تاریخ: ۱۴۰۱/۳/۲۳
وەرزی دووەمی 'Squid Game' بڵاودەکرێتەوە
 
 

زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی کۆری 'Squid Game' کە ناوبانگییەکی زۆری لەسەرتاسەری جیهاندا هەیە، تۆڕی نێتفلێکس وەرزی دووەمی بڵاودەکاتەوە.

ئەو تۆڕە ئەمریکییە ساڵی رابردوو وەرزی یەکەمی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە، بۆیە بڕیاری بەرهەمهێنانی وەرزی دووەمی درا.

هەرچەند نێتفلێکس ئاماژەی بە وادەی بڵاوکردنەوەی وەرزی دووەمی نەداوە، بەڵام ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا چاوی بووکەڵە گەورەکەی نێو ئەم بەرهەمە پێشاندەدات کە رەنگی سوورە و ژمارە دوو لە نێو چاویدا دەردەکەوێت.

وەرزی یەکەمی ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە، چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناو، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین ئەکتەری لاوەکی زنجیرەی تەلەڤزیۆنی و خەڵاتی SAG بۆ باشترین ئەکتەری سەرەکی ژن و پیاو.

'Squid Game' زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیی کۆریای باشوورە، لە دەرهێنانی هوانگ دۆنگ – هیوکە، هەریەک لە لی یۆنگ – جای، پارک های – سو و وی ها – جۆن رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.

چیرۆکی ئەم بەرهەمە باس لە بەشداری 456 کەس لە یارییەکدا دەکات بۆ بردنەوەی 38 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، بەڵام کاتێک لە یارییەکەدا بەشدار دەبن بۆیان دەردەکەوێت تەنیا یەک براوە هەیە و ئەوانی دیکە کەسیان بە زیندوویی نامێنێت.

چیرۆکی ئەم بەرهەمە لە یارییەکی منداڵانی کۆری وەرگیراوە و بە هەمان ناوی یارییەکە کراوە.

ئەم بەرهەمە لە 2021 لە سەرانسەری جیهاندا لە رێگەی تۆڕی نێتفلێکس بڵاوکرایەوە و لە 94 وڵاتدا زیاتر لە 142 ملیۆن ماڵبات بینەری بوونە.