تاریخ: ۱۴۰۱/۵/۳
"نانی پیرۆز" خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"ی بەدەستهێنا
مه‌نسوور جیهانی ـ فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" لە دەرهێنانی ڕەوانشاد "رەحیم زەبیحی" و لە بەرهەمهێنانی "توورەج ئەسڵانی" خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕکێی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە وڵاتی ڕووسیای بەدەستهێنا.
فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد "رەحیم زەبیحی"، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد "توورەج ئەسڵانی" و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد موڤی" MAAD Movie؛ دوای بەشداریی لە فێستیڤاڵە گرینگە جیهانییەکان و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی بەنرخ؛ لە نوێترین و یازدەیەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلمە بڵیندەکان" لە دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" MKFF لە هۆڵی ناوەندی سینەمایی "ئۆکتیابر" Oktyabr و هەروەها لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبورگ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا نمایش کرا و لە لایەن بینەرانی ئامادەبوو لەم ڕووداوە سینەماییە پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بڵندی ئەم فێستیڤاڵە بەدەست بێنێت.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلمە بڵیندەکان"ی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" بریتی بوون لە: "ئیبڕاهیم سەعیدی" دیکۆمێنت ساز، مۆنتێر و دەرهێنەری بەرهەمە بڵیندە سینەماییەکان ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە شاری مەهاباد، "ئەکڕەم هەیدۆ" Ekrem Heydo دەرهێنەری ڕۆژئاوای کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا و دکتۆر "ییلماز ئۆزدیل" Yılmaz Özdil ڕخنەگری کورد و دەرهێنەری سینەما لە وڵاتی تورکیا. 
بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای "تسویر گستر الهە پارسی" (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو "ئیلاهە نەوبەخت"ـە. 
"نانی پیرۆز" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە نیوە بڵیندەکان" Mid-Length لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ "ئیدفا" IDFA لە وڵاتی هۆڵەندا و لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە نیوە بڵیندەکان" لە هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی دیکۆمێنتاری "بیگ ئسکای" Big Sky لە وڵاتی ئەمەریکا بە ناونیشانی یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی سینەمای بەڵگەفیلمی جیهان، لە بەشی پێشبڕکێی "ڤیترینی جیهان" World Showcase لە بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "هات داکس" Hot Docs لە شاری تۆڕێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا فێستیڤاڵی جێگای متمانەی ئاکادیمیای ئۆسکار، لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" شەست و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ترێنتۆ" Trento لە وڵاتی ئیتاڵیا و هەروەها لە بەشی فەرمی "پێشبڕکێی ئاسیا" لە سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمی "دیمز" DMZ وەکوو گرینگترین فێستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاریی ئاسیا لە وڵاتی کۆریای باشوور نمایش کراوە.
ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، تا ئێستا خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی خەڵاتی سەرەکی "ئەو فیلمانەی کە گرینگیان هەیە" The Movies That Matter Award لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی نێونەتەوەیی حەڤەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "زاگڕێب داکس" ZagrebDox لە وڵاتی کڕۆواسیا، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" بیست و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دینی ئەمڕۆ" Religion Today لە شاری تڕێنتۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی قوتابیان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "ئۆلجۆ" Ulju لە وڵاتی کۆریای باشوور، خەڵاتی گەورەی بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی "لەندەن" بە ناونیشانی سینەماکاری کورد "مێهمێت ئاکسوێ" Mehmet Aksoy یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم فێستیڤاڵەی وڵاتی بەریتانیا و هەروەها خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم لە بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلمەکانی سینەمای کوردی" لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "دهۆک" Duhok لە هەرێمی کوردستانی بەدەستهێناوە. 
دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" Moscow بە بەرپرسیاریی خاتوو "گولیزەر گەردەن زەری" Gulizer Gerdenzeri، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نمایشی 54 فیلمی بڵندی سینەمایی، بەڵگەفیلم و کورتە فیلم لە سینەماکارانی 8 وڵاتی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی "کارۆ ئاڕت" لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی "ئۆکتیابر" و لە شاری مۆسکۆ و لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبوورگ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەچوو.