تاریخ: ۱۴۰۰/۱۲/۲
یادەوەرییەک بۆ مامۆستا هەژار و ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی لە مەهاباد

کۆڕێک بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا هەژار و ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی بەڕێوە چوو.


ئەمڕۆ دووشەمە، ڕێکەوتی دووی ڕەشەمە هاوکات لەگەڵ ٣١ـەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی مامۆستا هەژار لە سەر گڵکۆی ناوبراو لە شاری مەهاباد بە بەشداریی تاقمێک لە ئەدیبان و نووسەران و شاعیران ڕێوڕەسمێک هەر بەم بۆنەیەوە بەڕێوە چوو.


لەم ڕێوڕەسمەدا نەونەمامی مەهابادی، ڕۆژیار ڕەسووڵی بە خوێندنەوەی شێعری مامۆستا هەژار و محەممەد فەهیمی، ڕەسووڵ کەریمی(سووتاو) و سەیدئیسماعیل شاهۆیی (شاهۆیی) بە خوێندنەوەی شێعر لەسەر گڵکۆی مامۆستا هەژار یادی ناوبراویان کردەوە.


فەرەیدوون حەکیم‌زادە، نووسەر و لێکۆڵەر گوتی: مامۆستا هەژار لە دەست ئەو کەسایەتییانە بوو کە لە توێی زەماندا زۆر کەمن، ناوبرا یەکێک لەو کەسانەیە کە شوێندانەر بووە لە بواری ئەدەبیات‌، کلتوور و داب‌ونەریتی کوردەواری، مامۆستا هەژار بەو کار و بەرهەمانەی، توانیوێتی ببێتە بەلیمەتێک کە ئەمڕۆ گەلی کورد شانازی پێ بکات و یاری بەرز ڕاگرێت.


لە یادی ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی مامۆستا هەژار، ڕەسووڵ کەریمی ناسراو بە سووتاو شاعیر و نووسەری مەهابادی گوتی: مامۆستا هەژار کەسایەتییەکی بەرز بوو و ڕێڕەوی مەکتەبی ناوبرا کەسانێکن کە پارێزەری زمانی کوردین، هیوا وایە کە جیلی نوێ زمانی خۆی بپارێزێ و وشەگەلی بێگانە نەخاتە پاڵ زمانی کوردی.


لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا کامبیز ئیبڕاهیم‌زادە، نووسەر ڕایگەیاند: مامۆستا هەژار و بنەماڵەکەی خزمەتێکی گەورەیان بە وێژە و ئەدەبی کوردی کردووە و ماڵەکەی مامۆستا هەژار شوێنێک بوو بۆ دانیشتی ئەدیبانی کورستان. هەر بۆیە دەبێ ڕێزێکی تایبەتی لە بنەماڵەکەی مامۆستا هەژاریش بگیرێت.


عەبدوڕەحمان شەڕەفکەندی ناسراو بە هەژار ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە گەڕەکی خڕێی شاری مەهاباد لەدایک بوو. ناوبراو خاوەن چەند بەرهەمی نووسین و وەرگێڕانی بووە کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر زمان و وێژەی کوردی هەبووە. ناوبراو ڕۆژی دووی ڕەشەمەی ساڵی ١٣۶٩ لە شاری کەرەج کۆچی دوایی کرد و تەرمەکە لە شاری مەهاباد و لە گڵکۆی ناودارانی ئەم شارە بەخاک ئەسپێردرا.