تاریخ: ۱۴۰۱/۲/۱۹
ژیاننامە، چالاکی و بیروڕای مامۆستای فیزیکی مەهابادی لە گۆڤاری «رشد فیزیک»دا چاپ کرا

به پێی هەواڵی هاژه، لە نوێترین ژمارەی گۆڤاری «رشد آموزش فیزیک» کە بەمزوانە چاپ کراوە، لە وتووێژێکی خۆمانەدا ژیان و بیروڕا و چالاکی ناوازەی مامۆستای فیزیکی مەهابادی دکتور سولەیمان ڕەسووڵی، سکرتێری کۆمیتەی زانستی بیستەمین کۆنفرانسی فێرکاری فیزیکی ئێران بۆە مەبەستی ناساندنی مامۆستایانی فیزیکی شیاو و سەرمەشق سازی بۆ مامۆستایانی ئێران چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم گۆڤارە سەرەکیترین و گرینگترین گۆڤاری مامۆستایانی فیزیکی ئێران دێتە ئەژمار.

لەو وتووێژەدا دکتور رەسووڵی وێڕای ناساندنی خۆی، ئاماژە بە بارودۆخی نەشیاوی مەهاباد و ناوچە لە بواری سەرانەی پەروەردە و بێهداشتی لە شێستەکان و حەفتاکان دەکا و کێشە و گرفتەکانی کە تا ئێستاش تاڕادەیەک بەردەوامن ئاماژە دەکا کە هیوادارین بە حەول و تێکۆشانی بەرپرسان کەم و کۆڕێکان قەرەبوو ببنەوە.

پاشان چالاکیی زانستی - فێرکاری شوێندانەری دکتور ڕەسووڵی لە ئاستی نەتەوەیی دا ئاماژە کراوە و حەول و چالاکی کە بەڕێزیان بەتەمایە لە داهاتوودا - بە تایبەت وەک باڵوێزی ئەنجومەنی فێرکاری زانست لە ئەورووپا- بەرێوەی بەرن، خستۆتە ڕوو.

لە درێژەدا باسی لە تایبەتمەندی مامۆستای فیزیکی سەرکەوتوو و لێهاتوو لە سەدەی بیست و یەکەمدا  کردووە کە دەبێ بە کەلک وەرگرتن لە شێواز و ڕێدۆزی نوێ و پێشکەوتوانە وەک توێژینەوەی IBSE، کاری بەکۆمەڵ، Thematic و چالاکی نێوان بابەتی وەک STEM و هتد قوتابیان ڕاهێندرێن تا بتوانن کارامەیی پێویست بۆ ژیان لە سەدەی داهاتوودا وەدەست بێنن و لێزانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، چارەی کێشەی ئاڵۆزاو و هاڤکاری و داهێنەری و زیرەکی پەیا بکەن.

لە درێژەی وتووێژەکەدا پرسی کتێبی فیزیک کەوتۆتە بەرباس و چەشنەی وانەوتنەوەی پاش کڕۆنا و پێشنیارەکانی بۆ بەرێوەچوونی تاقیکاریەکان لە قوتابخانەدا ئاراستە کراون.

لە کۆتایی وتووێژەکەیدا دکتور رەسوولی  گرینگایەتی خوێندن و تێگەیشتن لە زانست بە گشتی و فیزیک بەتایبەتی لە سەدەی بیست و یەکەمدا  باس کردووە و ئەو بابەتەی بەچڕی بۆ خوێنەرانی گۆڤار شی کردۆتەوە.

شایانی ئاماژەیە ناوی دکتور سولەیمان ڕەسووڵی - بۆ یەکەم جار - وەک دەستەی نووسەرانی بانگهێشتراوی گۆڤاری رشد فیزیک لە سەرەتای گۆڤاردا هاتووە و بە لەچاو گرتی وتارێکی تری دکتور سولەیمان رەسووڵی، هەروەها وتارێکی ئاغای جەلال عەبدوڵڵاهی، سەرجەم نزیک ۴۰٪ ڵاپەڕەکانی ژومارە ۱۳۱ی گۆڤاری رشدآموزش فیزیک ئێران بە مامۆستایانی فیزیکی مەهابادی تەرخان کراوە.

ڕۆژانی داهاتوو ئەم گۆڤارە لە ڕێگای ماڵپەڕی www.roshdmag.ir لە بەردەست دەبێ. هەروەها لە رێگای QR Codeی سەر وێنەی لکێنراو، پوختەیەک لە وتووێژی دکتور ڕەسووڵی لە ماڵپەری ئەم گۆڤارەدا هاتووە.