تاریخ: ۱۴۰۰/۱۰/۲۷
براوەی خەڵاتی ماملێ 2022 ناسێندرا


لە ڕێ‌وڕەسمێکدا کە ئەمڕۆ، ٢٧ی بەفرانبار لە شاری مەهاباد بەڕێوە چوو، کاوە فەقیەزادە، ژەنیاری مۆسیقا و ڕێبەری ئۆرکێسترای فیلارمونیکی موکریان، خەڵاتی مەڵبەندی ماملێی ئەمساڵی پێ بەخشرا.


لەم ڕێوڕەسمەدا کە بەشداریی کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و ئەدیبانی مەهاباد بەڕێوە چوو، لەسەر کەسایەتیی و باری مۆسیقایی بەرهەمەکانی مامۆستا محەممەد ماملێ قسە کرا.


عەبدوڵڵا ماملێ، کوڕی مامۆستا ماملێ لە لێدوانێک لەگەڵ هاژەدا گوتی: ڕێ‌وڕەسمی خەڵاتی ماملێ ساڵانە لە لایەن مەڵبەندی ماملێ‌ـوە بەڕێوە دەچێت، ئامانجی ئەم مەڵبەندە نوێکردنەوەی پێوەندییەکانی بنەماڵەی مامۆستا ماملێ لەگەڵ هونەرمەندانە.


عەبدوڵڵا ماملێ لەبارەی چالاکیی مەڵبەندی هونەریی ماملێ گوتی: ئەم خەڵاتە وەک هاندانێک بۆ هونەرمەندان و هۆگران بە هونەری کوردی دەست‌نیشان دەکرێت کە بتوانن بە فەرهەنگ و زمانی کوردی خزمەت بکەن.


ماملێ هەروەها ڕایگەیاند: بە بۆنەی تێکۆشان و خزمەتەکانی هونەرمەند کاوە فەقیەزادە لە بواری مۆسیقا و گەشەپێدان بە هونەری کوردی، خەڵاتی هونەریی مەڵبەندی ماملێ ٢٠٢٢ـی پێ بەخشرا.


کاو فەقیەزادە لە ساڵی 49ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بووە. ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی چالاکییە هونەرییەکانی خۆی لە بواری کۆکردنەوەی ئەلفوبێی مۆسیقا، واتا نۆتنووسی و نوێکردنەوەی بەرهەمە کلاسیک و ڕەسەنەکانی هونەرمەندانی کورد دەست پێ کردووە. بۆ ماوەی چوار ساڵ لە شاری سلێمانی ژیاوە و لەوێ خەریکی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بووە لە ئەنیستیتۆی کوردی ئەو شارە. هەروەها لە باشووری کوردستان مامۆستای زانکۆ بووە.

لە ماوەی ٣۵ ساڵ لە ژیانی هونەریی خۆی، ناوبراو تا ئێستا ١٢ کتێبی تایبەت بە مۆسیقای کوردی لەچاپ داوە.

کاوە فەقیەزادە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، ئۆرکێسترای فیلارمونیکی موکریان بە بەشداریی ژەنیارانی ناوچە لە شاری مەهاباد دامەزراند و لەم بوارانەدا چالاکیی خۆی درێژە پێ بدا.


خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندی کورد، ماوەی ١٣ ساڵە چالاکە و لەلایان مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌ـوە ساڵانە پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوو و تێکۆشەرانە دەکرێت کە لە خزمەتکردنی هونەری کوردیدا تێکۆشاون و گەشەیان پێ بەخشیوە.


تا ئێستا مامۆستایان، قالەمەڕە، ئەندریاس خەمۆ، عەبباس کەمەندی، عەزیز شارۆخ، ناسر ڕەزازی، زۆزان، تیپی مۆسیقای سلێمانی، مەزهەر خالەقی، خەلیل خەمگین، حوسێن سەفامەنش، محەممەدڕەزا دارابی و دڵشاد سەعید خەڵاتی ماملێان لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ تا ٢٠٢١ پێ بەخشراوە.