تاریخ: ۱۳۹۵/۱۱/۱۳
وت‌ووێژی تایبه‌تی هاژه له‌گه‌ڵ شاعیر و وەرگێڕی کورد مامۆستا ڕەسووڵ کەریمی "سووتاو"

کاتێک چاو بە سەر شێعر و ئەدەبی موکریاندا دەخشێنی. پێنووسێک خۆی خولیای ئەو ڕێبازە کردووە کە تاپۆی ئەوین تێیدا خۆی وەگەڕ دەخا و دەڵێ:

"هەستی ناخم بە چەشنی دەریایە

نییە توانام کە ساتێ وەیشارم

گژە بای پڕ لە تاوی دڵداری

بۆتە شێعر و ژیان و هاوارم"

 

ڕەسووڵ کەریمی ناسراو به مامۆستا "سووتاو" شاعیری هەست ناسک سەرەڕای هەموو زەحمەت و حەول و تەقەلاکانی، بە هۆی تەنگ و چەڵەمەی ژیان و نەبوونی هەل و مەرج تووانیوێتی تەنیا بەرهەمێکی خۆی بە چاپ بگەیەنێت.

پێگەی هەواڵی هاژە وەک پێزانینێک بۆ سەرجەم تێکۆشەرانی هونەر و ئەدەبی کوردستان وت‌وێژێکی لە‌گەڵ بەڕێزیان پێک هێناوە کە هیواداریم جێی ڕەزامه‌ندی هەموو لایه‌کتانی پێک هێنابێت.

هاژه ـ دیارە هەموومان ناوی مامۆستا سووتاو بیستووە و تا ڕادەیه‌ک له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌کانی ئاشناین، دەتوانن زیاتر خۆتان به خوێنه‌رانی هاژه  بناسێنن؟

ئەمن ڕەسووڵ کەریمی ڕۆژی دووشەممە 10ی خاکەلێوەی 1326ی هه‌تاوی لە مەهاباد لە دایک بووم. ساڵی 1332 لە قوتابخانەی "خەیام" قۆناغی سەرەتایی خوێندنم دەست پێکرد. ساڵی 1336 بە هۆی ئەوەی کە بابم کارمەندی ئیدارەی (دوخانیات) بوو و بۆ شاری بۆکان ڕاگوێزرا هەر لەوێش درێژەم بە خوێندن ‌دا.

ساڵی 1345 بڕوانامه‌ی دیپلۆمم وەرگرت و دواتر لە تاقیکاری کۆنکۆڕ بۆ زانکۆی تاران له ڕشته‌ی "فیزیک" دەرچووم کە دواتر لە سەر داوای خۆم حوکمی ڕاگواستنم بۆ زانکۆی تەورێز وەرگرت. هاتنی من بۆ شاری تەورێز بوو بە هەوێنی ئاشنایەتی لەگەڵ ئەدەبیاتی ئازەری و گەورە نووسەرانێکی وەک سەمەدی بێهڕەنگی‌.

هاژه ـ چۆن بوو کە خولیای شێعر بوون و ئەو هەستەی ئێوە لە کوێ ڕا سەرچاوەی گرت؟

من بۆخۆم لە سەر ئەو بڕوایەم شێعر هەستێکە کە زمان و قەڵەم لە باس کردنی دا لاڵ و بێدەنگە.

کاتێک کە شێعری حافزی شیرازی و سائیبی تەورێزی و فەرهەنگی کوچەی ئەحمەدی شاملووم دەخوێندەوە ئەو هەستەش لە مندا بەدی کرا کە ئەمنیش دەتوانم.هەر بۆیەش کاتێک کە دیتم کە "بەیت، بەند، باو، حەیران، گەلۆ، لایە لایەی دایکان، مەشکە مەشک"ێی کابانەکانمان هەمووی هەر شێعری کلاسیکە، ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە لە سەر ڕەوتی شێعری کلاسیک ڕا دەستم پێکرد.

هاژه ـ یه‌که‌م شێعر کە نووسیتان چ شێعرێک بوو؟

لە ساڵی 1340 پۆلی یه‌که‌می دوا‌ناوەندی بووم کە ساواک هات و سەرجەم مامۆستاکانی قوتابخانەی ئێمەی قۆڵ بەست کرد. هەر لە سەر ئەوەی کە ئەو مامۆستایانە  زەحمەتی فێر کردن و بارهێنانی ئێمە دەکێشن و لە جیاتی ڕێزلێنان بۆ دەبێ بگیرێن. لە سەر ئەو ڕووداوە هاتم یه‌که‌م شێعرم نووسی و بردمە خزمەت مامۆستا حەقیقی کە پێشوازێکی گەرمیان لێکرد.

هاژه ـ بە گشتی چەند بەرهەمتان هەیە؟

پێم‌خۆشە لە پێشدا ئەوەت عەرز کەم کە ئەمن هونەرم لە پێناو خزمەت بە میللەتەکەمدا گرتۆتە پێش و بەو هۆیەوە ویستم کە قەدری قەڵەم ڕاگرم کاتێک کە دەڵێم:

"قـــەڵـــەم ئـــەی پـــڕ لە ڕاز

ئــــەی زبــــانی ڕاز و نـیــــــاز

ئـــەی خۆشــەویستی خودای

بە دەست چەکی تــووڕەی عەرز

قــەڵــەم ئــەی ئـــایەی یــەزدانی

کە لاڵیـش بم تــۆ زمــــــانی"

من 5 دەفتەری شێعری کلاسیکم لە قاڵبی "قەسیدە، غەزەل، قەتعە، دووبەیتی، ڕووباعی، موخەمەس" هەیە، 3 دەفتەر شێعر نوێ، دوو دەفتەر شێعر (وقایع‌نگاری) لە سەر گەلی کورد، (ماهی سیاە کوچولو)ی سەمەدی بێهڕەنگی کە کراوەتە مەنزوومەیەکی کوردی تایبەت بە منداڵان، حەیدەر بابای شەهریار کە لە زمانی ئازەری ڕا کردوومەتە کوردی، وەرگێڕانی تاقمێک لە شێعرەکانی نزار قەبانی، ڕەهی موعەیەری، حافز شیرازی و پەروین ئیعتسامی بۆ سەر زمانی کوردی، وەرگێڕانی کتێبی "مەم و زین" بۆ سەر زمانی فارسی لە ڕووی نوسخە سەرەکێکەیەوە کە 2658 بەیتە کە لە سەرجەم نووسراوەکان و شێعرەکانم تەنیا توانیومە "مەم و زین" چاپ بکەم و ئیمکان و توانایی ئەوەم نەبووە کە نووسراوەکانی دیکەم بڵاوکەمەوە و هیوادارم ڕۆژێک بێ ئەوانیش بە چاپ بگەیەنم.

هاژه ـ ئایا شێعری فارسیشتان هەیە؟

بەڵێ، لانی‌کەم نزیکەی سەد شێعرم بە شێوەی غەزەل، مەسنەوی و باقی قالبەکانی دیکە  به فارسی گووتووە.

هاژه ـ تکایە لە سەر وەرگێڕانی حە‌یدەر بابای شەهریار بۆ سەر زمانی کوردی بۆمان بدوێن، چۆن بوو تەمای ئەو کارەتان گرت؟

ئەو دەم کە لە زانکۆی تەورێز خوێندکار بووم، هەستم کرد کە ئەدەبیاتی ئازەریش وەک ئەدەبیاتی کوردی دەریایەکی بێبنە بەڵام بە هۆی ئەوەی کە زۆرتر بە زمانی فارسی کار کراوە، هەر دوو زمانەکە پڕباری و پتەویەکەی پشت گوێ خراوە.

ساڵی 1369 ڕێزدار کاک "سەلاح ئاشتی" پێشنیاری وەرگێڕانی حه‌یدەر بابای شەهریاری پێکردم، ئەمنیش چۆن لە سەر زمانی ئازەری کارامە بووم زۆر زوو توانیم بۆ سەر زمانی کوردی وەریگێڕمەوە. دواتر وردە وردە پێیدا هاتمەوە و توانیم بە باشترین شێوە وەریگێڕمەوە.هۆی ئەو سەرکەوتنەش بۆ ئەوە دەگه‌ڕێتەوە کە ئەمن فەرهەنگی لادێی و وشەی ڕەسەنی کوردیم بە باشی دەزانی. کاتێک کە لە مانگی گوڵانی 1392 هەمایشی شەهریار لە بورجی میلادی تاران بە بەشداری 53 وڵات بەڕێوەچوو لەو مەڕاسیمەدا هەر وڵاتەی بە زمانی خۆی شەهریاری وەرگێڕابۆوە کە ئەمنیش بە وەرگێڕانە کوردییه‌کەی خۆم توانیم لە بەینی هەموویاندا پلەی یه‌که‌م وەدەست بێنم.

 

هاژه ـ بە بڕوای ئێوە ئەدەبیاتی کوردی و ئازەری تا چ ڕادەیەک لێک نزیکن؟

ئەدەبیاتی هەر دوو نەتەوە لە بواری فۆلکلۆرەوە لێک نزیکن. ئەگەر چاوێک لە هەڵسووکەوتی کۆمەڵایەتی و سوونەتەکانیان بکەی تا ڕادەیەکی زۆر وەک یەک دەچن. ئەگەر ئێمە لە ئەدەبیاتی کوردی‌دا "تیتل و بیبل"مان هەیە، ئازەرییەکانیش ڕێک ئەو چیرۆکەیان بە نێوی "شەنگووڵ و مەنگووڵ" هەیە.

هاژه ـ لەگەڵ کێها یەک لە شاعیرەکان هاتوو چۆتان هەبووە و لە سەر بەڕێزتان کاریگەر بوون؟

لە سەردەمی مێرمنداڵیم کاتێک کە حاجی ڕەحمان ئاغای موهتەدی مامی بابی کاکە سواری ئیلخانی‌زادە کۆچی کردبوو ئەمنیش لەوێ ساڵی 1346 شێعرێکی خۆم خوێندەوە کە کاک سوار زۆری پێ‌خۆش بوو و ئەوە بوو بە هەوێنی هاتووچۆی من بۆ خزمەتیان.

لەگەڵ مامۆستا حەقیقی ڕەحمه‌تیش وەک "مرید و مراد" وا بووین، کاتێکیش کە مامۆستا هێمن لە ساڵی 1343 تەشریفی لە مەهاباد بوو ئەمن ده‌چوومە خزمەتی، هەروەها بۆ ماوەیەکیش لە خزمەت مامۆستا هەژاردا بووم. مامۆستا هەژار کاتێک کە وەرگێڕاوەکەی حەیدەر بابای دیت، زۆری پێ‌خۆش بوو و فەرموویان ئەگەر زانیبایەم ئەو توانایەت هەیە، "خەیام"یشم دەدایەی کە تۆ وەریگێڕێوە.

هاژه ـ مامۆستا بەڕێزت مامۆستای قوتابخانەش بوون و وانەی "فیزیک"تان گوتۆتەوە، چۆن توانیتان ئه‌و دووانه به‌یه‌که‌وە پەیوەندی بدەن؟

من لە سەر ئەو بڕوایەم کە فیزیک و ئەدەبیات هیچ دووریەکیان لێک نیە، بەڵکوو هەر دووکیان جوانی خەلقەت دێنە پێش چاو.

بۆ نەموونە حافز دەفەرمووێ:

(طی مکان ببین و زمان در سلوک شعر                   که این طفل یک شبه ره صد ساله می‌رود)

کە ئەوە هەمان تیشک هاوێژی زەمانی ئەنیشتاینە  و حافز شێعری بۆ هۆنیوه‌تەوە. دەبێ ئەوە بزانین کە فیزیک و شێعر هەر دووکیان ڕووحی مڕۆڤ  ساڕێژ دەکا. ناسینی شێعر لە چاوی فیزیکەوە زۆر لە شێعر ڕازاوەترە، چون سروشت لە شێعر گەورەترە.

هاژه ـ  بۆچی مامۆستا ڕەسووڵ کەریمی، نازناوی شێعری "سووتاو"ی هەڵبژاردووە؟

من لە سەردەمی خوێندکاریدا لەگەڵ خانمێک ئاشنا بووم کە بە داخەوە بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لە دەست‌دا و هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە کۆشکی ئاواتی من بڕووخێ و هەر لە سەر ئەو کارەساتەش دا "سووتاو"م هەڵبژارد.