تاریخ: ۱۴۰۱/۳/۱۷
سرنجێک لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی نووسەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووسی کورد ئەحمەد قازی

ئەحمەد قازی نووسەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی کورد ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٣١٥ی هەتاوی لە گوندی قازی ئاوای سەر بە شاری مەهاباد لەدایک بووە. ناوبراو خوێندنی سەرەتایی لە زێدەکەی خۆی تەواو کردووە، دواتر کە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی ماڵیان لەمەهاباد گیرساوەتەوە، قۆناغی ناوەندی هەر لەم شارە تەواو کردووە.

 

دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕووی لە شاری تەورێز کردووە و لەوێ بڕوانامەی دیپلۆمی بەدەست هێناوە. پاشان لە ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە دانیش‌سەرای باڵای تاران بڕوانامەی کارناسی لە بەشی زمانی ئینگلیزی وەرگرتووە.

 

ئەحمەد قازی کە بە ڕۆژنامەنووسی لە ڕۆژنامەی کوردستانـەوە دەستی پێکردبوو، ساڵی ١٣٦٤ لە ژمارەی ٥ی گۆڤاری سروەدا، پاش کۆچی دوایی مامۆستا هێمن، لەسەر داوای مامۆستا هەژار و کۆمەڵێک لەئەدیبان ماڵی لەتاران بۆ ورمێ گواستۆتەوە و بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بەرپرسیارەتی سەرنووسەری گۆڤار سروەی لەئەستۆ گرتووە.

 
ئەحمەد قازی لەبەشی شێعر و چیرۆک‌نووسی‌دا دەستێکی باڵای هەبووە، کتێبی "باقەبێن" یەکێک لەم بەرهەمانەیە کە بۆ سەر زمانی فارسیش وەرگێڕدراوەتەوە.وەرگێڕانی "دۆنکیشۆت" و "گیلگەمێش" لە زمانی ئینگلیزی بۆ کوردی یەکێکی‌تر لە بەرهەمە وەرگێڕاوەکانی ناوبراوە کە کتێبخانەی کوردیان دەوڵەمەند کردووە. لەبەشی وەرگێڕانی فارسی بە کوردی کتێبی "کتک و مشک"ی عوبەید زاکانی و کلیلە و دەمنە لەم خانەیە قەرار دەگرن. لە کارەکانی تری قازی لەبەشی  وەرگێڕانی شێعری فارسی سەردەم‌دا بەشێک لە شێعرەکانی "نیما یوشیج" بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوەتەوە. نووسینی "دەستووری زمانی کوردی" بە زمانی فارسی یەکێکی‌تر لە کتێبەکانی ئەحمەد قازی‌یە کە فارسی‌زمانەکان بە دەستووری زمانی کوردی ئاشنا دەکات.
 

لەلایەکی ترەوە ئەحمەد قازی و محەممەد قازی لەگەڵ یەکتر ئامۆزا بوون، هان دانی کاک ئەحمەد بوو بە هۆی ئەوەی کە محەممەد قازی چەند کتێب لەسەر کورد و کوردستان لە زمانی فەڕانسی‌یەوە بۆ سەر کوردی وەرگێڕێتەوە کە بۆ نمونە کتێبی "کورد و کوردستان" لەنووسینی "واسیلی نیکێتین"، "سەلاحەددین ئەیوبی" لەنووسینی "ئاڵبێرت شاندرۆ" لەم کارانە بوون. هەر وەها ڕۆمانی "ژانی گەل" لە نووسینی ئیبڕاهیم ئەحمەد یەکێک لەم وەرگێڕاوانەیە کە محەممەد و ئەحمەد قازی بە دووقۆڵی بۆ سەر زمانی فارسی وەریانگێڕاوەتەوە.

شایانی ئاماژەیە بێجگە لەم بەرهەمانەی کە ئاماژەی پێدرا، ئەحمەد قازی چەندین بەرهەمی دیکەی نووسیون و وەرگێڕاونەتەوە کە بەشێکیان چاپ کراون و بەشێکی تریان هێستا بڵاو نەکراونەوە کە "سەرجەم شێعرەکانم (لە سایەی دوو گوڵە گەنم‌دا)" و تەنزیلات (سەرجەمی ئەو تەنزانەی لە سروە و گۆڤاری مەهاباددا چاپ کراون) و "کردستان بعد از جنگ خلیج فارس" لەم کتێبانەن کە ڕووخساری چاپیان بەخۆوە نەدیتووە.  لەم چەند مانگەی پێشوو کتێبێک بەناوی "دەگەڵ تێپەڕبوونی زەمان" لەلایان "کۆمەڵگای فەرهەنگی ئەحمەدێ خانی"  چاپ و بڵاو کراوەتەوە کە ناوبراو لەودا ژیان و ڕابردووی خۆی لەمابەینی ساڵەکانی ١٩٣٦ – ٢٠١٥ / ١٣١٥ – ١٣٩٤ بۆ خوێنەران شەن و کەو دەکات. 

ئەحمەد قازی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی ئازادیی تاران کۆچی دوایی کرد و دوای گەڕانەوەی بۆ مەهاباد، لە گردی شاعیران ئەسپاردەی خاک کرا.