تاریخ: ۱۴۰۱/۶/۲۲
بازرگانی بە سمۆرەکانی زاگرۆس، خیانەت بە ژینگەی کوردستان

دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان ڕازاوەتەوە بە بوونی ئاژەڵانێکی جۆراوجۆر کە هێندێکیان لە جیهان‌دا کەم وێنەن. سمۆره یەکێک لەم بوونەوەرانەیە کە تا بڵێی بوونەوەرێکی شیرین و کارامەیە بۆ سروشت.

سمۆره گیاخۆره، میوه و سەبزی و دانەوێڵە و توێکڵی داران دەخوا. مانگی ڕێبەندان تاکوو خاکەلێوە، وەرزی جووتبوونیانە. بێچوویەکانیان شیرەخۆرەن، نابینا لە دایک دەبن و تا چەند حەوتوو چاویان ناپشکوێ.  

بەپێچەوانەی ڕای هەندێک، سمۆرە لە تیرەی ئەو ئاژەڵانەیە کە دەستەمۆ ناکرێ، تۆ ناتوانی وەک سەگ یان پشیلە دەستەمۆی کەی و لە ماڵ‌ و لە گۆشەی قەفەزدا یەخسیر ڕایگری. ئەگەر شوێنی مانەوەی ناگونجاو بێ، قەپ دەگرێ، بە چنجڕوک بریندارت دەکا و لە چکۆلەترین دەرفەت‌دا بەرەو سرووشت ڕادەکا.

سمۆرەکان بۆ سرووشت سازکراون، کاریگەرییەکی یەکجار زۆریان لەسەر دارستان و لێڕەوار هەیە، دەنکی بەڕوو، گوێز، فەندوق یان دەنکی هەر دارێک کە میوەی هەبێ لە بن خاک‌دا دەینێژن و ئەو کارەش وایکردووە کە ئەوان بە وەرزێڕانی سرووشت بناسرێن.

بەداخەوە لە چەند ساڵی دوایی‌دا ڕاگرتن و بازرگانی کردن بە سمۆرەکان لە کوردستان و زاگرۆس، بووەتە دیاردەیەکی باو. زۆربوون و پەرەسەندنی ئەم دیاردە قێزەونە وای کردووە کە لە ڕێژەیەکی زۆردا ڕاو بکرێن و بچنە ناو کونجی قەفەز و ماڵانەوە.

بەپێی هەندێک ڕاپۆرت، گروپەکانی قاچاخی ئاژەڵان و گیانلەبەران، هەندێک کەسی خۆجێی بەکرێ دەگرن تا بە پارەیەکی ٥٠ تا ١٠٠ هەزارتمەنی سمۆرەکان ڕاو بکەن، سمۆرە ڕاوکراوەکان لە زاگرۆسەوە بۆ شارە گەورەکانی ئێران قاچاخ دەکردرێن و بە پارە دەفرۆشرێنەوە.

پێویسته ئەنجوومەنە ژینگە پارێزییەکان لەمبارەوە ئاگادارکردنەوەیەکی جیددی بە خەڵک بدەن و فەرمانگە حکومییە پەیوەندیدارەکان چاوەدێرییەکی چڕیان بەسەر بازرگانی و قاچاغی ئەم بوونەوەرانەوە هەبێت. سرووشت بە سمۆرەکانەوە دڵڕفێنە.