تاریخ: ۱۴۰۱/۳/۱
ئاوڕێک لە ژیانی عەباس کەمەندی ناسراو بە "مامۆستای حەوت هونەری کوردستان"

هونەرمەند عەباس کەمەندی، لەساڵی ١٣٣١ی هەتاوی / ١٩٥٢ی زایینی لە گەڕەکی جەواراوای شاری سنە لەدایکبووە. باوکی شمشاڵ ژەن و دەنگ‌خۆش بووە. زۆربەی بنەماڵەی باوکی قەساب بوون و کەشێکی سونەتی بە سەریاندا زاڵ بووە، وەک بۆخۆی دەڵێت: «کوڕ بۆ قەسابی و کچیش بۆ شووکردن دەھاتنە دونیاوە» و خوێندیش لەو بنەماڵەیەدا قەدەغە بووە و ھەرگیز دەرفەتی خوێندنی بۆ نەڕەخساوە. تا تەمەنی حەوت ساڵی دایکی نەبینیوە، وەک خۆی دەڵێت: «گەر دایکی نەگەڕابایەتەوە لای لەناو قەسابخانەکان لەناودەچوو». کەمەندی تەنھا لە سنەدا ژیانی بەسەربردووە و زانکۆشی نەخوێندووە.

 

کەمەندی لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەستی بە کاری ھونەری کردووە و یەکەم خەڵاتی زمانی کوردی بۆ نووسینی چیرۆکێکی کوردیی بەناوی «شەوبۆ و حەمە شوان» بۆ تاقیکردنەوەی وەرگرتنی نووسەر بۆ ڕادیۆی سنە وەرگرتووە. ئەم چیرۆکە دوو جار لە ڕادیۆی سنە بڵاو بۆوە و پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا بە جۆرێک کە وای لە کەمەندی کرد کە دووبارە بینووسێتەوە و پەخشی بکاتەوە. دوو ساڵ دوای ئەوەی لەلایەن ڕادیۆی سنەوە وەرگیرا، تەلەڤیزیۆنی سنە دامەزرا، و کەمەندی لەوێڕا دەستی بە نووسینی سیناریۆ بۆ بەرنامە و فیلم و زنجیرە کارە هونەرییەکان کرد. یەکێک لە بەناوبانگترین کارەکانی تەلەڤیزیۆنیی بریتیبوو لە دۆبلاژکردنی زنجیرەی «لۆرێڵ و ھاردی» بۆ زمانی کوردی، کە خۆی کاری دۆبلاژی بۆ چوار کەسایەتیی ناو زنجیرەکە کردبوو.

لە ساڵانی سەرەتای کارکردن لە ڕادیۆی سنە، هونەرمەند حەسەن کامکاری بەڕێکەوت ناسی و یەکەم کاری لە دونیای میوزیکدا بە گووتنی گۆرانییەک کە حەسەن کامکار لەبۆنەیەکدا گووتبووی دەست پێکرد.

لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی / ١٩٧١ی زایینی‌دا، دوای بەشداری کردن لە شەوێکی شیعریدا لەگەڵ ئامادەبوونی چەند کەسایەتییەکی گرنگیی ئەدەبیاتی کوردی، کە یەکێک لەوانە ڕەحیم موعینی کرماشانی بوو، بەرپرسیارێتی نووسین و ئاوازدانان درایە دەست کەمەندی لە خانەی فەرھەنگ و ھونەر کە لەم کۆڕەدا ناوبراو شێعرێکی حافزی خوێندەوە. بە گووتەی شایەتحالان تا ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی / ١٩٧٧ی زایینی، سەدا ٩٥ی ئەو گۆرانییانەی لە ڕادیۆی سنە تۆماردەکران ھی خانەی فەرھەنگ و ھونەر بوون.

دوای یەک دوو ساڵێک، کەمەندی بە شێوازێکی لێھاتوو و پڕۆفیشناڵانە دەستیکرد بە گۆرانی گووتن و نزیکەی ٣٠ گۆرانی لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن بە دەنگی کەمەندی بڵاو بوونەوە. ئەمەی جێگای سەرنجە زۆربەی گۆرانییەکانی ناوبراو پێش ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، شێعری کوردی بە گۆرانی دەگووتەوە. دوای ڕاپەڕین، کەمەندی چالاکییە هونەرییەکانی لەگەڵ گرووپی کامکاران پەرە پێدا. یەکەم بەرھەمی ئەم کارکردنەیان ئەلبومی «ھەورامان» بوو، کە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی / ١٩٨١ی زایینی لەلایەن کۆمپانیای سرووشەوە بڵاوکرایەوە. کەمەندی و گرووپی کامکاران دواتر ئەلبومی «پرشنگ» و دواتر «گەلاوێژ» یان بڵاوکردەوە، کە تا ئێستاش بە یەکێک لە جوانترین کارەکان لەبواری مۆسیقای کوردی لە کوردستان سەیر دەکرێت.

عەباس کەمەندی لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا ژیانی ھاوسەریی پێک ھێناوە و سێ کچ و کوڕێکی لەپاش بەجێ ماون.

هونەرمەند عەباس کەمەندی بەهۆی ئەوەی کە بە حەوت هونەری "گۆرانیبێژی، دانەری مۆسیقا، نیگارکێش، نووسەر، شاعیر، دەرهێنەر، فیلمنامە نووس" ئاشنا بووە  دەستێکی ڕەنگینی لەواندا بووە بە مامۆستای حەوت هونەری کوردستان ناسراوە.

ئەڵبوومە گۆرانییەکانی بریتین لە "ھەورامان"، "پرشنگ"، "گەلاوێژ" و "کیژی کورد"

 

لە بەشی ئەدەبیات‌دا: دیوانی شێعری کوردی و فارسی، کۆکردنەوەی دیوانی میرزا شەفیع، وەرزشی کۆنی پاڵەوانە کوردەکان، ژیاننامەی سەیید عەلی ئەسغەر کوردستانی، ھەورامان، لێکدانەوەی دیاردە کلتوورییەکان، کۆکراوە شێعری ھیجایی پێش ئیسلام.

لەبەشی فیلم‌دا: ئەسپ، یەک سەبەتە گیا، فڕین لە قەفەسدا، میراتی مامە ڕەحیم، ئەندامی نوێی ئۆپک، جەنگی ڕەمادییە، کۆڵانی سوور، کاروانسەرا، وەکیلی یەکەم، قەڵەم و شەیتان، پاڵەوان پەنبە

بەرهەمەکانی کارکراو لە تەلەڤیزیۆن: داستانی منزل نو مبارک، عروسکی پھلوان پنبە (پەخشی بووکەڵەیی پەنەی پاڵەوان)، مستند دستان سرایان، مستند کھنە ھواران (معرفی مشاھیر کردستان) [دۆکیومێنتاری کۆنە ھەواران (ناساندنی بەناوبانگیی کوردستان)] 

بێجگە لە ئەوانەی کە ئاماژەی پێکرا، کەمەندی کتێبێکی ٦ هەزار لاپەرەی لەسەر فەرهەنگ و فۆلکلۆری کوردستان نووسیوە کە لە کتێبخانەی فەرهەنگی تاران پارێزراوە. هەروەها نووسینی ٤ ڕۆمان، ٣٠ فیلمی کورت و درێژ، دوو کتێب شێعر بە زمانی فارسی و کوردی، کێشانەوەی ١٠٠ تابلۆ، گووتنی ٦٠ گۆرانی و سازکردنی چەند زەنجیرەفیلم لە کارەکانی تری ناوبراو ئەژمار دەکرێن.

شایانی ئاماژەیە، هونەرمەند عەباس کەمەندی لە ڕێکەوتی۱ی جۆزەردانی ۱۳۹۳ - ۲۲ی مەی ۲۰۱۴ بەهۆی وەستانی دڵ لە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە کۆچی دوایی کرد و لە زیارەتانی ئاساوڵە (بەهەشتی محەممەدی) بە خاک سپێردراوە.