تاریخ: ۱۴۰۰/۱۱/۷
ئاوڕێک لەژیانی شاعیری کورد "سەیفولقوزات"

ئەبولحەسەنی قازی، ناسراو بە "سەیفولقوزات لە ٨ی بانەمەڕی ١٢٥٣ی هەتاوی لە مەهاباد دایک بووە.

سەیف دەرسی لە لای "مەلا حەسەنی قزڵجی" لە سەدرئاباد و ھەروەھا لە دێی عەمبار لە لای مەلا شەفیع خوێندووە.

سەیف لەسەردەمی لاوێتیدا ماوەیەک وەک یەکەم بەڕێوەبەر (نوێنەر)ی فەرھەنگی لە مەهاباد چالاکی هەبووە. دامەزراندنی خوێندنگەی مودێڕن و ئەوڕۆیی سەردەم بەرھەمی حەول و تێکۆشانی ناوبراو بووە.

پاش ڕووخانی سەلتەنەتی "قاجار" سەیف حەول دەدا ببێتە نوێنەری "مەجلیسی شوورای میللی"، وەک دەڵێن زۆربەی دەنگیش دێنێتەوە ، بەڵام لە ئاکامدا کەسێکی دیکە لە جیاتی وی وەک نوێنەری پارله‌مان هەڵدەبژێردرێت.

پاش ماوەیەک سەیف لە کاری سیاسی دەکشێتەوە و مەھاباد بە جێ دێڵێت و ماڵی لە گوندی "گوێگجەلی" لە ناوچەی ئاڵەشین دەگیرسێتەوە و خەریکی کشت و کاڵ و باخداری دەبێت،

بە هۆی ئەوەی کە سەیفی قازی مامۆستایەکی کوردیزان بووە لەنووسینی شێعرەکانی کە زۆر بە زەوق و سەلیقە بووە و وشە و خشتە و بەیتی جوانی هۆنیوەتەوە.

وێدەچێ سەیف زۆربەی شێعرەکانی خۆی لە گوندی "گوێگجەلی" کوتبن. هێمن موکریانی لە پێشەکی دیوانەکەی بەناوی "لەکوێ و بۆ کوێ؟!" سەیفولقوزات بە "مامۆستای شاعیرانی موکریان" ناو دەبات.

شایانی ئاماژەیە ئەبولحەسەنی قازی لە ٧ی ڕێبەندانی ١٣٢٣ی هەتاوی لە گوندی گوێگجەلی ناوچەی ئاڵەشین کۆچی دوایی کردووە و لە خانەقای شێخی بورهان ئەسپاردەی خاک کراوە.