تاریخ: ۱۴۰۱/۲/۲۶
چاوی پیس چییه؟
 
 

باوەڕمەندی بە چاوی پیس، بڕوایەکە کە بەشێوەیەکی گشتی و بەربڵاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست برەوی هەیە و ئەم واتەیە کە ڕوانینێکی لەڕووی ئێرەیی و بەرچاوتەنگییەوە دەتوانێ کاریگەری و شوێندانەریی لەسەر بەرامبەرەکان هەبێت و کۆمەڵێک گیروگرفت و چەرمەسەری و کێشە و ئاریشە و چارەڕەشیان بۆ سازکات، وەک باوەڕێکی تووند و تۆڵ و قایم سەیری دەکرێت.

زۆرکەس لەسەر ئەم بڕوایەن کە چاوی پیس هۆکاری سەرەکیی گشت نەگبەتی و نەهامەتییەکانیانی ژیانیانە و هەموو حەولی خۆیان دەدەن هەتا بەهێندێک ڕێوڕەسم و دابودەستوور کە چاوگەی نەریتی و ئایینزاییان هەیە کاریگەرییەکانی چاوی پیس لەخۆیان دووربخەنەوە.

لە دژوازییەکی تووند لەگەڵ دابی سەردەمی ڕاگەیاندنە کۆمەڵایەتییەکاندا و بەپێچەوانەی ئەم ڕەوتە، زۆربەی نەریتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنانی سەروەت و سامان بۆ شاردنەوە و ئاشکرانەکردنی بەختەوەری و جوانییەکانیان هان دەدەن و لە دەرخستنیان پاشگەزیان دەکەنەوە.

بڕواکە بەم شێوەیە بیچمی گرتووە کە کاریگەرییەکانی چاوی پیس واتە چاوەزار و چاوێنی لە دوو ڕێگەی زمان و چاوەوە سازدەبێت. بەمپێیە تایبەتمەندیی و نیشانەکانی کەسانی چاوپیس کە خەڵک بەچاوەدەکەن هاوبەشن. باوەڕمەندانی ئەم بڕاویە دەڵێن کەسانێک کە ڕەنگی پێستیان بۆرە، چاویان شینێکی کاڵە، مەودای نێوان ددانەکانیان زۆرە، خێلن، ڕیشیان سوورە، مەودای نێوان زار و لووتیان کەمە، کوونی کەپۆیان زۆر گەورەیە و چاویان لەقووڵ دایە، برۆکانیان خشتە و هەروەها کەسانێک کە سپێنەی چاویان خاڵی تێدایە توانایی بەچاوەکردن و ئەگەری چاوپیسیی زۆرتریان هەیە.

 
 
 

باوەڕمەندی بە چاوی پیس و چاوەزار لە ناوچەی موکریانیش بڕوایەکی یەکجار گشتگیر و تووند و لەمێژینەیە. بەشێوەیەک کە دەڵێن ئەگەر سوێند بخۆی و بڵێی نیوەی قەبرستان بەچاوەزار چوون، سوێندت لێ ناکەوێ و خەڵکیش پێیان سەیرنابێ.

بڕوا بەچاوەزار و ڕێگەکانی خۆپاراستن لەم بڕوایە، لە سەرەتاکانی تۆمارکردنی مێژووە و لانیکەم لە سەردەمی سۆمێرییەکانەوە یانی ٥هەزارساڵ لەمەوبەر ئاماژەی پێکراوە. هەر لەو سەردەمەوە دەڵێن کەسانی تەندروست، جوان، ساماندار و هەروەها ژنانی دووگیان و منداڵان لەبەرامبەر چاوەزار و چاوی پیسدا لاوازترن و چاوی پیس ئاسانتر شوێنیان لەسەر دادەنێ.

سازکردنی ئامرازی جۆراوجۆرای پێش چاو، بۆ پارێزراوبوون لەبەرامبەر هێزە نەگریسەکاندا، لە مێزۆپۆتامیاوە سەری هەڵداوە. موورووی شینی توێخ بە پەڵەی سپی و خاڵێکی بچووکی ڕەش لە ناوەڕاستیدا، دیارترین ئامرازە بۆ پارێزراوی لە بەرامبەر چاوی پیس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەڵێن ئەم نیشانەیە لەنێو ئاشوورییەکان، فینیقییەکان، ڕۆمییەکان، یووناییەکان و عووسمانییەکاندا زۆری کەڵک لێوەرگیراوە. هەروەها کوتویانە ئەم مووروویە کە هاوشێوەی چاوە، نیگای نەرێنیی کەسی چاوپیس بەرەو خۆی دەگێڕێتەوە.

 
 
 

دەتوانی واتای چاوی پیس لەنێو ئایینە ئیبڕاهیمییەکانیشدا بدۆزییەوە. وێڕای پڕلایەنگربوونی ئامرازەکانی چاوەزار لەنێو موسوڵماناندا، زۆربەی باوەڕمەندانی ئەم ئایینە بەکارهێنانی ئەم ئامرازانە بە ئیزندپێدراو نازانن و ئایەتەکانی قوڕئانی پیرۆز و نزا و پاڕانەوە بۆ ڕەواندنەوەی ئاسەواری چاوەزار بەشیاوتر دەزانن و سوڕەتەکانی فەلەق و ناس کە پێکەوە وەک مُعَوَّذَتین یا ئایەکانی دەفریاهاتن ناسراون بەتایبەتی بۆ بەرگری لە کاریگەرییەکانی چاوی پیس لەلایەن زانایانی ئایینییەوە پێشنیار دراون.

لە ئێران و هێندێک ناوچەی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پاریزراوبوون لەبەرامبەر چاوی پیس ئەسپەندەر دەسووتێنن کە پێشینەکەی بۆ سەردەمی زەرتەشتییەکان دەگەڕێتەوە.

لە ناوچەی کرماشان بۆ بەرگری لە چاوی پیس و چاوەزار هەروەها وەک متفەڕکیش، لە درەختێک بەناوی دارتاوی کەڵکوەردەگرن و چێوی ئەم دارە بە مل، دەست و لانکەی مناڵ و تەنانەت ئاژەڵە ماڵییەکانی وەک مەڕ و مانگا کە لە بواری ئاژەڵداریدا بۆ کۆچەرەکان گرینگە هەڵداوەسن.

لەکۆندا کوردەکانی ناوچەی موکریان پیساییی چوارپێیان لەناو دەسرەکەیەک پێچاوە و لە جلی مناڵەکانیان درووە. هەروەها لە هێندێک ناوچەش چێوی دارتاوی وێڕای مووروویەکی شین لە شانی منداڵ دەدرووا.

 
 
 

دەڵێن کاتێک مەشکەی زۆر بژێنێ بەڵام ڕۆنی کەم بکەوێتێ مەشکەکە خەرابووە و چاوەزار کاری لێکردووە بۆیە کوتێک لە پاتۆڵ یا دەسماڵی کەسی چاوپیس لێ دەکەنەوە و لەبن شیرەکەدا دەیسووتێنن.

کوردەکان هەروەها وەک زۆربەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتێ خانووبەرە، مەزرا، ماشێن یا شتێکی نوێ دەکڕن حەول دەدەن بە بەکارهێنانی هێندێک شتی دژی چاوەزار لەسەر کڕدراوەکانیان، کاریگەرییەکانی چاوەزار بڕەوێننەوە. هێندێک ئامرازی دژی چاوەزار بۆ ئاژەڵ و مرۆڤ و شوێنەکان هاوبەشن، چەشنی ئەسپەندەر یا موورووی شین بەڵام هێندێکی تر تەنیا بۆ شوێنەکان کەڵکی لێ وەردەگرن. وەکوو ناڵی ئەسپ، شاخی کەڵەکێوی و نێری و جگی گورگ. تێڕوانین بۆ چاوی پیس و چاوەزار لە کلتوورێکەوە بۆ کلتوورێکی تر جیاوازیی هەیە و کاریگەرییە دەروونی و کلتوورییەکانی زۆرتر بەرچاوە.