تاریخ: ۱۴۰۰/۱۱/۹
ئاوڕێک لەسەر مێژووی ڕادیۆ کوردی بەغدا

یەکێک لە ئامێرەکانی سەدەی پێشوو کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دونیای ڕاگەیاندن هەبوو، ڕادیۆ بووە، کوردیش بە هۆی هەبوونی هەگبەیەکی بەهێزی ئەدەب و هونەر و نووسین و مێژوو لەم شتە بێ‌بەری نەبووە.

ڕادیۆ کوردی بەغدا لە ٢٩ی ژانویەی ١٩٣٩ دامەزراوە. گەڕانەوە بۆ ئەو مێژووە و بەسەرکردنەوەی بەرنامەکانی ئەم وێستگەیە دەوڵەمەندی کاری ڕاگەیاندنی ئەو سەردەم دەگەیەنێت. بەداخەوە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئەرشیڤی ئەو ڕادیۆیەش نەما و بەشێکی زۆری فەوتا.

لە دوای هەر دوو ڕادیۆی بەغدا و کۆشکی ئەلزهوور، ڕادیۆی کوردی لە بەغدا، سێهەم ڕادیۆی عێراق و یەکەم ڕادیۆی کوردیی لە مێژووی باشووری کوردستان ئەژمار دەکرێت.

ڕادیۆ کوردی بەغدا سه‌ره‌تا وه‌ك به‌شێكی بچووك له‌ناو ڕادیۆی به‌غدا كراوەتە‌وه‌ و پاش ساڵانێكی دوور و درێژ، وەک به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕادیۆی كوردی بەشێوەی سەربەخۆ کار و چالاکی بێوچانی کردووە.

به‌شی كوردی ڕادیۆی به‌غدا لە سەرەتاکانی دەستپێکردنی دا لە ڕۆژێکدا تەنها ١٥ خولەک پەخشی هەبووە. دوای ئەوە، ساڵ دوای ساڵ و بە گوێرەی گۆڕانی هەلومەرجی سیاسی و سروشتی دەسەڵاتدارێتی لە عێراقدا، ماوەی پەخشەکەی کەم و زیاد کراوە، بەجۆرێک لە ساڵی ١٩٨٤ بەدواوە و تاوەکو ڕۆژی داخستنی، پەخشی ڕۆژانەی ڕادیۆكه‌ ١٨ کاتژمێر بووە.

ئەو کەسانەی کە لە ڕادیۆ کوردی بەغدا كاریان كردووه‌، وێڕای دان پێدانان بەوەی کە له‌ بواری سیاسیدا ئه‌وان ئازاد نه‌بوونه‌، به‌ڵام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە له‌ باری ڕۆشنبیری و هونه‌ری و زمان و كولتووردا، ڕادیۆی كوردی له‌ به‌غدا، خزمه‌تێكی زۆری بە گەلی كورد كردووه‌.

ساڵی ٢٠٠٣ وەک زۆر دامەزراوەکانی دیکەی عێراق، بارەگای ڕادیۆی کوردیش لە بەغدا لە ئامانجی هێرشەکانی هاوپەیمانان بێبەش نەبوو و بۆردوومان کرا و زیانێکی زۆر وەبەر ئاڕشیڤەکەی کەوت.

ئەوانەی ئاگاداری ئەو ڕووداوەن، باس لەوە دەکەن، کۆچکردوو ئیسماعیل گەیلانی، کە پێشتر وەک بێژەر و پێشکەشکار، تەمەنێکی لەو ڕادیۆیە بردببووە سەر، لە هەولێرەوە ڕادەسپێردرێت بۆ ئەوەی بچێت ئەرشیڤی ڕادیۆی کوردی لە بەغدا بۆ کوردستان بهێنێتەوە. گەیلانی دەچێتە بەغدا و ئەرشیڤێکی زۆر دەهێنێتەوە، بەڵام وەک دەگووترێ ئەم ئەرشیڤە هەنووکە سۆراخی نییە و بێ سەروشوێنە.

لە ڕادیۆ کوردی بەغدا زۆر بەرهەمی بەپێز و بەهێزی کوردی لەلایان هونەرمەندانێکی وەکوو حەسەن زیرەک، عەلی مەردان، فه‌خری بامه‌رنی، ڕه‌سوڵ بێزار گه‌ردی، نەسرین شێروان، قادر مەردان، حسێن عەلی و... تۆمار و بڵاو کراونەوە.

کامیل کاکەمین یەکەمین بێژەری ڕادیۆی کوردی بەغدا بووە کە گەلێک بەرنامەی بە پێزی لەم وێزگەیەدا تۆمار کردووە.

لە بەرنامەکانی ڕادیۆ کوردی بەغدا دەتوانین ئاماژە بە بەرنامەی "گوندێت مە" لە پێشکەش کردنی نزار بەزاز، "دیداری ڕۆشنبیری" لە ئامادە و پێشکەش کردنی دوکتور ئازاد هیدایەت دەلۆ و "گۆرانی داواکراو" و "دەرگای ژیان" بکەین.

پڕۆفیسۆر دوکتور مارف خەزنەدار یەکێک لە نووسەرانی بەرنامەکانی ئەم ڕادیۆیە بووە.

شایانی ئاماژەیە ئەو ڕادیۆیە تاوەکوو ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ بەردەوام بووە و دواتر ڕادیۆی کوردی بەغدا چالاکی نەماوە. لە ساڵی ٢٠٠٤ ڕادیۆیەکی کوردی دیکە بە ناوی ڕادیۆ شەفەق لە بەغدا دامەزراوە، بەڵام ئەو ڕادیۆیەش تاکوو ساڵی ٢٠١٤ بەردەوام بووە و دواتر داخراوە. لە ئێستادا ھیچ ڕادیۆیەک بە زمانی کوردی لە شاری بەغدا چالاکی ناکات.