تاریخ: ۱۴۰۱/۲/۳۱
گەرماوی میرزا ڕەسووڵ ڕاگوێزەری میژووی شکۆداری مەهاباد
هاژه، لەنێو ئاپۆڕای بیناکانی نیشتەجێبوون و شەقامەکاندا و لەکەنار پرد و ڕووباردا مێژوویەکی شکۆدار جێیگرتووە. پێشینە و هەڵکەوتەی ئەم ناوچەیە بەڕادەیەک گرینگە کە هەر لەسەرتای دانانی یەکەم بناغەوە مەبەستی سەرەکیی دامەزرێنەرانی گەیشتن بە شارێکی بەتەواوی مانا شار بووە. 
سەردەمی ئیسلامی خولی زێڕینی پێشکەوتن و گەشەی ئەم شارە بووە. لە سەردەمی سەفەوییەکاندا و لە کاتی دەسەڵاتداریی بوداغ سوڵتانی موکریدا بیناگەلێکی زۆر سازکراون کە شوناس و ناسنامەیان بەم شارە بەخشیوە. 
خێرخوازان و ساماندارانیش هەمیشە دەورێکی گرینگیان لە پەرەگرتنی ئەم شارەدا هەبووە. 
گەرماوی میرزا ڕەسووڵ یەکێک لە بینا مێژووییە بەنرخەکانی مەهابادە کە لە کۆتاییەکانی سەردەمی سەفەوییەدا و لە چەقی بازرگانیی ئەم شارەدا و لەنزیک مزگەوتی سوور و لەتەنیشت کاروانسەرای سیمۆن و ئاشی ئارد و بازاڕی ئەم شارە، لەلایەن دەستڕۆیشتوویەکی شار بەناوی میرزا ڕەسووڵی لەشکری سازکراوە.
میرزا ڕەسووڵ کەسایەتییەکی دەستڕۆیشتوو و ساماندارێکی بەڕێزی ئەم شارە بووە کە جگە لە گەرماوی گەورەی شار چەندین ئاسەواری تری وەک پردی میرزاڕەسووڵ لە میاندواوی لەخۆی بەیادگار جێهێشتووە. 
لە سەردەمی ئیسلامیدا مزگەوتی جامیع گرینگترین بینای هەر شارێک بووە. زۆربەی کاتەکانیش گەرماوەکانیان لەتەنیشت مزگەوتی جامیع و بازاڕی سەرەکیی شار بنیاتناوە.
گەرماو لە چاخی ئیسلامیدا هێمای چالاکبوون و گەشداریی شارەکان ئەژمارکراوە و گەرماوی میرزا ڕەسووڵ بە هەڵکەوتن لەنێوان مزگەوتی سوور، کاروانسەرای سیمۆن، تاریکەبازاڕ و ناوەندی دەسەڵاتداریی شار، هەڵکەوتەیەکی تایبەتیی هەبووە و توانیوێتی دەوری هێمایەکی بێوێنە بۆ ئەم شارە بگێڕێ.
هەتا پێش وەدیارکەوتنی کاریگەرییەکانی دنیای مۆدیڕن لەسەر ناوچە، ڕاستەکانی دەوربەری گەرماوی میرزا رەسووڵ تایبەتمەندییە نەریتییەکانی خۆیان راگرتبوو. ڕاستەی کوتاڵفرۆشەکان، توتونفرۆشەکان، کاروانسەراکان و کورتاندروو و زیندرووەکان و پیشە کۆنەکانی تر لە دراوسێیەتی گەرماودا چالاکییان دەکرد.
لە ڕوانگەی تەلارسازییەوە پێکهاتەی ئەم گەرماوە، تاقی گومبەزییەوە کە لە دوو گومبەزی گەورە و سێ گومبەزی بچووک پێکهاتووە.
کەرەسەی بەکارهاتوو لە سازکردنی ئەم بینایەدا وەک زۆربەی شێوازەکانی تەلارسازیی ئەم سەردەمە خشتی سوور، بەردەکانی ناوچە و گیراوەی گەچ بووە و سووتەمەنییەکەشی بۆ گەرمکردنی ئاوی گەرماوەکە ماددە ئەندامییەکانی هەرێمەکە بووە و ئاویشی لە کارێزەکانی نزیک خۆی بۆ دابینکراوە.
گەرماوی میرزا ڕەسووڵ لە ١٩ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٨٠هەتاویدا بە ژمارەی ٤٨٤٨ وەک یەکێک لە شوێنەوارەکانی نەتەوەیی تۆمارکراوە. 
لە ساڵی ١٣٨٨ کراوە بە مۆزەخانەی خەڵکناسی و زیاتر لە هەزار پارچەی کۆن شوێنەوارییی تێدا جیگرکراوە. 
ئەوڕۆژانە مۆزەخانەی خەڵکناسیی مەهاباد وەک زۆربەی ئاسەوارەکانی مێژووییی مەهاباد بارودۆخێکی باشی نییە. گەرچی کۆی بینای گەرماوەکە نۆژەنکراوەتەوە بەڵام کاری نۆژەنکردنەوە بە دروستی ئەنجام نەدراوە. 
شێ و تەڕەشوحی پەنگخواردوو لەناو گەرماکەوە بەهۆی نۆژەنکردنەوەی سەقەتەوە خەریکە بەخێرایی بیناکە دەپووکێنێتەوە.
سیستەمی هەواگۆڕکێ و گەرمکەرەوەی ئەم مۆزەخانەیە ستاندارد نییە و پلەکانی هەوا بەردەوام ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت کە بۆ تەندروستیی بیناکە مەترسیدارە. 
میچی بیناکەش پێویستیی بە پێڕاگەیشتن و پاڕێزگاری لە بەرامبەر سەرما، باران و بەفرە. 
بەوتەی کارناسان شێداری و گۆڕانی خێرا و لەناکاوی پلەکانی هەوا بە هۆکارە سەرەکییەکانی پووکانەوە و داڕمانی ئاسەوارە مێژووییەکان هەژماردەکرێن.