تاریخ: ۱۴۰۰/۱۰/۱۵
چاوڕاکێشێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی زانای گەورەی کورد "تۆفیق وەهبی"

لە تۆمارێكی دەنگیدا دەڵێت ١٩٤٢ی زایینی قامووسم بۆ زمانی كوردی دروست كرد ئینگلیزەكان پییان گوتم تۆ خەریكی كارێكی زۆر گەورەیت، كورد لەپاش ١٥٠ ساڵی تر هەیكەلێكی ئاڵتونیت بۆ دروست دەكەن. تۆفیق وەهبی بە پێكەینەوە دەڵێت تۆ ئیهانەم پێدەكەیت،  کورد دەبێت خێراتر لەوە تێبگات كە من چیم كردووە، ئەمە ئەو ستراتیژە گرنگەیە كە تۆفیق وەهبی لەنێو ئەو دۆخە ناهەموارانەدا بیری لێكردەوە و پێیی وابوو یەكێك لە بنەماكانی نەتەوە "زمان"ە کە دەبێت پارێزگاریی لێبكرێت و بمێنێتەوە.

تۆفیق وەهبی كێیە؟

نووسەر،سیاسەتمەدار، ئەفسەری پلەباڵای سەربازی، شارەزای بواری شوێنەوارو مێژوونوس و زمانزانی كورد تۆفیق وەهبی بەگی کوڕی مەعرووف لە ١ی ژانویەی ساڵی ١٨٩١ی زایینی‌دا لە شارۆچكەی چوارتای شاری سلێمانی لەدایکبووە. هەر منداڵ بووە کە باوکی کۆچی دوایی کردووە، خوێندنی سەرەتایی لەسلێمانی تەواو کردووە و لەساڵی ١٩٠٤دا چۆتە بەغدا و خوێندنی ناوەندیی و ئامادەیی سەربازیی بە زیرەکی و پلەی بەرز تەواو کردووە.

 
 

دواتر بۆ خوێندنی باڵا ڕووی کردۆتە شاری ئەستەمبوڵ و لە کۆلێژی ئەرکان وەرگیراوە و وەک ئەفسەری ڕوکن لە سوپای عوسمانیدا وەرگیراوە.

هاوسەرەكەی:

هاوسەری تۆفیق وەهبی ناوی ئاسیا وەهبییە و كچی بازرگانی بەناوبانگ "ڕەزا ڕیزەلی"یە. ئاسیا بە یەكێك لەو ژنانە دادەنرێت كە كاریان بۆ بزووتنەوەی ژنان كردووە کە هەروەها لە بواری پاێزگاریی منداڵاندا چالاكی زۆری هەبووە و لە ١٩٤٥ تا ١٩٥٨ سەرۆكایەتی كۆنگرەی ژنانی عێراقی كردووە. ناوبراو ساڵی ١٩٨٠ لە لەندەن كۆچی دوایی كردووە و دواتر تەرمەكەی گوازراوەتەوە بۆ بەغدا و لە تەكیەی قادری لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغداد بە خاك سپێردراوە.

بەشداریی شەڕی دژ بە ئینگلیز:

تۆفیق وەهبی وەك گەنجێكی بێ باوك لە شاری سلێمانییەوە ڕوو لە ئەستەنبوڵ دەكات و لەوێ دەست بە خوێندنی سەربازیی دەكات، کە جەنگی یەکەمی جیهانی لەساڵی ١٩١٤دا ڕووی داوه، بەشداری لە شەڕی چەنە قەلعە لە دەردەنیل‌دا کردووە و لەدواییدا بۆ بەشداری کردن لەبەرەی جەنگ لەدژی هێزەکانی بەریتانیا لە شعێبە ڕەوانەی خوارووی عێراق کراوە و لەکاتی کشانەوەی سوپای عوسمانی بەرامبەر بە هێزەکانی بەریتانیا لە مانگی سێپتامبەر ١٩١٧دا بەشداری لەبەرەی جەنگی ڕومادی کردووە و کاتێکیش کە ئەو شارە کەوتۆتە چنگ هێزەکانی ئینگلیز ئەم بەخۆی و لەشکرەکەیەوە بەرەو شاری هیت لە باشووری عێراق کشاوەتەوه.

لەساڵی ١٩١٨دا گواستراوەتەوە بۆ بەرەی جەنگی فەلەستین و پایەی سەرەبازی بەرزکراوەتەوە بۆ پلەی ڕائید و مەدالیای قارەمانی لەسەرکردەی ئەڵمانییەكان وەرگرتووە.

گەڕانەوە بۆ كوردستان و دامەزراندنی سوپای عێراق:

کاتێک جەنگی جیهانی یەكەم بە شکانی دەوڵەتی عوسمانی هاوپەیمانەکانی لەمانگی نۆڤامبەر ساڵی ١٩١٨دا کۆتایی هات، تۆفیق وەهبی بەگ گەڕایەوە عێراق و لە ساڵی ١٩١٩ وەک فەرمانداری ڕانیە هەڵبژێردراوە. وەهبی دواتر چووەتە بەغدا و وەک یەکێک لە ئەفسەرە دیارەکانی کورد لەدامەزراندنی سپای عێراق دەستی هەبووە. سپای عێراق لە ڕێکەوتی ٦ی ژانویەی ١٩٢١ی زایینی‌دا دامەزراوە. شایانی ئاماژەیە لەكۆی ١٤ كەسی دامەزرێنەر، ٩ كەسیان كورد بوون.

چوونە پاڵ شێخ مەحموود:

کاتێک کە شێخ مەحمودی حەفید لە ساڵی ١٩٢٢دا لە هیندوستان گەڕێنرایەوە سلێمانی و بووەوە مەلیكی کوردستان، تۆفیق وەهبی بەگ لەمانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٢٢دا چووە پاڵ بزووتنەوەکەی ئەم سەرکردەیەی کورد و کاتێک ئەم بزووتنەوە و فەرمانڕاوەکەی شێخی حەفیدیش بەدەستی ئینگلیزەکان لەناوبران، تۆفیق وەهبی بەگ بۆ ماوەی ٤٢ ڕۆژ گیرا. لە دوای ساڵی ١٩٢٣دا وەک کارگێڕی بزوتنەوەکان لەوەزارەتی بەرگری عێراق و لەمانگی ئاگۆستی ١٩٢٥دا وەک بەڕێوبەری قوتابخانەی سەربازی لە بەغدا دامەزرا و پلەی سەربازی وەک موقەدەم بەرز کرایەوە.

 

بەرپرسیارێتی لە بەغداد:

 لەساڵی ١٩٤٦ تۆفیق وەهبی کراوە بە وەزیریی ئابووری عێراق و دوای ئەوەش تاکو ساڵی ١٩٥٨ وەک بە وەزیری بەرگری و مەعاریف هەڵبژێردراوە. ساڵی ١٩٤٧ بووە بە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەی "المجمع العلمی العراقی"، لە ساڵی  ١٩٥١دا بە سەرۆكی ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای عیراق هەڵبژێردراوە. وەهبی وەک ئەندامی دامەزرێنەری حیزبی ئومەی ئیشتراكی وەرگیراوە کە دواتر وەک جێگری سەرۆكی ئەو حیزبە دەستنیشان کراوە.

لەسەرەتای ساڵی ١٩٥٨ بە ئەندام لە ئەنجوومەنی پیاوماقووڵانی عێراق (مجلس الاعیان) وەرگیراوە. لەدوای شۆڕشی ١٤ی جولای (تەمووز) ساڵی ١٩٥٨ دا عێراقی جێهێشتووە و لەشاری لەندەن گیرساوەتەوە.

نووسین:

تۆفیق وەهبی دوا ساڵەکانی ژیانی لە لەندەن بەسەر بردووە و هەر خەریکی نووسینی مێژووی کورد و نووسینی بابەتی زمانەوانی کوردی بووە، تۆفیق وەهبی بەگ لەدوای دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کورد لە ساڵی ١٩٧١دا بە ئەندامی شانازیی هەڵبژێردراوە و گەلێک لێکۆڵێنەوەی لە گۆڤاری کۆڕدا نووسیوە و تا ئێستاش شوێنەواری نوسینەكانی بەسەرمێژووی نووسراوەی كوردییەوە دیارە بە جۆرێک کە بۆ ئەوەی نەوەكانی كورد بزانن كە ناوبراو چ ڕۆڵێكی گرینگی هەبووە. لە نێو داڕێژەری خوێندنی حکومەتی هەرێمی كوردستانیش دا وانەیەك بۆ ژیان و بەسەرهاتی ناوبراو دانراوە.

زمانی كوردی:

هەرچەندە لە ڕووی دەربڕین و نووسینەوە ئەگەر وەك ڕێنوسی ئێستا باس بكرێت ئەوا دەكرێت بگوترێت نوقسانی و كەلێنی زۆری هەیە، بەڵام بۆ ئەم سەردەمان (دەیەی ١٩٢٠ی زایینی) ئەوەندە زۆر بووە كە هیچ كەسێك لەو شێوەی پێ نەكراوە. ساڵی ١٩٢٤دا بە زمانی عەرەبی بابەتەكانی لەسەر زمانی كوردی نوسیوە لە گۆڤاری "دیاری كوردستان"دا بڵاوی کردۆتەوە. وەهبی چەندین ڕێسای بۆ زمانی كوردی داناوە و جەختی  لەسەر ئەوە كردووەتەوە لەبری پیتی عەرەبی باشترە پیتی لاتینی بەكار بهێنرێت کە بەشێك لە ڕەخنەگرانی ئەو بۆچوونەوەی ناوبراو دەهێنە ژێر پرسیارەوە.

مردن و بەخاك سپاردن:

تۆفیق وەهبی بەگ دوای ئەوەی تووشی نەخۆشی دەبێت و دەیخاتە نێو جێگە و ناتوانێت بڕوات لە ڕۆژی ٥ی ژانویەی ١٩٨٤ دا لەشاری لەندەن و  لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی بۆ سلێمانی گەڕێندراوەتەوە و لەسەر راسپاردەی خۆی لەچیای پیرەمەگروون لە تەنیشت گۆڕی پیاوچاکی کورد پیرەمەگروون بەخاک سپێردراوه.

بەرهەمەکانی تۆفیق وەهبی بەگ:

زانای گەورە تۆفیق وەهبی گەلێک پەڕتووکی بەنرخی لەبارەی زمان و مێژووی کوردستان بە زمانەکانی کوردی و تورکی و عەرەبی و ئینگلیزی نووسیوە کە زۆربەیان چاپ کراون.

 

بەرهەمە کوردییە چاپکراوەکان بریتین لە:

دەستووری زمانی کوردی - بەغدا ١٩٢٨

خوێندەواریی باو - بەغدا ١٩٣٣

قسنێک لە کوردستان - بەغدا ١٩٤٧

فەرهەنگی کوردی - ئینگلیزی (هاوبەش)، لەندەن ١٩٦٥

 

بەرهەمە عەرەبی چاپکراوەکان بریتین لە:

رجعیة المانیا و عبادة القوة - بەغدا ١٩٤٢

الاصل و الاستطراد فی اصل معنی بەغداد - بەغدا ١٩٥٠

قواعد اللغة الکردیة ج (١) بیروت ١٩٥٦

قواعد اللغة الکردیة ج (٢) بیروت ١٩٥٦

التون کوپری - بەغدا ١٩٥٦

سخرة من دربند بازیان الی تاسلوجة - بەغدا ١٩٥٦

حول مقال مسئوولیة الادیب الکردی للاستاذ عبدالمجید لطفی - بەغدا ١٩٧٣

 

بەرهەمە چاپکراوەکانی بە ئینگلیزی:

ئەشکەوتی گندۆک - بەغدا ١٩٤٩

پاشماوەی میسرازئیەکان (ئێزدییەکان) لەندەن ١٩٦٢

خوێندنی کوردی - بەشی یەکەم لەندەن ١٩٦٨