تاریخ: ۱۳۹۵/۱۰/۲۲
ژینگە و چاندی گوندێتی
ئەرسەلان بورنا(شرۆڤەکاری سیاسی)


پەیوەندی و گرێدراویی جڤاتە مرۆڤییەکان لەگەڵ سرووشتی دەوروبەریان لە سەردەمی " شۆڕشی کشتوکاڵی " هەتا ئەمڕۆکە لە سەرانسەری جیهان گۆڕانکاری زۆری بە سەردا هاتووە. ئەم مژارە لە نێو کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرەڕای ئەوەی کە دابونەریتێکی چەند هەزار ساڵە لە شارستیانییەتی مێزۆپتامیا لە ئاست بە ڕێزگرتن و پاراستنی ژینگە و گیاندارانی بەدی کراوە بەڵام لە ئێستادا ڕووبەرووی داپچڕان و تێکدان دێتەوە. ئەم نەریتە کۆمەڵایەتییە لە ئاکامی هەوڵدان بۆ دامەزراندن و وەدی هێنانی کۆمەڵگایەکی پیشەسازیکراو لە گۆڕی سەرمایەداری بەکاربەر هەنگاو بەرەو لەناوچوونی هەڵگرتووە.

 

ئەم بابەتە بە درێژایی ٦ دەیەی ڕابردوو بە هۆی دەست تێوەردانی لە ڕادەبەدەر لە ژینگەدا بە مەبەستی بەرهەم هێنان و دەستەبەرکردنی قازانج _ سەرمایەی زێدەتر ڕەهەندی جیاوازتری بە خۆیەوە گرتووە. ئەگەر چی گرینگە هەوڵ بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو هاوشێوەی وڵاتانی مۆدێڕن لە جیهانی ڕۆژئاوایی بدرێ بەڵام نابێ هیچ چەشنە لادان، داپچڕان و دووربوونەوە لە سرووشت لەم سووڕەدا پێک بێ. ئەمڕۆکە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەپێچەوانەی ئێمە بایەخێکی هەمەلایەنە بە وەدی هێنانی کۆمەڵگایەکی کشت‌وکاڵی دەدەن کە جێی تێڕامانە.

ڕژێمی سەرمایەداری وێڕای دەست تێوەردانی چەکداری و بەشدارییان لەم ناوچەدا هەوڵێکی زۆری داوە چاندی گوندێتی کە بنەماکانی پشتبەستوو بە کشت‌وکاڵە ڕووبەڕووی قەیرانی جۆراوجۆری بکاتەوە. لە ڕاستیدا، هەر کات قسە لە کۆمەڵگاکان و شارستانییەتی ئەم ناوچەیە دێتە ئاراوە؛ ئەم شارستانییەتە لەگەڵ چاندی گوندێتی کە زۆرترین تێکەڵاوی و نزیکایەتی لەگەڵ سرووشتی دەوروبەری هەیە، پێناسە کراوە. هەروەها، گرینگە باش تێبگەین کە بنەوانەکانی ئەم چاندە ئەرکێکی ئەرێنی لە گەشەی جڤاتە مرۆڤییەکان لە ئەستۆ گرتووە و هاوکات بایەخەکانی ئەوانی بە درێژایی مێژوو پاراستووە.

باوەڕمەندی بە پیشەسازی بوون سەرەڕای ئەو هەموو دەستدرێژی و تێکدانەی کە هەیەتی ئەستەمە لەم دۆخەدا کە بتوانین لە پێوەرە دیمۆکراتیکەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵگایەکی ئازاد یا ئازادییە تاکەکەسییەکان قسە بکەین. جێی حاشا نییە هەوڵدان بۆ وەدەست هێنانی سەرمایەی زۆرتر هۆکاری پێشێل کردن و پشت گوێ خستنی بەها مرۆڤییەکان بووە. لەم ڕوویەوە، بە سەرنجدان بە بارودۆخی مێژوویی ئەم ناوچەیە دەکرێ ئاماژە بەم خاڵە بدەین کە سەرچەشنی ڕۆژئاوایی وەڵامدەری داخوازییەکانی جڤاتە مرۆڤی و کۆمەڵگاکانی ئێمە بی پێی چاندی خۆمانە نییە.

سەرەڕای ئەوانە، بارودۆخی مێژوویی و کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست شانسی وەدی هێنانی و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و ئارمانی هەیە. هەروەها، چالاکییە ئابوورییەکان بە مەبەستی بەهرەوەری زۆرتر لە بوارەکانی نەوت، گاز، لێدانی بەنداوی جۆراوجۆر و ... ژینگەی تووشی قەیرانی قووڵ و کارتێکەر کردووە. لە لایەکی دیکەوە، ئەم مژارە کۆمەڵگای مرۆڤی و بایەخەکانی لە سەر بنەمای قازانج _ سەرمایە دابەش کردووە کە لەم ڕوانگەوە تاک و کۆمەڵگای کۆیلەی یەکتر دەکات. بابەتێکی هەستیاری لەم چەشنە مەترسییەکی گەورەی لە سەر کۆمەڵگا و ژینگەکەمان بە گشتی زاڵ و داسەپاندووە.

بە پێی ئەم پێناسەیە پێویستە هەوڵی سەر لە نوێ نۆژەن کردنەوە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ژینگەپارێز بدرێ تاکوو بتوانین لە پاوانخوازی و هاوشێوەکانی خۆ بە دوور بگرین. ئاوڕدانەوە و پشتبەستن بە سەرچەشنێکی وەڵامدەر و نوێ لە مۆدێڕنیتەی دیمۆکراتیک کە بایەخێکی باش بە "هەبوونی جەوهەری" دەدات، گرینگ و پێداویستە. لەم ڕوویەوە، بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد تەنیا بە گەڕانەوە بۆ سرووشتی دەوروبەرمان و ڕێزگرتن لە ئەو وەدی دێ. هەربۆیە، جڤاتە مرۆڤییەکان نیشتەجێ ئەم هەرێمە کە خاوەن مێژوویەکی کۆن و بنەچەدارن دەبێ هەوڵی دیمۆکراتیزەکردنی بایەخە کۆمەڵایەتی و بنەڕەتییەکانی خۆیان بدەن و لەم ڕێگەوە، بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک و ژینگەپارێزانە کار و چالاکی بکەن.