تاریخ: ۱۴۰۱/۴/۲۴
سرنجێک لەسەر ژیانی زانای ئایینی، دادوەر و نووسەر شێخ محەممەدی خاڵ

شێخ عەلی حاجی شێخ ئەمین ناسراو بە "شیخ محەممەدی خاڵ" ١ی ژانویەی ١٩٠٤ لە شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەکی ئایینی ناوداری کوردستان لە دایک بووه. لە ساڵی ١٩١٤ باوکی بە نەخۆشی مردووە و باپیری "حاجی شێخ ئەمینی خاڵ" کە پیاوێکی ناودار بووه خاڵ و هەر چوار براکەی بەخێو کردووه.

 
شێخ محەممەد سەرەتای خوێندنی لای باپیری بووە، بەشی زۆری خوێندنی لای مامۆستا شێخ عومەری قەرەداغی بووه و بەشێکیش لە خوێندنی لای مەلا حوسێنی پیسکەندی و شێخ جەلالی قەرەداغی تەواو کردووە. ساڵی ١٩٣١ باپیری دەمرێت، ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ لەو سەردەمەدا بەڕێکاری سلێمانی بووه مەڕاسیمێکی گەورە لە مزگەوتی حاجی شێخ ئەمینی خاڵ ساز دەکات کە زۆربەی پیاوماقووڵانی سلێمانی بانگهێشت دەکرێن و هەر لەم بۆنەیەدا خاڵ بە ڕەسمی وەک پێش‌نوێژ و وانەبێژی مزگەوتی باپیری دادەمەزرێت.
 
لە کۆتایی ساڵی ١٩٣١ تا کۆتایی ساڵی ١٩٣٨ بە وانە وتنەوە و دانانی فەرهەنگی خاڵ و رێزمانی کوردی و چەند کتێبێکی ئایینی وەک "فەلسەفەی ئایینی ئیسلام و ژیانی پێغەمبەر"ەوە سەرقاڵ دەبێت، لەم ماوەیەدا دوو کتێب بە چاپ دەگەێنێت، پاشان لە ساڵی ١٩٣٩ لە لایەن شالیارێتی دادەوە بانگەوازێک دێت کە پێویستی بە چەند دادوەرێک هەیە. ئەویش بەشێوەی تاقیکردنەوه، شێخ محەممەد یەکێک دەبێت لەوانەی تاقیکردنەوە ئەنجام دەدات و پلەی یەکەم بەدەست دەھێنێت، بە فەرمانی پادشایەتی دەکرێت بە دادوەر و لە هەڵەبجە دادەمەزرێت، ئیتر ناچار دەبێت لە وانە گووتنەوه دوور بکەوێتەوە. 
 
ماوەی ٢٨ ساڵ وەک دادوەر لە چەمچەماڵ و سلێمانی و کەرکووک و مووسڵ کاری کردووە و لە ژیانی ئەرکی دادوەریدا یەکێک لە دادوەرە شارەزاکانی عێراق بووە، ساڵی ١٩٦٢ لە ناو هەموو دادوەرەکانی عێراقدا بە ئەندامی دادگای جیاکردنەوەی شەرعی لە بەغدا هەڵبژێرراوە، ساڵی ١٩٥٣ بە ئەندامی کۆڕی زانیاری عێراق وەرگیراوە، لە ساڵی ١٩٧٢ جێگری سەرۆکی کۆڕی زانیاری کورد بووه، ناوبراو لەساڵی ١٩٦٧ی زایینی خانەنشین بووە.
 

بەرهەمەكان: یەکەم وتاری لە گۆڤاری گەلاوێژدا لە ژانویەی ١٩٤٠ لە ژێر ناونیشانی «خۆشەویستی نیشتمان» بڵاو کردووەتەوە، لەو باوەڕەدا بوو کە دەبێت ئایین ئاوێتەی نیشتمانی و نەتەویەتی بێت و خەباتی نیشتمانیش پێویستیەکی ئایینی بێت. شێخ محەمەدی خاڵ لە بوارەکانی لێکدانەوه، زمانەوانی، وێژە، ئایین و مێژوو ٤٠ کتێبی لە چاپ داوە.

تەفسیری خاڵ، تەفسیری قوڕئان بە کوردی: (بەرگی یەکەم بەغدا ١٩٦٩) (بەرگی دووەم سلێمانی ١٩٧٢) (بەرگی سێیەم سلێمانی ١٩٧٩) (بەرگی چوارەم سلێمانی ١٩٨١)

فەرھەنگی خاڵ، فەرھەنگی کوردی-کوردی: (بەرگی یەکەم سلێمانی ١٩٦٠) (بەرگی دووەەم سلێمانی ١٩٦٤) (بەرگی سێیەم ١٩٧٦) (پەندی پێشینان بەغدا ١٩٧٥)

 

شایانی ئاماژەیە شێخ محەممەدی خاڵ ١۵ی ژووییەی ١٩٨٩ی زایینی لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و هەر لەم شارە ئەسپاردەی خاک کراوە.