تاریخ: ۱۴۰۱/۳/۲۹
ژیاننامەی ڕۆژنامەنووس، نووسەر و شاعیری کورد "حاجی تۆفیق بەگ" ناسراو بە "پیرەمێرد"

لەهەمبەر ئەوەی کە "پیرەمێرد" یەکێک لەم شاعیرە گەورانەی کوردە کە لە تەنیشت شاعیری و نووسەری کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە و پلەی خوێندەواری بەرزی لەسەردەمی خۆیدا بەدەست هێناوە، ژیانی ئەو تایبەتی خۆی هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ژیانی ئەم کەسایەتییە لەم بیوگڕافییەدا بە چەند بەش دابەش کراوە.

 

ئەم وێنەیە بە کامێرای گیوی موکریانی کێشراوە 

سەردەمی منداڵی و لاوێتی

تۆفیق مەحموود ھەمزە مەسرەفە (حاجی تۆفیق بەگ) ناسراو بە "پیرەمێرد" لە ساڵی 1867 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بووە. پیرەمێرد لە بارەی ژیانی منداڵیی خۆیەوە لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت: «کاتێ ھاتمە ئەم کۆنە جیھانەوە، دەوری منداڵی لای ھەموو ڕۆڵەیەک خۆشە، چونکە غەمی گوزەران نازانێت، بەو سەودایی منداڵییەوە خۆشم ڕابوارد»

پیرەمێرد کاتێک کە تەمەنی حەوت ساڵان دەبێ لە حوجرەی مەلا حسێن گۆچە بۆ خوێندن لەوێ دەیگیرسێننەوە، ھەتا خوێندنی تەواو کرد لەوێ ماوەتەوە، دواتر سمایلنامە و چەند کتێبێکی تری وردیلەی خوێندووە.

ڕۆژێک پیرەمێرد تەمەنی ھەشت نۆ ساڵانە بووە لەگەڵ مامۆستاکەیدا لەسەر ھۆزانێکی (حافز)ی شیرازی تێک دەچن، چونکە پیرەمێرد خۆی بە خاوەن ماف دەزانێت، نایەوێت لە قسەی خۆی پاشگەز ببێتەوە و داوای لێبوردن لە مامۆستاکەی بکات، ناچار حەسەن ئەفەندی مامی لەو حوجرەیە گواستییەوە و لە حوجرەی مەلا سەعیدی زڵزڵەیی جێگای بۆ کردەوە. لەم حوجرەیەدا سەرەتای بەھرەی شێعر وتنی تێدا دەرکەوت، خووی دایە خوێندنەوەی وێژە و شێعر و ڕابردووی ئەدیبان و ھۆزانوانان، لەسەر داب و نەریتی کوردەواری و بەپێی ئەوەی کە لە بنەماڵەیەکی عەشیرەتی‌دا چاوی ھەڵھێنابوو، ئارەزووی سوارچاکی و تفەنگچێتیی پەیدا کردووە. شۆرەتی سوارچاکیی پیرەمێرد بەناوبانگ بووە، بە شێوەیەک کە مامۆستا عەلائەددین سەجادی‌ش باسی سوارچاکی پیرەمێردی نەمری کردووە.

 

ئەم شاعیرە لە سەرەتادا لە مزگەوتەکەی باپیری "مزگەوتی ھەمزئاغا" دەست بە خوێندن دەکاتەوە و دواتر ڕوو لە حوجرەی مزگەوتەکانی دیکە دەکات، تا ئەوەی کە دەگاتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی دەگەڕێتەوە.

لە مانگی سێپتامبەری ساڵی ١٨٨٢ی زایینیدا، واتە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا، دەبێت بە کاتبی نفووسی سلێمانی، زۆری پێ ناچێت وەک کاتب لە دادگای سلێمانی دادەمەزرێت، لە مانگی ژووەنی ساڵی ١٨٨٣دا وەک فەرمانبەری زەوی و زار و موڵکی میری لە ھەڵەبجە دادەمەزرێت و نزیکەی سێ ساڵان لەم شارە ماوەتەوە. بەپێی نووسینەکانی پیرەمێرد بێت کە لە "ژیان" و "ژین" دا بڵاوی کردوونەتەوە، وا دەردەکەوێت کە ئەو سەردەمە عەشقی ھۆنراوە لە دەروونیدا بووە؛ خولیای ھۆنراوە کۆکردنەوە کەوتووەتە سەری. تا ئەو دەمە ھەر خەریکی لەبەرکردنی ھۆنراوەی "نالی" بووە. بەڵام کە چووەتە ئەو ناوچەیە، شەیدای "مەولەوی" و "بێسارانی"یش بووە، بە ھەموو دەشتی شارەزووردا گەڕاوە، کەشکۆڵی ڕەنگینی بۆ خۆی پێکەوە ناوە و ھەرچی ھۆنراوەیەکی دەست کەوتبێت یان بینیبێت یان بیستبێتی، لە کەشکۆڵەکەیدا نووسیویەتییەوە، پاشان وەک سەرنووسەر لە دادگای چوارتا دەگیرسێتەوە، لە مانگی ئۆکۆبەری ساڵی ١٨٩٥دا بە وەزیفەی مودەعی یاریدەدەریی گشتی بۆ شاری کەربەلا دەگوازرێتەوە، بەڵام بڕیاری دا کە نەچێت بۆ ئەو وەزیفەیە و بەیەکجاری دەست لە فەرمانبەریی دەوڵەت ھەڵگرێت. هەر بۆیە شێخ مستەفای نەقیب دڵخۆشیی دەداتەوە و وەک نووسەری تایبەتی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئیش و کارەکانی خۆی دایدەمەزرێنێت.

 

پەیکەری پیرەمێرد لە سەرای سلێمانی 

ژیان لە تورکیا

لەبەر ئەوەی تۆفیق لاوێکی زرنگ و زیرەک و بەڕەوشت بوو و خوێندەوارییەکەشی بەپێی ئەو سەردەمە باش بووە، لە تەک بنەماڵەی شێخانی سلێمانیدا پەیوەندییەکی پتەوی پەیدا کردووە، تا وای لێھات متمانەی زۆر شتیان پێکردووە، جێی بڕوایان بووە، بۆیە کاتێک لە ساڵی ١٨٩٨ی زایینی‌دا شێخ سەعیدی حەفید لەسەر بانگێشتی سوڵتان عەبدولحەمید بۆ ئەستەمبوڵ بانگ کراوە، شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب ڕوویان لە تۆفیق بەگ ناوە کە لەگەڵیان بۆ تورکیا بچێت.

پیرەمێرد لەگەڵ شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب بۆ ئەستەمبوڵ دەچن. لە پاش ساڵێک لەگەڵ شێخ سەعید و شێخ مستەفا و گەلێ ڕۆشنبیر و پیاوانی بەناوبانگی سەفەرەکەیاندا تەمای چون بۆ حەج دەگرن. تۆفیق دەبێت بە حاجی تۆفیق، کاتێک لە حەج دەبن وەفایی شاعیر و سەید ئەحمەدی خانەقای کەرکووک، دەبنە ھاوڕێی حاجی تۆفیق، پیرەمێرد لەمبارەیەوە دەڵێت: «وەفایی کە لە پێشدا موفتی شیعرە جوانەکانی بووم، واڕێکەوت لە ماڵی خوایشا ھاوناڵە و ئەفغانی بووم، لە پاش حەج لە ڕێگەی حیجازدا مردو سەید ئەحمەدی خانەقا لەسەری بەند بوو، تا ناشتنی ڕەفیقی گریانی بووم».

 

سەردەمی گەنجێتی

شێخ مستەفای نەقیب وەک جێگری خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕای سپاردووە و هەر بۆیە ژیانێکی باش و لە باری بۆ ڕێک دەخات. لە ساڵی ١٨٩٩دا بە فەرمانی شاھانە بە ئەندامی ئەنجومەنی بەرزی ئەستەمبوڵ دیاری دەکرێت. لە ئەستەمبوڵ لە کۆلێژی یاسا خوێندن درێژە دەدات، بڕوانامەی یاساناس وەردەگرێت. لە نێوان ساڵانی ١٩٠٥ تا ١٩٠٨ لە ئەستەمبوڵ بە کاری پارێزەری و گۆڤار و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە.

حاجی تۆفیق کە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و ھەرزەکاری لە تورکیادا ڕابوارد بوو و لەوێ ژنێکی ھێنابوو دوو کوڕی (نەژاد و وەداد) لێ ھەبوو. لەو کاتەدا بنەماڵەکەی لە سلێمانییەوە دەست دەکەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆ ناردوە و داوای گەڕانەوەیان لێکردووە بۆ کوردستان بگەڕێتەوە. بەھۆی شۆڕشی کورد لە تورکیا و تێکچوونی دۆخەکە، لە ساڵی ١٩٢٣ پیرەمێرد، ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ دەھێڵێت و لەڕێگەی سووریاوە بە شاری حەلەبدا بۆ بەغدا دێتەوە و لەوێوە بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە.

 

لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. ھەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بە ھەواڵێک بڵاودەکاتەوە: «جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا کە بیست و سێ ساڵە لەوەتەن دوورکەوتووەتەوە، شەوی ٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٢٥ تەشریفی ھاتەوە مەملەکەتەکەمان، بەقدومی ئەم زاتە زۆر مەسروور و خۆشحاڵە، بەناوی ھەموو خۆوڵاتییەکەوە بەخێرھاتنی دەکەین».

 

گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان

پاش گەڕاندەوەی لە تورکیا، چەند ساڵێک لە شاری سلێمانیدا دەمێنێتەوە تا لە مانگی دێسامبەری ساڵی ١٩٢٦دا، شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان بە سەرۆکایەتیی حسێن کازم دەردەچوێنێت و پیرەمێردیش وەک سەرپەرشتیکاری ڕۆژنامەکە دیاری دەکرێت. ھەروەھا کاتێک لە ساڵی ١٩٢٤دا بۆ سلێمانی دەگەڕێتەوە، پاش ٢٥ ساڵ ژیان لە تورکیا وای چاوەڕوان دەکرد ئەو وڵاتەی کە لە ١٨٩٨ جێی ھێشتووە گۆڕابێت و لە بارودۆخێکی جیاواز و پێشکەوتوودا خۆی بنوێنێت، بەڵام بەداخەوە گۆڕان و بەرەو پێشچوونێکی ئەوتۆی تێیدا بەدی نەکرد، لەگەڵ ئەمەشدا کە ئەو لە پلەوپایەی موتەسەڕیفی شاری ئەماسییەی تورکیاوە ھاتبۆوە، بەھیچ جۆرێک بەلای پایەبەرزی و کورسی وەزارەت و نوێنەرایەتی گەل و پلەی فەرمانبەری و میریدا نەچوو، کاری ڕۆژنامەوانی بە پێشتر و پێویستتر زانی، ئەم بڕوایەشی لە خۆیەوە نەھێنابوو، بەڵکو ئەمە ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی سەختی درێژخایەن لە ئەستەمبوڵ بوو کە وای بار هێنابوو، لەو دەمەدا ئەستەمبوڵ مەکۆی ڕۆشنبیران و سەرچاوەی زانست و ئەدەب بوو، لەو شارە گەورەیەدا دوو جیھان بەیەک دەگەیشتن، جیھانی کۆن و دواکەوتووی ڕۆژھەڵات، و جیھانی نوێ و ڕاپەڕیوی ئەورووپا. پیرەمێرد دەیهەویست ئەو بەرگی پێشکەوتن و گیانی ڕاپەڕینە شارستانییە بکاتە بەری وڵاتە دواکەوتووەکەی، لەبەر ئەوە خوێندەواری و فێربوونی خوێندنی بە مەرجی بنەڕەتی ئەو پێشکەوتنە دادەنا، زۆرجار دەینووسی کە میللەت تا خوێندەوار نەبێت ھەنگاوێک نانێت. ھەر لەبەر ئەمەش بوو کە لە قوتابخانەی زانستیدا دەوری ڕابەر و دامەزرێنەری بینی. لەلایەکی تریشەوە دەوری پێشڕەوی لە کردنەوەی قوتابخانەی کچاندا لە سلێمانی و ھاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانەی بینی. لە بەرامبەر ئەم کارەیدا تووشی گەلێ ھێرش و توانج بوو بەڵام دیسان کۆڵی نەدا، و گەرمتر و جوانتر شێعری بۆ کچان و قوتابخانەی کچان دەگوت.

 

لە ساڵی ١٩٣٢دا حسێن کازم کۆچی دوایی دەکات و پیرەمێرد بە بەڕێوبەری ئەو ڕۆژنامەیە دیاری دەکرێت، لە ساڵی ١٩٣٤دا چاپخانەکەی شارەوانی بە کرێ دەگرێت و مافی ڕۆژنامەی ژیان دەگۆڕێتە سەرخۆی. لە ساڵی ١٩٣٧دا لەگەڵ کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا تێکدەچێت و چاپخانەکەی شارەوانی لێدەستەندرێتەوە، بەڵام پیرەمێرد ھەر کۆڵ نادات دەچێت خانووەکەی دەخاتە ڕەھنی بەڕێوبەرایەتیی «ھەتیوان»ەوە، مافی ڕۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەردەگرێت و بەناوی ڕۆژنامەی ژینەوە دەری دەچوێنێت و چاپخانەی "ژین" دادەمەزرێنێت.

 

چاپخانەی پیرەمێرد 

شێعر و پەخشان

پیرەمێرد لە بواری شێعردا دەستێکی باڵای ھەبووە و یەکێکە لەو شاعیرە دەگمەنانەی کورد کە سنووری لە نێوان شێعری کلاسیکی لاسایی دانەناوە، واتە لە نێوان کێش و قافیەی عەرووزی و سیلابی میللی، ئەمانەی تێکەڵ بە یەکتری کردووە. ئەمڕۆ شیعرێکی تازە بابەتی میللی داناوە و سبەینێ لە شیعرێکی دیکەیدا پێڕەوی بەحری عەرووزی و یەکێتی قافیەی کردووە.

شێعری عەرووزی دیوانی پیرەمێرد لە چل پارچە شێعر پێکھاتوون. ئەمە ژمارەیەکی کەم نییە لە ھەموو بەرھەمە شێعرییە ڕەسەنەکانی. بە زۆری شاعیر بەحری موزاریع و ھەزەج و ڕەمەلی بەکارھێناوە. تاکە تاکە بەحرەکانی موتەقاریب و ڕەجەز و موجتەس و خەفیفیش لە شێعریدا بەرچاو دەکەون.

لە بابەتی زمانی نووسینەکانی پیرەمێردەوە "شێعر و پەخشان" دەڵێی بۆ ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە ناو تورکیادا نەژیاوە. ھیچ جۆرە تارمایییەکی زمانی تورکی لە بەرھەمیدا بەدی ناکرێ.

 

ھەرچۆنێ بێ زمانی ئەدەبی پیرەمێرد کوردییەکی پاکی ڕەسەنی میللییانەی ناو خەڵکی کوردەوارییە. ئەگەر ھەندێ جار ھەست بە قورسی وشەیەک بکرێ بە تایبەتی (ناو) بە حسابی دەستووری زمان لەبەر ئەوەیە خوێنەر ئاگاداری وشەکە نییە، زمانی کوردی بە تایبەتی لە دەشت و دەر و گوند و دێھاتی دوور لە شار زۆر فراوان بەرچاو دەکەوێت.

 

کارکردن لە دام و دەزگای حکوومەت

پیرەمێرد چەندین جار چەندین پلە و پایەی لە ناو حکوومەتدا وەرگرتووە، ھەندێک لەو پۆستانە بریتین لە:

لە سێپتامبەر ١٩٠٩ دا بووە قائیمقامی چۆڵەمێرگ.

لە ئاپریل ١٩١٢ دا بووە قائیمقامی قەرەمورسل.

لە فێورییەی ١٩١٥ دا بووە بە قائیمقامی بالاوا.

لە سێپتامبەر ١٩١٦ دا بووە بە قائیمقامی بیت الشباب.

لە مارسی ١٩١٧ دا بووە بە قائیمقامی گموش کوی. لە ھەمان ساڵدا بە ھەمان پلە چووەتە ئیتەپازاری، ھەگەلی ئوتە کە دورگەیەکی خۆش و ناوداری تورکیایە.

لە ئاپریل ١٩١٨ دا بووە بە پارێزگاری (موتەسەڕیف) شاری ئاماسیا لە تورکیا، تاکوو ساڵی ١٩٢٣ لەوێ بووە.

 

جەژنی نەورۆز

جگە لە کاری ڕۆژنامەوانی، یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی کە پیرەمێرد گرنگییەکی زۆری پێداوە نەورۆز بووە، بە لای پیرەمێردەوە نەورۆز تەنھا کردنەوەی ئاھەنگێک و گێڕانی ئاھەنگ نەبووە، بەڵکوو ھاوکێشەی مەرگ و ژیانەوەی لێ وەرگرتووە. 

 

کاری شانۆیی

پیرەمێرد پشت بەو ڕۆشنبیری و زانیاری و گەڕان و پشکنینەی لە تورکیا دەستی کەوتبوو، ویستی بزووتنەوەی شانۆیی بە تایبەتی لە سلێمانیدا پەرە پێ بدات، بەھۆی کۆمەڵەی زانستیەوە چەند شانۆ نامەیەکی خۆی پێشکەش کرد، و لە ڕۆژنامەکەیدا جێگای تایبەتی بۆ باسکردن و پێدا ھەڵگوتنی ئەم شانۆگەریانە تەرخان کردبوو. شانۆگەری "مەم و زین و مەحموود ئاغای شیوەکەلێ و شەریف ھەمەوەندی" نووسی و ھەر یەکەیان لە کاتی خۆیدا پێشکەش کران. زۆرجار دەسکەوتی ئەم شانۆگەرییانەی بەسەر قوتابی ھەژار و خەڵکی دەست کورتدا دابەش دەکرد، گەلێ جار باسی بایەخ و گرنگی شانۆی نووسیوە لە ژیانی کۆمەلگادا، بە تایبەتی لە کۆمەڵگای دواکەوتوو و نەخوێندەواردا کردووە.

 

بەرهەمەکان

جگە لە جێدەستی لە ڕۆژنامەگری کوردیدا، پیرەمێرد خاوەنی دیوانێکی شێعرییە، کە چەندین جۆر و بواری شێعری وەک کۆمەڵایەتی، فەلسەفە، ڕامیاری و ھتد تێیدا بەدی دەکرێت.

بەرھەمەکانی بەناوی «حاجی تۆفیق بەگ» ەوە بڵاودەبوەوە، کاتێک کە پیرەمێرد لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، تەمەنی بەرەو پیربوون دەچێت، کە ساڵی ١٩٣٢ شێعری «بەیانی بوو لەخەو ھەستام» بڵاو دەکاتەوە، بۆ یەکەمجار نازناوی پیرەمێرد بۆخۆی ھەڵدەبژێرێت و دەینووسێت، لەوەبەدواوە بە پیرەمێرد دەناسرێت. کە لە تورکیا بوو بەناوی جیاجیا وەک سلیمانیەلی توفیق، س. ت، سلیمانیەلی مەحمود نەژاد، سلیمانیەلی م. نەژاد تۆفیق، م. م، سلیمانیەلی وداد، اسماعیل وداد شتی بڵاوکردووەتەوە.

 

پیرەمێرد خۆی لەیاداشتەکانیدا باسی دەکات و بە بەرھەم و کاری ئەدەبیش ساغ بووەتەوە، کە بەچاکی زمانی تورکی و فارسی و عەرەبی زانیوە. لە نووسینی فارسیدا دەستێکی زۆر باڵای ھەبووە وەکو دەڵێن لەو دەمەی خۆیدا مەگەر تەنیا سلێمان بەگی باوکی گۆران، لە ئاستی پیرەمێرد لە فارسیدا شارەزایی بووبێت. خوێندنی ئەو کاتەی پیرەمێرد لە کوردستاندا زیاتر فارسی بووە و تێکەڵ بوونی تورکیش لە کوردستاندا بەھۆی دەوڵەتی عوسمانی و کار و فرمانی ڕەسمییەوە و مانەوەی پیرەمێرد ٢٥ ساڵ لە تورکیا، و ئەو نووسین و شێعرانەی بەتورکی بڵاوی کردونەتەوە، شارەزایی پیرەمێردی لەم بوارەدا گەیاندووە.

 

کتێب و چاپکراوەکان

پیرمێرد خاوەنی چەند کتێبێکە کە تاقمێکیان بریتین لە:

دیوانی مەولەوی "ئەسڵ و ڕۆح"، ساڵی ١٩٣٥ لەچاپخانەی خۆی بە دوو بەرگ لەچاپی داون.

چیرۆکی مەم و زین

دوانزە سوارەی مەریوان، ١٩٣٥

کتێبی پەندی پێشینان، ١٩٣٦

چیرۆکی محمود ئاغای شێوەکەل، ١٩٤٢

گاڵتەوگەپ ساڵی ١٩٤٧، بریتییە لە ھەندێک ڕووداوی خۆشی ناو کۆمەڵی کوردەواری، ھەم بۆ پێکەنین و ھەم بۆ پەند وەرگرتنە.

دیوانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی - بەزنجیرە لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاوی دەکردەوە.

شێعرەکانی وەلی دێوانە و بێسارانی، ئەوی دەستی کەوتبێ، لە ھەورامییەوە کردوویە بە شێوەی زاراوەی سلێمانی.

شێعری گەلێ لەشاعیرانی ھەورامان و زەنگەنەی بە شێوەزاری سلێمانی بڵاوکردووەتەوە وەک: شەفیع، مەلا وەلەدخان، مەجزوب، فخرالعلما، مەلای جەباری، عەبدوڵلابەگی زەنگەنە و ھتد.

زنجیرە وتارێک دەربارەی مێژووی میرنشینی بابان و خیڵ و تیرەکانی جاف، و گەلێک ڕووداوی مێژوویی گرینگ.

 

لەو کتێبانەی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی:

گەشتی ھۆنەرمەندێک لە جیھاندا

ڕۆمانی کەمانجەژەن، ١٩٤٢، لە تورکییەوە کردویەتی بە کوردی.

پەندەکانی پیرەمێرد

شایانی ئاماژەیە کاکەی فەلاح پاش وەرگرتنی مۆڵەت لە کەس و کاری پیرەمێرد، ھەندێک لەم کتێبانەی سەرلەنوێ لە چاپ داوەتەوە.

 

پیرەمێرد لە ١٩ی ژووەنی ١٩٥٠ی زایینی، بەرامبەر بە ٤ی ڕەمەزانی ١٣٦٩ی کۆچی، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بەھۆی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دوایی دەکات. لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە، ئەو شوێنەی کە جاران مەڵبەندی ئاھەنگ گێڕانی جەژنی نەورۆزی بووە، بەرامبەر بە ئەرخەوانەکانی گردی سەیوان دەنێژرێت.