تاریخ: ۱۴۰۰/۱۲/۳
پەندی پێشینیان

ئەم وتارەی مامۆستا هەژار ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی / ١٩٨٦ی زایینی، بۆ یەکەم جار لە گۆڤاری سروە ژمارە ٨، ل ٧-٩دا بڵاو کراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە بەشێکی زۆری لێ دەرهاوێژراوە و بە کەم و کورتی چاپ کراوە.

ساڵی ٢٠٢٢ ڕێزدار کاک خانی شەرەفکەندی بە گومانی بڵاونەکرانەوەی لە ڕووی کۆپی دەسنووسێکی مامۆستاوە تایپ و وێڕای دەسنووسەکە بڵاوی کردۆتەوە. ئێمەش پاش بەراوەردی دووبارە لەگەڵ دەسنووسەکە و هەڵگرتنەوەی هەڵەوپەڵەکان سەرلەنوێ و بەتەواوی و بە ڕێنووسی باوی سەردەم بڵاوی دەکەینەوە.

 

خوا لە قورعان‌دا فەرموویە: "هەرچی لەم سەرزەمینە ئەجووڵێنەوە و هەرچی وە دوو باڵ ئەفڕن، گشتیان ئۆمەتن وەک ئێوە". واتا مرۆش تیرەیەک لە جانەوەرن و دەگەڵ هەموو جانەوەران خزمی یەکن. هەر ئەمەشە کە ڕەسووڵ پولوسی حەواری عیسا مەسیح (دروودی خودای لەسەر بێ) بە باڵدارانی فەرمووە "مەلی برام". دەسا با ئێستا بزانین ئێمەی مرۆ، چۆنە ئەمڕۆ لە تیرەکانی بەگیانی ئەم زەمینە بەهێزتر و باوخۆشترین؟ چۆنە ئێمە لەچاو ئەوان، زێدە لەوان، توانیومانە پێشدا بچین و خۆبگرین و دەستیش بەسەر جانەوەرانی خۆیشمان‌دا و سەر زەمین و ژێر زەمین و بگرە بەرزاییەکانی دوورەدەستیشمان‌دا بگرین؟

وەرامی پرسیار هاسانە: لەناو مێشکی کەلـلەسەری بنیادەم‌دا کولێنێکی بیر تێداهەڵگرتن هەیە کە جانەوەرانی تر نیانە. بۆ نموونە: دوو مشک بە بۆن دووگەوە بەلەسە بوون، یەکیان زووتر دەگاتێ، دووگ دەگرێ، ئاڵقەی تەڵە تێکدەبەزێ و دەیخنکێنێ. ئەویتریان لە تەقەی تەڵە دەترسێ و دەرباز دەبێ، بەڵام لە بیری نامێنێ کە هەروا تاوێک لەمەوبەر، یاخۆ دوێنێ، لەم ڕێگەدا و لەم جێگەدا چۆن بەڵایەک بەسەر هاوڕێیەکەی خۆی هات. بۆنی دووگەی دیسان لێ دەبێتە ڕووگە و ملی بە تەڵەوە دەبێ. بەڵام مرۆ کە لە سایەی بیردانی ناو کەللـەسەری، بەسەرهاتان لە بیر ناکا، لە کوێ تووشی چورتمێک بێ، یاخۆ بەسەر تووش و دژوارییەکی‌دا سەرکەوێ، ئەزموونی وەدەست دەکەوێ، ئامۆژگاری مناڵ و کەسی خۆی دەکا کە چۆن لە بەڵا ڕزگار بن و چۆن بەباشی فێری ئاکار و ڕەفتار بن، تا تووشی هیچ تووشییان نەبن.

هەزاران و هەزاران ساڵ، قلە قلە و پلە پلە ئەو ئەزموون و بیرەوەرییانە دەماودەم یان بە نووسینەوە لە باپیرەوە بۆ نەوە، لە نەوە بۆ نەوەچرک، بۆ تۆرەمە ماونەتەوە. ئەمانە کۆکراونەتەوە، مرۆ ناوی ناوە مێژوو، سەرگورشتەی ڕابردووەکان، چیرۆکی کۆن، یاخۆ پەندی پێشینەکان.

بەڵێ، ئێمەی چینی مرۆ، لە سایەی مێژووی ڕابردوو، لە سۆنگەی بیری نەمردوو، توانیومانە بەسەر کۆسپ‌دا زاڵ بین و لە کوورەی ژین‌دا قاڵ بین. هەر توێژێکیش کە لەپاش چینی بەرلە خۆی هاتۆتە سەر ئەم زەمینە و شارەزاتر بە گەنجینەی ئەزموونی پێشوونان بووە، ژیرتر و ئاوەزدارترە و ئەو چینەی لە دواڕۆژیش دێت لە چینی ئەمڕۆ زاناتر دێتە بەرهەم.

لەم کورتە باسە مەبەستم بەرەی تێکڕایی مرۆیە، نەک هەموو جانەوەرێکی لەسەر پاشووی، قسەکەری سەروسیما وەک بنیادەم؛ چونکە ئێستاش زۆر لەوانە کە هەر بە بوختان و درۆ ناویان لە خۆ ناوە مرۆ، سەد قات لە کەریش کەرترن. لەچی و بۆچی؟! چونکە لە بەهرەی ئەزموونی ڕابردووەکان، لە گەنجینەی ئامۆژگاری زانا هەرگیز نەمردووەکان بەشیان نەبووە کە لەسەر ڕووپەڕی کتێبان بۆ نەوەی دواڕۆژ نووسراون، یان دەماودەم ڕاگوێزراون. لە بەر چاویان ئەو پەندانە ڕەشکەوپێشکەی بێ‌مانا بوون و لە بەر گوێیان وەکوو با بوون و هیچ گا نرخیان نەزانیون.

بەشێکی زۆر لەم جانەوەرە دووپایە، تووشی هەر کۆسپ و تەگەرە و بەڵایەک دێت لەم دنیایە، هیچ نایزانێ لە نەزانینی خۆی‌ڕایە و هەر لای وایە کاری خوایە و ناوی ناوە قەزا و قەدەر!! ئیتر بە بیری‌دا نایە، کە ئەو خوایەی ئەو تاوانی لێقەومانی دەخاتە سەر فەرموویەتی: مرۆ بۆ هەرچیەک نەکۆشێ، گیری نایە! یان پێغەمبەر فەرموویەتی: "قەدەرییەکان{‌ی} مەجووسی ئۆمەتی منن". خوا مێشک و دەست و پا و چاوی بۆیە داوە، کاروباری دنیای خۆت، خۆت هەڵسووڕێنی. دوو گوێی داوە کە بتوانی پاک و پیسی پێ ببیسی و بە بێژنگی عەقڵ و ئەزموون گێژەوی کەی، ئەوسا بە دڵتی بسپێری و خراپی لێ هەڵاوێری و پاک و چاکەکەی دەکار کەی.

ئەگەر خۆمان بەرپرسیاری چارەنووس و کاروباری خۆمان نەبین، خوا، پێغەمبەری بۆ ناردوون، پێی سپاردوون ئامۆژگاری مرۆ بکەن، ڕێنموونی ڕای چاکە بن و بێژن وا مەکەن، وا بکەن؟

دەڵێن قسە قسە دێنێ: ئەوسا کە لە سووریا بووم، لە جزیرەی ئیبنووعومەر، لە گوندێکی چەپەک دەژیام. ساڵێک گەنمی هەموو خەڵکی ئاواییەکە کوێروو لێی دا و ڕەش‌هەڵگەڕا و موزمەعیل بون... تەنیا پەڵەگەنمێکی فەلەیەک نەبێ، زێدە لە هەمووان ساغ مابوو، نە گورگە و زیوانی هەبوو، نە پەتای کوێروو لێی دابوو. کە لێمان پرسی هۆی چیە؟ ئەم فەلەیە وا خوا لە کوێرووی پارازتووە و موسوڵمانەکان تووشی بوون؟ پێکەنی و لە جوابا گوتی: "زۆرم فکر لێکردەوە، گوتم ئەوانە ئیسلامن، شێخ و مشایخیان زۆرە، غەوسیان هەیە، شاهی نەخشبەند شک دەبەن، شێخ سەیدا و شێخ برایم حەققی و بە هەزاران خەلیفەومەلیفەیان هەس، لە بەریان دەپاڕێنەوە گەنمەکانیان بپارێزن. منی فەلەی، کڵۆڵی بەستەزمانیش تەنیا مەسیحێک شک دەبەم، ئەویش جوولەکە کوشتیان و نەیتوانی خۆی ڕزگار بکات! بەخوا چارەم هەر ئەوەیە دەرمان بکڕم، تۆمەکەم سەمپاشی بکەم... وا لە سایەی هیممەتەکەی شێخ سەممەوە گورگە و کوێروو لە حاند بژیوی من کوێر بوون و نەیانپێکا!"

جا ئێمەی کوردی ماڵوێران، بەناشکوری خودا نەبێ، ئەگەر وەک گەلانی دیکەی خوداپێداو تا ئێستا بۆمان نەلواوە بە زمانی خۆمان بخوێنین و خوێندەوارە کوردە زانا و تێگەیوەکان بە زمانی کوردی بنووسن و ئەزموونی گەلانی ترمان بە کوردی تێبگەیەنن و کتێبخانەی خۆماڵیمان، زۆر ئاوەدان و قەوغا بێ، دیسان نابێ لامان وابێ بەتەواوی بەش‌بڕاوین. گەلێک پەند و ئامۆژگاری نرخداری کەونارامان، بە میرات بۆ ماوەتەوە، دەماودەم فێریان کردووین و نەفەوتاون. ئەگەر بیانکەینە ڕێبەر و ڕێ‌شاندەرمان، کەمتر تووشی هەڵە دەبین و لە زۆر تەڵەی سەر ڕێگە خۆ دەرباز دەکەین.

زۆر لە باپیرانی ژیرمان، ئەزموونی ژیانی خۆیان، بە چەند ڕستێکی لەشان سووک دەربڕیوە و هەر یەکەی گەنجینەیەکن. پێویستە سەریان دەینەوە و بەهرەیان لێ هەڵکڕێنین و بیانکەینە مامۆستای خۆمان. بۆ نموونە فەرموویانە: "هەر کەس بکا بێگانەپەرستی، ئاخری هەر دەهێنێ نوشوستی!" بێگانە بەو کەسە دەڵێن خەڵکی وڵاتی خۆت نیە، نامۆیەکی لاپرەسەنە، وە زمانێکی تر داخێوێ. خووی، ئاکاری، ئیمانی، دەراوی زاری، دەگەڵ ئیمان و ڕەوشت و ڕەفتاری تۆ پێچەوانەن. نەتیناسیوە، نایناسی، زاڵمە دەستدرێژکەرە، وڵاتەکەت داگیر دەکا، دەیەوێ هاووڵاتیانت، خزمانت، دەروجیرانت بکاتە بەندە و کۆیلەی خۆی. بەروبووی وڵاتەکەی خۆت بە دەستی خۆت ڕەنێو بێنێ و بیبا بۆ خۆی. ڕەنجی ساڵی کوڕوکاڵی نیشتمانت بەرێتەوە، وڵاتی خۆی. مایەی ژیانت، تەنانەت زمانەکەشت لێ بەربەست کا و بەیەکجاری بێ هەستت کا... ئەم جۆرە داگیرکەرانە ناویان لێ‌نراوە ئیستیعمار، کە بەڕاستی ژەهری مارن... ئیستیعمار هەر ئەوە نیە قژی زەرد و چاوشین بێ و لە ڕای دەریاوە هاتبێ. هەر هێزێکی دەستدرێژکەر بۆ سەر گەلێکی زەبوونتر ئیستیعمارە. جا با چاوی وەک قیل ڕەش بێ و تووکی بە ڕەنگی خەڵووز بێ (مەسەلەن بەعسی و سەددامیش و ئەوانەی وەکوو ئەو دەکەن ئیستیعمارن).

ئەو داگیرکەرە بێ‌فەڕەی لە وڵاتەکەی تۆ خەفتاوە، دەزانێ زۆر هاسان نیە داگیری کا. دەزانێ کە دانیشتووانی وڵاتەکە بۆ پارێزگاری لە ماڵ و نامووس گیانی خۆیان و کەس‌وکار و ڕواڵ و کاڵ و مناڵیان بە گژی‌دا دێن و دەیکوژن. ئەو مەسەلەشی بیستووە گوتوویانە: "دەسکی بیور لە دار نەبێ دار ناقەڵشێ." دێنێ هەر لە خەڵکی ناوخۆی وڵاتەکە چەند کەسانێک بە پووڵ دەکرێ و دەیانکاتە قوڵەچۆماغی دەستی خۆی و بەڵاگەردانی باڵای و بە گژ گەلی هاوخوێنی خۆیان‌دا دەکا و هەر لایەکیان بە کوشت بچن قازانجییەتی و دەبێتە مایەی سەرکەوتی. نەقڵی کابرای خۆی بە بێگانە دەفرۆشێ بەسەرهاتی کەوی ڕاوە ڕووی داوە. کڕیارەکەی لە دان و ئاو تێری دەکا و فێری دەکا: لە حەشارگەدا بخوێنێ و کەوەکانی هاوڕەگەزی بە دەنگی خۆیەوە بێنێ و دە ناو داوانیان هاڵقێنێ؛  بەڵام تا کەی قەدر و حورمەتی دەمێنێ؟ تا کەوی لەوی چاتریان گیر ناکەوێ، تا خۆی لە خوێندن ناکەوێ و لە کەو فریودان ناسرەوێ... هەر ڕۆژێکی پەکی کەوت: کابرا بە گۆشت کەو فێرەکە، دەگەڵ چەند کەوێکی گیراو سەری دەبڕێ و لەسەر پڵاوی دادەنێ.

با نەڵێین کەو، بڵێین تاژی. تاژی ڕاوێ قەڵادەی ئاوریشمی خاوی پڕ زەنگوڵەی لە مل‌دایە. ڕاو بۆ ئاغای نامۆ دەکا. بەپڕتاو هات‌وچۆ دەکا. کەروێشکی سیخوار لە پشتی بە یەکەم هەڵپە بۆ دەگرێ. لە چەم مڵ‌ومۆی بۆ دەکا، پەلەوەری بۆ وەکۆ دەکا، زۆر خۆشەویستە لای ئاغا. ڕێگەی دەدەن لە دەوروبەری وەتاغا بحەپێ و ڕاوێچکە بکا، بەرماو بخوا، هەمیشە تێر و تەسەل و تەروبەل بێ. شەوانە بۆ حەسانەوە لە ناو قەڵاغا وەرکەوێ، جێی گەرم و نەرمی بەرکەوێ. سەگەلی گوند هەموو ئێرەیی پێ بەرن، نەوێرن لێشی بمڕێنن یان پارووی لە دەم بڕفێنن. ئاخۆ ئەو خۆش‌ڕابواردنەی چەند ئەمێنێ؟ ئەگەر پیر بوو، ئەگەر چڕنووک و پەنجەی سوان، ئەگەر گیرگەی لەکار کەوت، ئەگەر دەم‌گەرمییەکەی نەما، چی بەسەر دێ؟ کەس کاری بە تاژییەک نیە هەر سەولەخۆری سلکەر بێ. خوێڕی دەکرێ، تاژییەکی دەم‌گەرم و تازە لە شوێنەکەی ئەو دادەنرێ. ئەویش ئەشێ بە پیری و بە زەمین‌گیری بقڕووسکێنێ و کەس بە ئێسکێک نەیلاوێنێ تا لە کەند و بوودرێک‌دا بە ناهومێدی دەتۆپێ.‏..

ڕەنگە ئێستە خوانەخواستە، یاخوا دار و بەرد گوێی کەڕ بێ – ئەگەر کاورایێ کوردزوان لە کوردستانا دەسکەوێ – هەرچەند باوەڕ ناکەم هەبێ... خۆی بە دوژمنی داگیرکەر، واتا بە هێزی ئیستیعمار فرۆشتبێ، ئەم وتارەی من بژنەوێ، لە ئاوێنەیەک بنەوێ و تەرحی خۆی وەبەر چاو کەوێ، بە ئاوەزی من پێبکەنی و بزەیەک لێوی ببزێوێ و دەمی دڵی بورتێنێ: کە ئەم قسە قۆڕانە چین، خۆ من نە کەوم نە تاژیم، من زەلامم بە سوێڵم زەمین دەکێڵم، زیت و وریا و خاوەن فێڵم، لە شوێن ژیانی خۆش وێڵم. مایەی خۆشی ژینم دەوێ، چەک و ئەسپ و زینم دەوێ. گەر بۆ داگیرکەر کار نەکەم، باری لاری بۆ بار نەکەم، وەکوو خۆم گەرەکمە ناژیم. ئێستا وا لە سایەی ئاغام خوا نەیبڕێ، دەوروبەرم لێم دەترسێ، کەس ناوێرێ لێم بپرسێ بۆ وا ئەکەم! خواردن زۆرە، دراو کۆمە، دنیاکە بە کەیفی خۆمە! بەڵام ئەگەر ئەو کوردە نەجیم‌زادەیە! هەر تۆزێک بیر بکاتەوە و ئاوڕ لە دواڕۆژ داتەوە و خۆی تەواو بەسەر کاتەوە، ڕەنگە تێبگا کە هەزار خۆزگەی بە تاژی. کەو یان تاژی دوو جانەوەری بێ‌بیرن. ڕاوکەر و بەڕاوگیراویش بیر لە تۆڵە ناکەنەوە و ئەوی ئەمڕۆ بەسەریان دێ، سبەی لە بیریان چۆتەوە. بنیادەم چی؟ کێ خراپەی دەگەڵ بکات لەبیریەتی... ئەگەر گەل و خزم‌فرۆش ئەمڕۆش دەسەڵاتی هەیە و ئازار و جەزرەبەی دەدات، کینەی لە دڵ‌دا هەڵدەگرێ تا ئەو هەلەی کە دەتوانێ تۆڵەی خۆی لێ بکاتەوە.

ئەو کابرا نەجیم‌زادەیەی کە دەبینێ بێگانە پشتی دەخورێنێ و دژی گەل و خزمانی خۆی دەکار دێنێ، دەبێ ئەوەندە تێبگا کە قشقەڵە بەخۆڕایی پشتی نێرەکەر ناخورێنێ. ڕۆژێک دەبێ قشقەڵە هەڵفڕێندرێ و پشت‌خورێنی گیر نەکەوێ! یان گریمان هەڵنەفڕێنرا و توانی خۆی سەقامگیر بکا و کەس نەمێنێ کشەی لێ بکا. بێگانەی وڵات‌داگیرکەر چۆن دەبێ ئەوەندە کەر بێ، پووڵ و پارە و پارووی چەور بدا بە نێرەزەلامێک کە هیچ کاری پێ نەماوە. ئەگەر دار شەق‌و‌پەق کرا و سووتێندرا، هۆرە و کلکەتەور و تەشوێ فڕێ دەدرێ و دەکار ناکرێ. ئەوجار ئەگەر زەلامی خۆفرۆش کەرە، کاورای زەلام‌کڕ کەر نیە، باش دەزانێ ئەو کاورا خوێڕی و ناکەسەی کەسی خۆی بە پارە داوە، هەر ڕۆژێکی بێگانەیەک بە کرێی بگرێ و پارەی زیاتری بداتێ، دەیفرۆشێ و بەگژی دادێت. بە دەردی سەعدی گوتەنی: "دامێن‌تەرێک تەماح بکاتە دایکی خۆی، چلۆن لە ژنی بێگانە دەپرینگێتەوە؟!"

لەم بارەوە، لە کتێبی «المستطرف»دا چیرۆکێکی زۆر خۆش و پڕکاکڵ هەیە، دەڵێ:

 

شاپووری پاشای ئێران، گەمارۆی شارێکی دابوو (ناوی شارەکە حەزەرە)؛ دیواری شار لەوە بەرز و پتەوتر بوو بۆی بگیرێ. کیژی پاشای شاری دوژمن چاوی بە شاپوور کەوتبوو، عاشقی ببوو. وڵامی نارد: ئەگەر بەڵێنم پێ بدات کە دەمخوازێ، وا دەکەم ئەم شارە بگرێت. بەڵێن درا. کیژ دەراوی هاتنە ناوی دەست‌نیشان کرد. لەشکر ڕژایە شارەوە، باوکی کچی پاشای کوشت و خوێنی ئاپۆرەی زۆر ڕشت و کیژەکەش بە مراد گەیشت و کەوتە ناو پەردەی بووکێنی.

شاپوور هات لەگەڵیا بنوێ، دیتی دۆشەک خوێناوییە. بووک لە وەرامی شاپووردا کە پرسی ئەو خوێنە چییە؟ گوتی: تاقانە و نازدار بووم. دایک و بابم بە شیر و هەنگوین و مێشک منیان پەروەردە کردووە. لەشم ئەوەندە ناسکە، بە لاسکەگوڵ و ڕێحانەی ناو پێخەفەکەم زامار بووم."

شاپوور بانگی لە جەلاب کرد: «وەرە سەری ئەم بێ‌ئەمەگەم بۆ ببڕە! باوک و داکی ئاوایان بەخێو کردووە، بە بێگانەی بە کوشت داون، سبەی ڕۆژێ چۆن ئەمەگی بۆ من دەبێ و بە کەڵەگایەکی دیکەم بە کوشت نادا؟!»

بەڵێ خوێنەری خۆشەویست باپیرانمان بەخۆڕایی نەیانگوتووە:

"هەر کەس بکا بێگانەپەرستی، ئاخری هەر دەهێنێ نوشوستی!"