تاریخ: ۱۴۰۰/۱۲/۲
لێژنەی زاگرۆسی مەهاباد یادی مامۆستا هەژاری بەرز نرخاند

ڕێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا هەژار لە شاری مەهاباد بەڕێوەچوو.


ئەمڕۆ دووشەممە، ٢ی ڕەشەمە لەسەر بانگهێشتی لێژنەی کۆمەڵایەتیی زاگرۆسی مەهاباد و بە بەشداریی تاقمێک لە نووسەران و ئەدیبان و خەڵکی شاری مەهاباد ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا هەژار لە گڵکۆی ناودارانی مەهاباد بەڕێوە چوو.


عەلی نادری بەرپرسی لێژنەی کۆمەڵایەتیی زاگرۆسی مەهاباد لەم ڕێوڕەسمەدا گوتی: مامۆستا هەژار کەسێکە کە کورد و فارس قەرزداری خزمەتەکانین. بەرهەمەکانی ناوبراو گشتگیر و بە بایخ بوون.


سەرۆکی ئەنجومەنی لێژنەی زاگرۆس هەروەها ڕایگەیاند: بڕیارە بە بۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی مامۆستا هەژار کە ٢۵ی خاکەلێوەیە، ساڵی داهاتوو کۆڕێک بۆ ئەم کەسایەتییە لە لایەن لێژنەی زاگرۆسەوە بەڕێوە بچیت.


بارزان شەڕەفکەندی نەوەی مامۆستا هەژار لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی ناوبراودا گوتی: ئەمڕۆ لەگەڵ ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا هەژار، ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکییە هەر بۆیە پێویستە بۆ درێژەدان بە ڕێگای مامۆستا، منداڵەکان و بەرەی نوێ فێری زمان کوردی بن.


عەبدوڕەحمان شەڕەفکەندی ناسراو بە هەژار ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە گەڕەکی خڕێی شاری مەهاباد لەدایک بوو. ناوبراو خاوەن چەند بەرهەمی نووسین و وەرگێڕانی بووە کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر زمان و وێژەی کوردی هەبووە. مامۆستا هەژار ڕۆژی دووی ڕەشەمەی ساڵی ١٣۶٩ لە شاری کەرەج کۆچی دوایی کرد و تەرمەکە لە شاری مەهاباد و لە گڵکۆی ناودارانی ئەم شارە بەخاک ئەسپێردرا.