە، واتە خێزانەكان ئەگەر بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ منداڵەكانیان بكەن، منداڵەكەیان كەسایەتییەكی جیاوازی دەبێت و دەتوانێت تواناكانی بخاتە گەڕ.
دەروونناسان ڕایەكی جیاوازیان لەمەڕ پەروەردەكردنی منداڵی وشیار هەیە و جەخت دەکەنە سەر كاریگەریی یاری و كەرەستەكانی یاری و ئازادی و سەربەخۆیی منداڵ لە یاریكردندا، تا ئەو كاتەی كە مەترسیی بۆ دروست نابێت، واتە خێزانەكان دەبێت كەشێك بۆ منداڵەكەیان دروست بكەن، بتوانێت بە ئازادی یاریی بكات، شت دروست بكات، تێكی بدات و داهێنان بەدی بهێنێت.
كارێكی دیکە، كە لە ئەستۆی خێزانەكاندایە، پاڵپشتی كردنی منداڵەكەیانە. دایكان و باوكان بە هیچ شێوەیەك نابێت منداڵ لە ئەنجام دانی كاری هەڵە بترسێنن و سەرزەنشتی بكەن، پێویستە دەرفەت بە منداڵ بدرێت ئەزموون بكات، خۆی تاقی بكاتەوە و بە بوێرییەوە شتەكان تاقی بكاتەوە و لە هەڵەكان نەترسێت.
بە باوەڕی شارەزایانی بواری پەروەردە و دەروونناسان، منداڵی وشیار و داهێنەر ئەو منداڵەیە، دوورە لە یارییە ئیلكترۆنییەكان و كەمتر سەرقاڵی سەیركردنی تیڤییە، بەڵكوو كاتەكانی بە وێنەكێشان و فێربوونی مۆسیقا پڕ دەكاتەوە.
منداڵی داهێنەر خاوەن دایك و باوكێكی وشیارە، كە گرنگیی بە پەروەردەی منداڵەكەیان دەدەن و سەبارەت بە فێربوونی منداڵەكەیان حەوڵ و تەقەڵا دەدەن و پاڵپشتیی دەكەن.