تاریخ: ۱۴۰۱/۱/۲۹
ڕۆمانی " هێلانەی باڵندە کۆچەرییەکان " چاپ و بڵاوکرایەوە
بەپێی ڕاپۆڕتی پێگەی هەواڵی هاژە، ڕۆمانی " هێلانەی باڵندە کۆچەرییەکان" یەکەم بەرهەمی ئەفشین ئەمیرئەمینی چاپ و بڵاوکرایەوە.
 
ئەم ڕۆمانە زیاتر بەرەو ئەدەبیاتێکی کرێکاری پەل و پۆ دەهاوێت و تێکەڵاوێک لە بەسەرهاتی ڕاستەقینەی ژیان و خیاڵی نووسەرە.
بەشێک لەم ڕۆمانە باسی چارەنووسی چەند لاوێکی کورد دەکات کە هەر کام کەسایەتییەکی تایبەت بە خۆیان هەیە. یەکێک لەم لاوانە لەسەر سنوور باوکی بە هۆی کۆڵبەرییەوە دەکوژرێت و لاوەکان ڕوو دەکەنە شاری تاران و لەوێ تووشی هەندێک کێشەی ‌خۆش و ناخۆش دەبن. لە تاران لەگەڵ چەند کەسی ئەفغانی ئاشنا دەبن کە ئەوانیش چارەنووسێکی هاوشێوەیان لەگەڵ ئەم کوڕە هەیە.
 
ڕۆمانی هێلانەی باڵندە کۆچەرییەکان لە بڵاوگەی پەخشانکاری بیریار له ساڵی ۲۷۲۲ کوردی (١۴۰۱) له ١٨٤ لاپەڕەدا لە چاپ دراوە و ئێستا بەردەستە؛ خوازیارانی دەتوانن لە ڕێگەی لاپەڕەی فەرمیی نووسەرەوە داوای بکەن.
ئەفشین ئەمیرئەمینی لەدایکبووی ساڵی ۱۳٦۱ لە بۆکانە و ئێستا نیشتەجێی شاری تارانە.