تاریخ: ۱۴۰۰/۱۱/۲
سووکەئاوڕێک لەژیانی شاعیری کورد بورهان جاهید

بورهان حاجی محەممەد عەبدولڕەحمان نازناوی جاهید بووە، شاعیرێكی دیار و ناسراوی كوردستانە‌ کە بە شێعرەكانی خزمەتێكی زۆری بە ئەدەب‌ و ڕووناكبیری كوردی كردووە.

جاهید ساڵی ١٩١٨ی زایینی لە ئامێزی بنەماڵەی ناوداری دۆغرەمەچیی هۆزی جافی مورادی لەگەڕەكی سەرای قەڵای هەولێر لەدایک بووە.

بنەماڵەی دۆغرەمەچی بنەماڵەیەكی دێرین‌ و ناسراوی شاری هەولێرن‌ و چەندین كەسایەتییان تێدا هەڵكەوتووە کە خزمەتێكی زۆریان بە شاری هەولێر كردووە.

بە حوكمی ئەوەی جاهید لە بنەماڵەیەكی ڕۆشەنبیر‌ و ئەدەب‌دۆستدا گەورە بوو، هەر زوو خولیای دنیای ئەدەب بە گشتی‌ و شێعر بەتایبەتی بوو. لەتەمەنی ۱۴ ساڵییەوە شێعری نووسیوە‌.

ئەم شاعیرە بە زمانەكانی كوردی‌ و عەرەبی‌ و توركمانی شێعری هۆنیوەتەوە‌ و سێ‌ دیوانی بەناوی "چوارینەكانی جاهید" بەزمانی كوردی چاپ كراون.

جاهید لەسەردەمی میری‌دا لەپیشەی فەرمانبەری خزمەتی كردووە‌ و كارمەندی كتێبخانەی گشتی عەنكاوە بووە.

ئەم شاعیرە لە ڕێکەوتی ٢٢ی ژانویەی ساڵی ١٩٩١ی زایینی بە یەكجاری ماڵئاوایی لەژیان كردووە و لە شاری هەولێر ئەسپاردەی خاک کراوە.