تاریخ: ۱۴۰۰/۹/۲۹
کۆمەڵە چیرۆکی «با تفەنگەکان بێ دەنگ بن» بڵاوکرایەوە
لە چەند رۆژى رابردوودا کۆمەڵە چیرۆکێکی فەردین کەمانگەر بە ناونیشانى (با تفەنگەکان بێ دەنگ بن) لەدووتوێی (۷۶) لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە و ئیستا لە کتێبخانەکانى کوردستان دەستدەکەوێت.
با تفەنگەکان بێ دەنگ بن لە (۱۰) دە چیرۆک، لە فۆڕم و شێوازی جۆراوجۆر پێکدێت کە ئەمە ناونیشانەکانیانە: (گوڵدانەکانی دایکم، هەشتی مارس بوو، عاشق دەبێ بە سەرشێت بوونا بناسییەوە، هیوای شەو چلە، شاعیر و گوڵەباخ، گەڵاڕێزان، چەرخی گەردوون، شاعیر، تاوانبار، تفەنگەکان با بێدەنگ بن).
نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێیت: «نووسینم بەو بۆنەوە هەڵبژارد چون دەتوانین لەم زەمەنە نامۆیەدا کە جیهان تووشی مۆدێڕنیتە و مۆدێڕنیزاسیۆن و ئاڵوگۆڕێکی یەکجار بووە، پەیامی خۆشەویستی، سوڵح و ئاشتی و هێمنایەتی خۆمان بە کۆمەڵگای جیهانی ڕابگەیێنین و دنیایەک دوور لە تەنگەژە، شەڕ و کوشتار بخولقێنین و ببینە پەیامبەرانی سوڵح و ئاشتی لە جیهاندا.»
جێگای ئاماژەیە ڕووبەرگی کتێبەکە لە لایەن هونەرمەندی سنەیی فەردین سادق ئەییوبی نەخشێنراوە
ئەم بەرهەمە بە ئەژماری ۱۰۰۰ نوسخە و لە دووتوێی ۷۶ لاپەڕە، بە نرخی ۴۵ هەزار تمەن، لە لایەن وەشانگەی (تاڤگە) لە شاری سنە لە چاپ دراوە.