تاریخ: ۱۴۰۱/۳/۵
سرنجێک لەسەر ژیاننامەی محەممەدساڵح ئیبڕاهیمی "شەپۆل"

محەممەدساڵح ئیبڕاهیمی ناسراو بە "شەپۆل" لە ڕێکەوتی ٤ جۆزەردانی ١٣١٢ی هەتاوی لەمەهاباد له‌ دایک بووه‌. شه‌پۆل له‌ منداڵی لای باوکی قوڕئان و کتێبه‌ سه‌ره‌تایه‌کانی خوێندووه‌ و پاشان لای مامۆستایانی ئایینی کوردستان زانستەکانی ئایینی ته‌واو کردووه‌ و له‌لای حاجی مه‌لا حسێن مه‌جدی ئیزنی مەلایەتی وه‌رگرتووه‌ و له‌ ساڵی ۱۳۳۵ی هەتاوی وەک خه‌تیب و پێشنوێژی خانه‌قای نه‌هری له‌ شاری مه‌هاباد دامەزراوە و له‌ هه‌مان کاتدا وەک مامۆستای وانەبێژ لە مزگه‌وتی سوور دەرسی گوتووەتەوە. له‌ ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی قۆناغی کارناسی و له‌ ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی کارناسی‌باڵای له‌ زانکۆی تاران ته‌واو کردووه‌. له‌ ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی خولی لێکۆلەری باڵا و دوکتۆرای له‌ زانکۆی تاران ته‌واو کردووه‌.

 

ناوبراو مامۆستای زانستەکانی قه‌زایی له‌ زانکۆی تاران بووه‌.

له‌ ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی هاوکاری له‌گه‌ڵ ڕادیوی کوردی تاران ده‌ست پێ کردووه‌، گوتار و نووسراوه‌ی له‌ بابه‌ت کولتور و فه‌رهەنگی کورده‌واری‌دا نوسیووه‌. له‌ ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی به‌ هاوکاری مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی، دکتور سه‌دیقی موفتی زاده‌ و کۆمەڵێکی‌تر لە ئەدیبان و تێکۆشەران کانوونی زمانی کوردی‌یان له‌ تاران دامەزراندووە.

محەممەدساڵح ئیبراهیمی پتر له‌ ٤٠ کتێبی لە بابەت گەلی جۆراوجۆردا هه‌یه‌ و چه‌ندین کتێبی به‌ سه‌ر زمانی کوردی وه‌رگێراوه کە یەکێک لەم کارانە وەرگێڕانی قوڕئانی پیرۆزە. له‌ ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە ماوه‌ی یەک ساڵدا ٩ ژمارەی گۆڤاری گرشه‌ی کوردستان ده‌رکرده‌وه‌.‌

 

وەرگێڕانی قوڕئانی پیرۆز، تەفسیری قوڕئان، شاعیران و ناودارانی کورد، واڕگه‌ و ناودارانی کورد لە هەشت بەرگدا، زانایانی کورد لە چوار بەرگدا، چریکە و چیرۆکی یۆسف و زوله‌یخا، وه‌رگێڕانی کتێبی شاره‌هه‌نگ، وه‌رگێڕانی کتێبی ئینسان و بڕوا بەشێک لە کارەکانی ناوبراو لەئەژمار دێن.

شه‌پۆل له‌ زۆربه‌ی کۆره‌ ئه‌ده‌بییەکان وتاری داوه‌ و له‌ لایه‌ن زۆربه‌ی گۆڤار و ڕۆژنامه‌کانی کوردستان وتووێژی له‌گه‌ڵ کراوه‌ و چه‌ندین خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌. میداڵی شانازی ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وی به‌درخانی به‌ره‌و ئازادی ڕۆژنامه‌گەری کوردستان به‌ ناوی خەڵاتی نووسه‌ر و لێکۆلەر و وه‌رگێر وه‌کوو ڕێزێک لە خزمەته‌کانی پێدراوه‌.

 

شایانی ئاماژەیە محەممەدساڵح ئیبراهیمی "شەپۆل" لەڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی لە تاران کۆچی دایی کرد و گردی شاعیرانی مەهاباد ئەسپاردەی خاک کراوە.