تاریخ: ۱۴۰۰/۱۰/۱۰
"ئەزموون" لە فێستیڤاڵەکانی "گوا"ی هیندستان، "تێفلیس"ی جۆرجیا و "دەریای سوور"ی عەڕەبستان
مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە دەرهێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە پەنجاو دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گوا"ی هیندستان، بیست و دووهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تێفلیس"ی جۆرجیا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی "دەریای سوور"ی عەڕەبستان نمایشکرا. 
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە بەرهەمهێنانی "مەمەد ئەکتاش"، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی "پانۆڕامای جیهان" لە پەنجاو دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گوا" Goa فێستیڤاڵی گرینگ و پلەیەکی سینەمای جیهان لە وڵاتی هیندستان، لە بەشی "ئاسۆکان" HORIZONS لە بیست و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تێفلیس" Tbilisi لە وڵاتی جۆرجیا و هەروەها لە یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دەریای سوور" Red Sea لە وڵاتی عەڕەبستان نمایشکرا. 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گوا" بە ناونیشانی کۆنترین و یەکێک لە گرینگترین فێستیڤاڵەکانی فیلم لە کیشوەری ئاسیا کە بە مەبەستی پێکهێنانی بنەمایەکی هاوبەش بۆ فیلمسازانی سەرتاسەری جیهان دامەزراوە؛ پەنجاو دووهەمین خولی بە سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی خاتوو "ڕەخشان بەنی ئیعتماد" دەرهێنەری ناوداری سینەمای ئێران و بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی"، بەشی "پانۆڕامای جیهان"، بەشی "پێشبڕکێی فیلمە یەکەمەکان"، بەشی "پانۆڕامای فیلمە هیندییەکان"، بەشی "نمایشی تایبەت"، بەشی "گوا"، بەشی "ڕێزلێنان"، بەشی "کارگەی فێرکاریی" و ... لە شاری گوا لە وڵاتی هیندستان بەڕێوەچوو. 
بیست و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تێفلیس" بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە فیلمسازانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە دوو بەشی "ئاسۆکان" و بەشی "یەکێتی ئەورووپا" لە وڵاتی جۆرجیا بەڕێوەچوو. 
هەروەها یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دەریای سوور" بە سەرۆکایەتی "محەمەد ئەلتورکی"، بە سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرنی "جۆزێپێ تۆڕناتۆرێ" Giuseppe Tornatore دەرهێنەری ناوداری ئیتاڵی بە دروشمی "شەپۆلەکانی گۆڕان"، بە بەشداریی سینەماکارانی ناوداری سینەمای جیهان و بە نمایشی 138 فیلم لە دەرهێنەرانی 67 وڵاتی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی"، بەشی "باشترینەکانی عەڕەبی"، بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلم"، بەشی "هەڵبژاردەی فێستیڤاڵەکان"، بەشی "بینراویی عەڕەب"، بەشی "خەزینەکانی سینەما"، بەشی "بازاڕی فرۆشی فیلم"، بەشی "سینەمای نوێی عەڕەبستان"، بەشی "جیلی نوێی"، بەشی "سینەمای گەڕەک" و ... لە شاری بەندەری جەدە لە وڵاتی عەڕەبستان بەڕێوەچوو.
"ئەزموون" بەرهەمی کۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی بەڕلین و کۆمپانیای "مەستی فیلم"ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی "ئاڕت هوود" ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.