تاریخ: ۱۴۰۰/۱۰/۲۵
پرۆفیسۆر مارف عومەر گوڵ شاعیر و نووسەری کورد بە نەخۆشی كۆچی دواییكرد
پرۆفیسۆر دكتۆر مارف عومه‌ر گوڵ، شاعیر و نووسەری کورد، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25 ی بەفرانبار له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری سلێمانی به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد.
ئەکادیمیستی کورد، پرۆفیسۆر دكتۆر مارف عومه‌ر گوڵ، چه‌ندین توێژینەوەی لەسەر جینۆساید و جینۆسایدی کورد نووسیووە و لەو بوارەشدا خاوەنی چەندین توێژینەوە و کتێبی دانسقەیە.
ماوەیەک ڕاگری کۆلیژی یاسای زانکۆی سلێمانی بووە. لێپرسراوی لیژنەی بەرزکردنەوەی بڕوانامەی زانستی بووە لە کۆلیژی یاسا و رامیاری زانکۆی کەرکووك، سەرپەرشتیاری دەیان نامەی ماستەر و دکتۆرا بووە لە زانکۆکان.
مارف عومه‌ر گوڵ، خاوەنی چەندین شیعر و شیعری لیریک و گۆرانییە. هه‌ندێك لە گۆرانیبێژانی کورد، شیعرەکانیان کردووە بە گۆرانی لەوانە، عەدنان کەریم، پەیمان عومەر.
پڕۆفیسۆر د. مارف عومەر گوڵ، ساڵی 1956 لەگوندی هەشەزینی ناوچەی سەنگاوی قەزای چەمچەماڵ لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار و خاوەن قەڵەم دیار لەدایکبووە.. دواتر ماڵیان دەچێتە کەرکووک لەوێ دەخرێتە بەر خوێندن و پاشان قۆناغەکانی خوێندن بە سەرکەتوویی تەواو دەکات و لە کۆلیژی یاسا لە بەغدا وەردەگیرێت.