تاریخ: ۱۴۰۱/۲/۶
ڕووانینێک لەشاری سنە
خالند عجمی

شاری سنە یەکێک لە شارەکانی کوردستان و ئێران ئەژمار دەکرێت کە بە هۆی زۆری حەشیمەت و گرینگی ستراتیژیکی بوونیەوە وەک ناوەندی پارێزگاری کوردستان دیاری کراوە.

شاری سنە هەر لە کۆنەوە مەکۆی میرنشینەکانی کوردستان بووە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە وەک ناوەندێکی دەسەڵاتداری لەناوچەدا سەیر بکرێت.

سنەی ئێستا لەپێشدا لەداوەێنی کێوی "ئاوییەر" ساز کراوە و بەرە بە بەرە گەوەرە کراوەتەوە، بە هۆی ئەوەی کە قەڵایەک لەداوێنی کێوەکە بووە ئەم شارە بە "سنەدژ" ناسراوە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمان "سنەدژ" لەگووتنی خەڵک‌دا بە "سنە" جێ گۆڕکەی پێکراوە.

 

زاراوەی خەڵکی سنە ئەردەڵانی‌یە کە ئەم زاراوەیە یەکێک لە بەهێزترین زاراوەکانی زمانی کوردی ئەژمار دەکرێت.

بە خۆشییەوە ئێستاش تاقمێک لە گەڕەک و کۆڵانەکانی ئەو شارە شێوازی کۆنی خۆی لەدەست نەداوە و هەر بە شێوەی سەردەم ماونەوە. بۆ نمونە زۆر یەک لە حەمامەکان، بازاڕەکان، تەکیە و خانەقاکان و عەمارەت و مزگەوتەکان شێوازی مێژوویی و کلاسیکی خۆیان پاراستووە.

شاری سنە هەمیشە یەکێک لە کۆڵەکەکانی فەرهەنگ و هونەری کوردستان بووە کە لەداێنی‌دا هونەرمەندانێکی وەک سەیدعەلی ئەسغەر کوردستانی، ناسر ڕەزازی، نەجمەددین غوڵامی، شەهێن تاڵەبانی، محەممەد ناهید، عەباس کەمەندی، گرووپی کامکارەکان و عەندەلیبیەکان و... هەر لەم شارەدا سەریان هەڵدا و چریکاندوویانە. 

هەر لەبەر ئەم گرینگایەتییەی کە سنە بە فەرهەنگ و هونەری داوە، لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی شاری سنە وەک "شاری داهێنەری مۆسیقا" لەلایان ڕێکخراوی جیهانی یۆنیسکۆ تۆمار و ناسێندراوە.

 

هەر کاتێک کە بەناو شاری سنەدا دەگەڕێیت، لەهەر گۆڕەپان و شەقامێک پەیکەرەیەک خۆی نیشان دەدات کە فەرهەنگ و کەلتووری کوردستان وەبەر چاوی میوانان دەخات، کە ئەمەش دەست ڕەنگینی مامۆستا هادی زیائۆددینی دەگەیەنێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارە شاری سنە بە شاری پەیکەرەکان ناسراوە. لە گرینگترین پەیکەرەکانی سنە دەتوانین ئاماژە بە پەیکەرەی ئازادی لە مەیدان ئیقباڵ و پەیکەرەی سەیدەوان لە کێوی ئاوییەر بکەین.

 

لەڕێکەوتی ٦ی بانەمەڕی ١٠٤٦ی کۆچی مانگی سڵێمان خانی ئەردەڵان فەرمانی درووست کردنی شاری سنەی بە شا سەفی کرد. هەر بەم بۆنەوە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی ئەنجومەنی فەرهەنگی گشتی پارێزگاری کوردستان ڕێکەوتی‌ ۶ی بانەمەڕی بە "ڕۆژی سنە" نێودێر کرد.